کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ وڵاتی زلهێزی ئورووپایی داوایان کردووە ئامریکا گەمارۆی ئابووری دژی ڕێژیمی ئێران پەسند بکات

15:24 - 26 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سێ وڵاتی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە داوایان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کردووە بۆ ماونەوەی لە بەرجام‌دا، گەمارۆی نوێ دژی ڕێژیمی ئێران پەسند بکات.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە سێ وڵاتی زلهێزی ئۆرووپایی پێشنیاریان بە ئامریکا کردووە بە جێگای ئەوەیکە لە ڕێککەوتنی بەرجام‌دا بچێتە دەر، گەمارۆی نوێ دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پەسند بکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆیتێرز ناوی کەسانێک لە لیستەی نوێی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکادا دەبینرێت کە لەگەڵ بەرنامەی مووشەکیی ئێران هاوکاری دەکەن یان لە سووریەدا دەستێوەردان دەکەن.

سەرکۆماری ئامریکا ساڵی ڕابردوو باسی لەوە کردبوو کە پێبەندیی ڕێژیمی ئێران بە ڕێککەوتنی ناوکی تەئید ناکات و باسی لەوەش کردبوو ئەگەر لەبارەی بەرجام لەگەڵ لایەنە یەکگرتووەکانمان و کۆنگرە نەگەینە ڕێککەوتن، ئەو ڕێککەوتنامەیە هەڵدەوەشێنێتەوە.

دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەنجام دا و ئەوەش هەڵوێستی توندی بەرپرسانی ئامریکایی بەدواوە بوو.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا تا ئێستا بۆ بەرەنگاربوونە دژی بەرنامەی مووشەکیی بالێستیکی ئێران و چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەدا گەمارۆی ئابووری دژی ئەو ڕێژیمە پەسند کردووە.

بڕیارنامەی ٢٢٣١ کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ٥+١ دا واژۆ کراوە باس لەوە دەکات کە، لە ڕۆژی واژۆکردنی بڕیارنامەکە تا ٨ ساڵ دواتری، کۆماری ئیسلامی مافی ئەوەی نییە کە هەر چەشنە چالاکییەک لە پەیوەندی لەگەڵ مووشەکی بالێستیک ئەنجام بدات کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەبێت.