کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان کۆ بوونەوە

14:47 - 27 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و کۆمەڵێک پرسی تایبەت به کوردستیانیان تاوتوێ کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان، بە سەرپەرەستیی باپیر کامەلا سەردانی بنکەی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن شاندێکی حیزب بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزب پێشوازییان لێ کرا.

لەو دانیشتنە فەرمییەدا باپیر کامەلا، ئامانج لە سەردانەکەی پیرۆزبایی کردن بە بۆنەی ١٦ـەمین کۆنگرە حیزب و هەڵبژاردنی مستەفا هیجری بە لێپرسراوی گشتی ڕاگەیاند و هیوای بۆ سەرکەوتنی ڕێبەری نوێی حیزب لە بەئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی کۆنگرەی دەربڕی.

کامەلا، هەروەها باسێکی لەسەر خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕۆڵی خەباتگێڕانە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و بەتایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و جێگە و پێگەی حیزب لە ئێران و کوردستان پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، باس و تاوتوێ کردنی دۆخی کورد لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئوکتوبری ٢٠١٧ بوو، لەم باسەدا لەسەر هاوکارییە ناوچەیییەکانی دەوڵەتەکانی عێراق، تورکیە و ئێران و دژی پرسی کورد و پرۆسەی دێموکراسی ناوچە بوو، هەر دوولا لەو باوەڕە بوون، کە پرسی کورد لە ناوچەکە هەنووکە لە ئاستێکدایە، کە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی فاکتەرێکی شوێندانەرە و دۆخی سیاسی ئەوە دەخوازێت، کە کورد نێوماڵی خۆی ڕێک بخات، هەتا لەم ئاڵوگۆڕە سیاسییانەدا بتوانێت، بە مەبەستە سیاسی و نەتەوەیییەکانی بگات.

لەو دیدارەدا، مستەفا هیجری باسێکی لەسەر کۆنگرەی ١٦ی حیزب و ئاڵوگۆڕە سیاسی، ڕێکخراوەیییەکانی حیزب و کار و بەرنامەی حیزب بۆ خەبات و تێکۆشانی حیزب لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد.

هیجری لە باسەکەیدا ئاماژەی بە هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و هەوڵەکانی حیزب بۆ بەرینتر کردنی هاوکارییەکان لە ئاستی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری ئێران کرد و ئاکامی ئەو هەوڵ و تەقەلایانە دامەزراندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بوو، کە دەتوانێ هەنگاوێکی کاریگەر بێ، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی و نەتەوەیی لە کوردستانی ئێراندا.

لە کۆتاییدا بەڕێزیان سپاسی باپیر کامەلا و شاندی یاوەری کرد و لەسەر پێوەندیی حیزبی دێموکرات و پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان جەختی کردەوە.

border=0
حیزبی دێموکرات و پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان کۆ بوونەوە