کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە شاری ئەهواز بەردەوامن و ڕێژیم ئەم شارەی میلیتاریزە کردووە

22:29 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکانی شاری ئەهواز دژی بێڕێزی‌کردن و لەبەرچاونەگرتنی نەتەوەکانی ئێران لە ناوەندەکانی دەنگ و ڕەنگی رێژیم بەردەوامی هەیە و ڕێژیم شاری ئەهوازی میلیتاریزە کرد.

دەسپێكردنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شاری ئەهواز بەهۆی هەڵاواردنی ڕەگەزی بەرانبەر هاووڵاتیانی عەرەب کە دواجار لە بەرنامەی کلاه قرمزی خۆی نواند، گرتن و لێدانی بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئەم ناوچانە و زیادکردنی فەزای پۆلیسی لێکەوتەوە.

بەپێی دوایین گرتە ڤیدیۆییە بلاوکراوەکان، هەنووکە فەزای شارەکانی پارێزگای خوزستان و بەتایبەت شاری ئەهواز بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و دژی گەلییەکانی ڕێژیم بەمەبەستی ترساندنی خەڵکی ڕاپەڕیو سەرقاڵی مانۆڕدانن.

ئەمەش دوابەدوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری ئەهواز و شارەکانی ئابادان و ماهشەهر خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و وێڕای دانی درووشم لەدژی ڕێژیم، دیوارەکانیان بە درووشمی مرگ بر خامنەای ڕازاندۆتەوە.