کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوربانیانی شەڕی ٨ ساڵە دیسان قوربانی دەبنەوە

17:16 - 18 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا باسی دابین کردنی هەموو ئیمکاناتێک بۆ قوربانیانی شەڕی ٨ ساڵە دەکات، کە قوربانیانی ئەو شەڕە زێدەخوازانەی ڕێژیمی ئێران لەوپەڕی پەراوێزخراویدان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قەیرانی ماڵیی هەموو دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئێران یەک لەوانە ئیدارەی بە ناو بنیاد شهید و ایثارگرانـی گرتووەتەوە و قوربانیانی ئەو شەڕە دەبێ دیسان باجی ئەو شەڕە بدەنەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە، دوو ئیدارەی بە ناو بنیاد شهید و ایثارگران کە ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدانی بیری ئیدئۆلۆژیکی خۆی کەڵکی لێوەردەگرێت، بەڵام ئەو ئیدارانه هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ زیان‌وێکەوتوانی ئەو شەڕه دابین ناکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە، دوای خوزستان ناوچە کوردنشینەکان زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە بوونەتە قوربانی شەڕی زێدەخوازانەی ٨ ساڵەی خومەینی و کوردستان جیا لە زیان‌بەرکەوتوانی ارتوپدی قوربانیی شیمیاییشی زۆرە.

ئەو هەواڵنێرەی کوردستان میدیا باسی لەوەش کردووە، شارەکانی سەردەشت، مەریوان، نۆدشه و هەندێک له گوندەکانی ناوچەی قەڵخانی و پارێزگای ئیلام زۆرترین قوربانیی چەکی شیمیاییان هەیە کە دوای تێپەڕبوونی ٣٠ سال تا ئێستاش خەڵکی ئەو ناوچانە ڕەنج و ئازارەکانی دەچێژن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەدا ڕایگەیاند: خاڵی جێگای سەرنج، سەرەڕای هەموو کێشە و گرفتەکانی ئەو قوربانییانە، سیاسەتی غەیرە ئەخلاقی و دوور لە مرۆڤایەتی دوو ئیدارەی بە ناو بنیاد شهید و ایثارگرانـی ڕێژیمە کە قوربانییان دەبێ بۆ چارەسەریی پزیشکی حەوت خانی ڕۆستەم تێپەڕ بکەن.

ئەو هەواڵنێرە ڕایگەیاندووە کەمئەندامان بە سێ شیوە دابەش کراون ٥ تا ٢٠ لە سەد، ٢٥ تا ٥٠ لە سەد و ٥٠ تا ٧٥ لە سەد کە هەر کام لە بەشانە ئیمکاناتی تایبەت بە خۆیان هەیە و زیاترین کەمئەندامەکانی ڕێژیمیش لە بەشی یەکەمدان. ئەو کەسانە بە هۆی نەبوونی ئیمکانات و دەسپێڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی ژیانێکی خراپیان هەیە و تەنیا دفترچه درمانییان هەیە.

بەشی دووهەم کە ئەگەر تەمەنیان ژێر ٤٥ ساڵ بێت مووچەی مانگانەیان پێ نادرێت و تەنیا دفترچه درمانی، وامی مەسکەن و هەندێک شتی سەرتاییان بۆ دابین دەکرێت.

بەڵام لەنێوان قوربانیانی شیمیایی لە کوردستان که زیاتر سیپەلاکیان زیانی پێگەییوە و چارەسەریی پزیشکییان سەختە، ڕێژیم جیاوازییەکی زۆر دادەنێت و هیچ ماف و ئیمکاناتێکیان بۆ دابین ناکات.

ئەو کێشەیە لە کاتێکدایە کە ڕێژیم تووشی قەیرانی ئابووری بووە و بەهۆی مایەپووچ بوونی شیرکەتی بیمە ایران و گرێبەستی نوێ لەگەڵ بیمە دی سەرجەم کەمئەندامەکانی ڕێژیم لە خزمەتگوزاری بێبەشن.