کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکوتی نرخی ئەرز بۆ بەهێزکردنی قاچاخچییەکانە

17:03 - 19 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: هەڵاوسانی بازاڕی ئەرز لە ئێران بەردەوامە و لە یەکەم ڕۆژی کاریی لە ساڵی ٩٧دا نرخی دۆلار گەیشتە ٥٢٠٠ تمەن.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، نرخی دراوە بیانییەکان لە ئێراندا بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە و جگە لە دۆلار، نرخی دراوەکانی وەک یۆرۆ، پۆند، لیری تورکیە و دێرهەمی ئیماراتیش زیادیان کردووە.

لەمبارەوە تەهماسب مەزاهێری، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی ڕێژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دنیای اقتصاد باسی لەوە کردووە کە لە بیاڤی ئەرزدا، ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵە کە سیاسەتی سەرکووتی نرخی ئەرز بە کەڵک وەرگرتن لە خراپترین و سەرەتایی‌ترین شێوازەکانی هەرزانفرۆشی سەرچاوەکانی ئەرز درێژەی هەیە کە ئەم هەنگاوە نابەجێیە، کردارێکە لەدژی سیاسەتی بەرهەمهێنان، دژ بە هەناردەکردن، هاندەر بۆ قاچاخ و قاچاخچییەتی و هێمایەکە بۆ لاوازکردنی زیاتری کەرتی سەرمایەدانان و بەرهەمهێنان.

بەوتەی ناوبراو ئەگەرچی سەرکووتی ئەرز، ژیانی خەڵکی ئاسایی تاڵ کردووە و تەنیا لە ٣ مانگی ڕابردوودا یەک لەسەر سێی دارایی و دەسڕەنجی خەڵکی سووتاندووە، بەڵام هەندێک کەس کە دەستیان بە ئەرزی سوبسیدی ڕادەگات قازانجی باشی لێدەکەن.

لە ئێراندا ئەو کەسانەی کە دەستیان بە ئەرزی سوبسیدی ڕادەگات بریتین لە کارتێلە ئابوورییەکانی سپای پاسداران کە هاوکات ڕێبەریی گەورەترین باندەکانی قاچاخیش دەکەن و ساڵانە لەم بازاڕەدا سەدان میلیۆن دۆلار قازانج دەکەن.