کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵانی ئاسەوارە مێژوویییەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەردەوامە

17:19 - 20 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: تاڵان و لەنێوبردنی ئاسەوارە مێژوویییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە درێژەی لەنێوبردنی شوێن و ئاسەوارە مێژوویییەکاندا ئەمجارە بە ماشینی قورس وەک بۆڵدزێر و ئەتڵەس ئەو شوێنانە هەڵدەکەنن و لەنێوی دەبەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، بە یارمەتیی دەستوپێوەندییەکانی خۆیان لە کوردستان، شوێنە مێژوویییەکان بە مەبەستی دەرهێنانی ئاسەواری مێژوویی هەڵدەکەنن و بۆ دەرەوەی وڵاتی دەبەن.

لەو باریەوە تا ئێستە خەڵکی کوردستان چەندین جار ناڕەزایەتییان لەهەمبەر بەتاڵانبردن و لەنێوبردنی ئەو شوێنەوارە مێژوویییانەیان دەربڕیوە، بەڵام هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

پێشتریش هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو بارەیەوە ڕایگەیاندبوو، کە لە ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی شاری مەهاباد، کارمەندانی ئەو ئیدارەیە خۆیان دەستیان لە دزین و تاڵانکردنی میراتە مێژوویییەکاندا هەیە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا گووتبووی: ئا، شین و کاف، ئا، دوو کارمەندی ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی شاری مەهابادن، که خۆیان لە مۆرەکانی سەر بە ڕێژیمن و دەستیان لە تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژوویییەکاندا هەیە.

زۆربەی ئاسەوارە مێژوویییەکان لە کوردستاندا لە لایەن کەسان و مۆرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تاڵان دەکرێت و سپای پاسداران یەکێک لە سەرەکیترین مافیای بازرگانیی ئاسەوارە مێژوویییەکانه.

کارناسانی ئاسەوارناسی لەو باوەڕەدان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستا نەک هیچ هەنگاوێکیان لەمەڕ پاراستنی ئاسەوارە مێژوویییەکان هەڵنەگرتووە، بەڵکوو خۆیان بەشێک لە هۆکاری ڕووخان و لەنێوچوونی ئەو ئاسەوارانەن.

سیاسەتی پشتگوێخستنی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بارەی ئاسەوارە مێژوویییەکان وای كردووە، كە ڕەوتی لەنێوچوونی میراتە مێژوویی و فەرهەنگییەكانی ئێران و بەتایبەت کوردستان خێراییەكی زۆری بە خۆوە گرتووە.