کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی لاوازی لوبنان بە هۆی ڕێژیم ئێران و حیزبوڵڵاوە، هەوڵی بووژاندنەوەی دەدرێت

22:08 - 20 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کۆنفڕانسی یارمەتی ماڵی بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی لوبنان، توانی ڕێژەیەکی بەرچاو یارمەتی بۆ ئەو وڵاتە کۆ بکاتەوە.

وڵاتانی جیهانی بە مەبەستی چارەسەریی قەیرانی ئابووریی لوبنان لە پاریس لە دەوری یەک کۆ بوونەوە.

بە مەبەستی بووژاندنەوەی ئابووریی لوبنان، ڕۆژی هەینی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆنفڕانسی سەدر لە پاریس بەڕێوە چوو، لەو کۆنفڕانسەدا بڕی یازدە میلیارد دۆلار وام لە لایەن بانکی جیهانی و هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو یارمەتیی نەختی و ماڵی بۆ ئەو وڵاتە دیاری کراوە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، وێڕای پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ئەو کۆنفڕانسە ڕایگەیاندووە: کە وڵاتی لوبنان بە هۆی حەشیمەتی بێوێنەی ئاوارە سووریەییەکان و هەروەها کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان تووشی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووە و ئابوورییەکی لاواز هەیە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە: ئامریکا بە پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ خەڵکی لوبنان شانازی دەکات و پشتگیری لە هەوڵەکانی لوبنان دەکات بۆ بەهێز کردنی بونیاتە فەرمییە حکوومەتییەکانی و هەروەها ناوبراو بە نیسبەت کاریگەریی نەرێنی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای حیزبوڵڵای لوبنانەوە هۆشداری داوە.

سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کۆنفڕانسی سەدری بە دەسپێکێک بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی داڕماوی لوبنان ناو بردووە.

ئابووریی لوبنان بە هۆی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی سیاسی لەو وڵاتە و شەڕی هەشت ساڵەی سووریە، زەبری زۆری بەر کەوتووە و زیاتر لە یەک میلیۆن پەنابەری سووری کە بە هۆی شەڕی سووریەوە ئاوارە بوون، لەو وڵاتەدا دەژین.