کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمساڵ ئاو و کارەبا جیرەبەندی دەکرێت

22:10 - 20 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: وەزیری وزەی ڕێژیم، بە نیسبەت جیرەبەندیی ئاو و کارەبا لە ئەمساڵدا هۆشداری داوە.

ڕەزا ئەردەکانیان، وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە پرێسکونفڕانسێکدا، باسی لەوە کردووە، کە بە هۆی کەمی بەرهەمهێنانی کارەبا و کەمئاوی، ئەگەری زۆری هەیە کە ئەمساڵ پچڕانی ئاو و کارەبا لە ئێراندا ڕوو بدات.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە بەکارهێنانی زۆری ئاو و کارەبا لە لایەن خەڵکەوە، هۆکاری سەرەکیی پچڕانی ئاو و کارەبایە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە هەندێک ناوچەی ئێراندا کە بارودۆخی نائاسییان هەیە تێیاندا ئاو و کارەبا جیرەبەندی کراوە.

لە حاڵێکدا کە ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، خەڵکی ئێران بەوە تاوانبار دەکات کە ئاو و کارەبا زۆر بەکار دەهێنن، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە بیر نەکردنەوە لە داهاتوو و گواستنەوەی ئاو و پرۆژە نازانستییەکانیان، هۆکاری سەرەکیی کەمئاوی و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێرانن.

ڕێژیمی ئێران کە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشانە نابیننەوە، دەستی کردووە بە گوشارهێنان بۆ سەر خەڵک و دەیەوێت لە ڕێگەی جیرەبەندی و قەدەغەکردنی کشتوکاڵ لە زۆر ناوچەدا و هەروەها سازکردنی ناشارەزایانەی بەنداو کێشەکان چارەسەر بکات.