کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری داڕمانی ئابووریی ئێران لە ئارادایە

17:01 - 22 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە کەم‌بوونەوەی بایەخی دراوی ئێران زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە ریاڵەکانی خۆیان گۆڕیوەتەوە بۆ دۆلار؛ لەم کەشوهەوادا زۆربوونی نرخی ئەرز، گوشاری هەڵاوسان و بێکاری ئەگەری داڕمانی ئابووریی ئێرانیان بەهێز کردووە.

ڕۆژنامەی وال‌ستریت ژورناڵ لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی ئابووریی و سیاسی ئێران نووسیویەتی: سەفی دوورودرێژی خەڵک بۆ کڕینی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی ئەرزە بیانییەکان، گوشارەکانی بۆ سەر ئابووریی کۆماری ئیسلامی زیاتر کردووە؛ هەڵاوسان لە ئێراندا دوو ڕەقەمییە و نرخی بێکاری سنووری هۆشداری بەزاندووە، ئەمانە فاکتەرگەلێکن کە کۆماری ئیسلامییان خستۆتە لەرزەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: نیگەرانییەکان ئەو کاتە زیاتریش دەبنەوە کە دانڵد ترامپ بەتەمای کشانەوە لە رێککەوتننامەی ناوکییە و ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، تەحریمی زیاتر و نوێ بەدژی ڕێژیمی تاران دەس پێدەکاتەوە کە ئەوەش گوشارەکان بۆسەر ئابووریی ئێران چەند قات زیاتر دەکات.

وال‌ستریت ژورناڵ پێشبینی دەکات لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم دۆخە ئابووریی ئێران تووشی داڕمان ببێت.

بەرپرسانی ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵ کردنی وەزعی بازاڕی ئەرز بڕیاری وەک تاک‌نرخی کردنی دۆلاریان داوە و دەڵێن هەر کەسێ زیاتر لە ١٠ هەزار یۆرۆ ئەرزی نەختی هەبێ بە قاچاخ ئەژمار دەکرێت و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە ئابووریناسانی سەربەخۆ لەسەر ئەو باوەڕەن کە دۆخی هەنووکەیی بازاڕی ئەرز و سەرمایە لە ئێران و بەردەوام بوونی ئەم شێوازە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران، دەبێتە هۆی درووست بوونی چەندین بازاڕی هاوتەریب لە ئێراندا کە ئەمە لووتکەی تراژێدیاکەیە!

بەوتەی مۆرتزا ئۆفۆقێ، ئابووریناس، ڕێکارەکانی دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵی بازاڕ، جیا لەوەیکە پشتی چینی هەژار و کەمداهات دەشکێنێ، دەبێتە هۆی لەکیس چوونی هێزی کڕین و دابین کردنی بژێوی ژیان بۆ چینی مامناوەندی کۆمەڵگە بە ڕێژەی ٣٠%.