کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و فەڕانسە و بریتانیا لەسەر وڵامدانەوە بە کیمیابارانی شاری دووما ڕێک کەوتن

22:19 - 22 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: سێ وڵاتی ئامریکا و فەڕانسە و بریتانیا، لەسەر ئەوەی کە بە بۆنەی کیمیاباران کردنی شاری دووما لە ناوچەی غووتەی سووریە، لە لایەن هێزەکانی بەشار ئەسەدەوە، وڵامێکی بەجێ بدەنەوە، ڕێک کەوتوون.

ئەگەرچی وڵاتی ڕووسیە، لێکۆڵینەوەی زیاتری لەمەڕ هێرشە کیمیاییەکانی دوومای ڤێتۆ کردووە، بەڵام دانڵد ترامپ و ماکرۆن و تێزارمەی لە چەندین وتووێژی تەلەفۆنیدا ڕێک کەوتوون، کە لە هەمبەر بەرپرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە شاری دووما لە غووتەی ڕۆژهەڵات لە سووریەدا، دژکردەوەیەکی هاوبەشیان هەبێت.

لەم پێوەندییەدا، دانڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە، رایگەیاندووە، هۆکاری ئەم هێرشە ڕووسیە بێت، یان بەشارئەسەد و یان ڕێژیمی ئێران ئاشکرا دەکرێت.

ئەمانۆئێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەڕانسەش لەسەر ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ترامپ وتوویەتی: هێرش دەکرێتە سەر بنکە کیمیاییەکانی بەشار ئەسەد.

بوریس جانسۆن، وەزیری دەرەوەی ئینگلیزیش وتوویەتی: لە حاڵەتی دژکردەوە لە هەمبەر هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر دووما، هەڵبژاردەیەکی زۆر لە بەردەست دەبێت و لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، کە هێرشەکان بە شێوەی ئاسمانی دەبێت.

هەروەها لە پێوەندیی لەگەڵ بەرنگاربوونەوە لە بەرانبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ئەمانۆئێل ماکرۆن و شازادە محەممەد سەلمان، وەلیعەهدی عەرەبستان چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.