کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا دژی ڕێژیمی ئێران بڕیار دەدات

23:35 - 27 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵ دایە گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پەرە پێ دەدات.

ماڵپەڕی ئێشپیگێل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵ دایە گەمارۆی ئابووری دژی ڕێژیمی ئێران، بە هۆی دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە سووریەدا پەرە پێ بدات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەدا بڕیاریان داوە کە دژی ڕێژیمی ئێران گەمارۆی نوێ پەسند بکەن و بەم شێوەیەش پێش چوونەدری ئامریکا لە بەرجام بگرن.

یەکیەتیی ئورووپا بە پێشنیاری کۆمیتەی سیاسی و ئەمنییەتی ئەو یەکیەتییە، لە هەوڵ دایە ژمارەیەک کەسی حەقیقی و حقووقی بخاتە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە.

دیپلۆماتە ئورووپاییەکان، پەسندکردنی ئەو گەمارۆ ئابوورییانە دژی ڕێژیمی ئێران، بۆ پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە بەشار ئەسەد دەگەڕێننەوه.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، شوڕای ئورووپا لە دانیشتنی خۆیدا، بڕیاری دا کە گەمارۆ ئابوورییەکانی کە به نیسبەت پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە خستوویەتە سەر ٨٢ کەس و یەک شیرکەت، بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکەی درێژی کردەوە.

ئەو گەمارۆ ئابوورییانە ساڵی ٢٠١١ی زایینی دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کراون و هەموو ساڵێک دژی ئەو ٨٢ کەس و شیرکتە درێژ کراونەتەوە.

پەسندکرانی گەمارۆ ئابوورییەکان لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە دژی ڕێژیمی ئێران، لە سەر بارودۆخی ئابووری ئێران کاریگەری خراپی داناوە و ئابووریی ئەو وڵاتەی بەرەو هەڵوەشانەوە بردووە.