کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرمای زستانی، میوانی نەخوازراوی بەهار بوو

22:49 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لەم چەند ڕۆژەی دواییدا شەپۆلێکی بەفر بارین شارەکانی کوردستانی سپی پۆش کرد.

لە چەند ڕۆژەی دواییدا شەپۆلێکی بەفر و باران شارەکانی کوردستانی گرتەوە کە نیگەرانیی هاووڵاتیانی ئەم ناوچانەی لێکەوتەوە، بارینی بەفر لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان دەستیان بە کاری کشتوکاڵی کردووە و زۆرێک لە دار و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش لە سەرەتای چرۆکردن دان.

هاتنی ئەم شەپۆلەی بەفر و باران و دابەزینی لەناکاوی پلەکانی گەرما لە زۆرێک لە شارەکان بووە هۆی زیان گەیاندن بە باغات و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، کە سەرەڕای سەرمابردنی بەشێک لە بەرهەمەکان، بووەته هۆی لە ناوچوونی چرۆی دارەکانیش.

بە وتەی دانیشتوانی ناوچەی شاری شنۆ، باغاتی ئەم ناوچەیە بە هۆی ئەم بارینانەوە تووشی خەسارێکی زۆر هاتوون و گومان دەکرێت کە ئەم سەرما لە ناکاوە بووبێتە هۆی زیان گەیاندن بە بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی شارەکانی دیکەی کوردستانیش.

ساڵانە بڕێکی زۆر لە بەرهەمی جوتیارانی شارەکانی کوردستان بەهۆی گۆڕانی لە ناکاوی ئاو و هەوا و نەبوونی کەل و پەلی پێویستی کشتوکاڵی تووشی خەسار دەبن و ئەم خەسارانە بە هۆی نەبوونی بیمە و هەرەوەها کەمتەرخەمیی ڕێکخراوی جهاد کشاورزی و ناوەندەکانی دیکەی ڕێژیمی ئێرانەوە، بۆ جوتیاران قەرەبوو ناکرێتەوە.