کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی دیسان دەیەوێت دەستە چەورەکەی خۆی بە وڵاتانی دەرەکی بسڕێت

22:45 - 30 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، وەکوو هەمیشە تاوان و سیاسەتە چەوتەکانی خۆی و ڕێژیمەکەی وە ئەستۆی وڵاتانی دەرەکی خست.

خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ فەرمانبەران و کاربەدەستانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە ئەو پێی وایە ڕێژیم تووشی شەڕێکی ئەمنییەتی بووە.

ناوبراو، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار وەکوو پێوانەی بێبایەخ بوونی دراوی ئێرانی، کە سەرەکییترین کاڵای ئێرانیــیە و هەروەها گۆڕینی باوەڕی خەڵک وەکوو پێوانەیەک بۆ گۆڕینی شێوازی ژیانیانی بۆ تەشەنەی دوژمنان و کەمتەرخەمیی و بیرکردنەوەی ساکارانەی بەرپرسانی ڕێژیمی گەڕاندەوە.

بەپێی ماڵپەڕی ڕاگەیەندراوی نووسینەگەی پاراستن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە لێدوانی بۆ وەزیر و کاربەدەتسانی ئیتلاعاتی ئەو ڕێژیمە، پێی وایە، شەڕێکی ئەمنییەتیی بەرین بەرۆکی ئەو ڕێژیمەی گرتووە.

خامنەیی نیگەرانیی خۆی بەم شێوە دەربڕیوە: ئێمە کەوتووینەتە شەڕێکەوە، کە لایەنێکی کۆماری ئیسلامییە و لایەنێکی دیکەی بەرەیەکی بەربڵاو و بەهێز لە دوژمنانە، لەم شەڕەدا دوژمن لە شێوازگەلێکی جیاواز وەکوو: تەشەنە و دزینی زانیاریی، گۆڕینی بەراوردەکانی بڕیاردەران، گۆڕاندنی باوەڕەکانی خەڵک، نالەباریی ماڵی و ئابووری و پێکهێنانی بشێوی ئەمنییەتی کەڵک وەردەگرێت.

ڕێبەری ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، داوای لە کاربەدەستانی ئیتلاعات کردووە، کە لەم شەڕەدا گەڵاڵەی هێرشبەرانە بگرنە بەر و وتوویەتی: بۆ ئەوەی بە سەر دوژمندا زاڵ ببن، دەبێت جگە لە بەرگری کردن، گەڵاڵە هێرشبەرانەش بگرنە بەر، بە جۆرێک کە گۆڕەپانی شەڕەکە لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتییەکانی ئێمەوە دیاری بکرێت.

باس لە تەشەنەی دوژمن لەم لێدوانەی خامنەیی، سێ ساڵ پاش واژۆکردنی بەرنامەی بەرجام دووپات دەبێتەوە و ئەمە نیشانەی نیگەرانیی و هەروەها خۆدزینەوەی خامنەیی لە کردەوە و سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمە، کە دەیەوێت دەست چەورەکەی خۆی بە کەسانێکی دیکە بسڕێت.