کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توندتربوونەوەی هەڕەشەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئیسرائیل

16:31 - 1 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، بەتەواوەتی ئاخاوتن و ئاراستەکانیان بەرەو ڕوودانی شەڕ هەنگاو هەڵدەگرێت.

جێگری فەرماندەی سپای پاسدارانی ئێران، ئیسرائیلی بە وڵاتێکی بێڕیشە و بەبێ ڕابردوو ناو بردووە و لە بەرانبەردا، بنیامین نێتانیاهووش ڕایگەیاندووە، کە ئەرتەشی وڵاتەکەی بە تەواوەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمی ئێران ئامادەیە.

لەگەڵ توندبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر، ڕۆژی هەینی ٣١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، سەردار سەلامی، لە نوێژی هەینی تاراندا ڕوو لە ئیسرائیل وتوویەتی: ئێوە هیچ ڕیشە و بنەمایەکتان نییە و لە زاری ئەژدەهادا دەژین، ئێمە بەتەواوەتی ئاگامان لە ئێوەیە و دڵنیابن لەگەڵ دەستپێکی شەڕ، لە گۆی زەوی دەتانسڕینەوە.

ناوبراو هەروەها ‌ڕایگەیاندووە: هێزەکانی حیزبوڵڵا ئێستە وەکوو جاران نەماون و زۆر بەهێزترن، ئێوە تەنیا ڕێگایەک کە هەتانە ئەوەیە کە لە ڕێگای زەریاوە هەڵبێن.

لە بەرانبەر ئەو ‌هەڕەشە و سووکایەتییانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بنیامین نێتانیاهوو ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندووە، کە ئەرتەشی ئیسرائیل بەتەواوەتی خۆی بۆ هەر جۆرە هەڕەشە و هێرشێکی ڕێژیمی ئێران ئامادە کردووە و بەدڵنیاییەوە ڕێژیمی ئێران نرخێکی زۆر قورس دەدات.

زێدەبوونی هێژمۆنی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و بەرفراوان بوونی بنکەکانی سەربازیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە، ئیسرائیلی تووڕە کردووە و بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، کە ناتوانێت ڕێژیمی ئێران لە نزیک سنوورەکانی خۆی قەبووڵ بکات.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ٢٤ی خاکەلێوە، کاتی هێرشی ئامریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر سووریە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل چەندین بنکەی سەربازی و یەک لەوان فڕۆکەخانەی تی–٤یان کردە ئامانج و خەسارێکی زۆریان بە سپای پاسداران گەیاندووە.