کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسدار سەلامی بۆ شاردنەوەی کێشەکانی ئێران پەلاماری وڵاتانی دیکەی دا

16:55 - 1 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: جێگری فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی رێژیم لە ئاخاوتنی نوێژی هەینی تاراندا لە چوارچێوەی سیاسەتی شاردنەوەی گرفتە مەعیشەتییەکانی خەڵکی ئێران پەلاماری وڵاتانی ئامریکا، عەرەبستان، ئیسرائیل، بریتانیا و فەڕانسەی دا.

پاسدار حسەین سەلامی لە نوێژی هەینی تاراندا وێڕای هێرش کردنە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و هەڕەشەکردن بۆ لەنێوبردنی ئەم وڵاتە، لە دووتوێی کۆمەڵێک قسەی چەواشەکارانەی پێکەنیناوی پەلاماری هەر کام لە وڵاتانی ئامریکا، عەرەبستان، ئیسرائیل، بریتانیا و فەڕانسەی دا و وتی: کێشە ئابوورییەکان ناتوانن ببنە هۆی دوورکەوتنەوەی خەڵکی ئێران لە ڕێژیم، چوونکە خەڵکی ئێمە لە کێشەکان گەورەترن!

وەک دڵسۆزییەکی گاڵتەئامێزیش بۆ خەڵکی ئامریکا وتوویەتی: ئێوەی ئامریکایی بە ٤٠ میلیۆن خەڵکی ژێر هێڵی هەژاری بەتەمای چین؟ ئێوە دەزانن کە خەڵکی ئێران زۆر لە ئێوە باشتر دەژین؟ لە ئێوە ڕازاوەتر جل دەپۆشن؟ لە ئێوە باشتر دەخۆن و دەخۆنەوە؟ و باشتر لە ئێوەش دەتوانن بچنە سەفەر؟

ئەم قسە پێکەنیناوییانەی سەلامی کە سەرلەبەری دژ بە کەتوارەکانی نێو کۆمەلگایە، لە کاتێکدان کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە ٤٠ میلیۆن لە حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، زیاتر لە ١٢%ی خەڵک بێکارن و هەڵاوسانیش دوو ڕەقەمییە!

لە درێژەی ئەم قسانەیدا وتوویەتی: بە بریتانیایی و فەڕانسەوییەکان دەڵێین بڕۆن چارەسەری کێشە ئابوورییەکانی خۆتان بکەن؛ ڕوو لە سعوودیەش دەڵێین زیاتر لە ٣٥%ی خەڵکەکەتان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین بڕۆن فکرێک بۆ ئەوان بکەنەوە!

ئەم قسانەی سەلامی لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ڕابردوو بەملاوە بەردەوام خەڵکی شارەکانی ئێران هەرجارەو بە هۆکارێک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بەهۆی گرانی، بێکاری، هەژاری و دۆخی نەشیاوی ژیان دژ بە تەواوییەتی ڕێژیم درووشمیان داوە و وەک چاودێرانی سیاسی دەڵێن ڕێژیمی تاران لە نێوەڕۆکی خۆیدا لە مانا بەتاڵ بووەتەوە و هیچ جێگە و پێگەیەکی لای خەڵک نەماوە.