کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی ١٦، بۆ ڕێکخراوە پێشەییەکانی مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

23:53 - 1 بانەمەڕ 2718

پەیامی کۆنگرەی ١٦، بۆ ڕێکخراوە پێشەییەکانی مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

مامۆستایانی تێکۆشەری سەنگەری زانست و پەروەردە


کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات ) وەک هەمێشە ڕێز لە پشتیوانی و هاودەنگی و هاوخەباتیی ئێوە مامۆستایانی قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زانکۆکانی کوردستان و ئێران دەگرێ و وەک پێشمەرگەی شار لە سەنگەری پەروەردە و زانستدا پێداگری دەکاتەوە. کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکرات بە جۆرێک کۆنگرەی قوتابیانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازی و پەروەردەی دەستی مامۆستایانی قوتابخانه و زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە لە پێناو ماف و ئازادیی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هیچ فیداکاری و خۆنەویستییەک درێغییان نەکردووە و هەمێشە لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕشگێران و خەباتگێڕانی و نیشتمانپەروەران و ئازادیخوازانی نەتەوەکەماندا بوون؛ بۆیە کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی شۆڕشی ئینفۆرماتیک و زانیاری و تٶڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە هەست بە بەرپرسایەتیی تایبەتەوە، ئاوڕی لە دۆخی هەنوکەیی مامۆستایانی سەنگەری پەروەردە و زانست داوەتەوە و لە هەموو بوارەکاندا ڕاستییەکانی لەبەر چاو گرتووە، کۆنگرە بە سەرنجدان بەوەی ئازادیی هزر و ئەندێشە، نێوەڕۆکی کتێبە دەرسییەکان و داهێنان و پەروەردە کردن لە زانکۆکان و قوتابخانەکان لە کوردستان و ئێراندا لە لایەن سیستمی دەسەڵاتداری سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرتەسکتر و بێ نێوەڕۆکتر دەبێتەوە و ڕۆژ نییە مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تاوانی کوردبوون و جیابیری و ئازادیخوازی تووشی گرتن و زیندان و تەنانەت ئێعدام نەبن. بۆیە کۆنگرەی حیزبەکەمان هیوادارە بە خەباتی بێوچانی ئێوە مامۆستایانی سەنگەری زانست لە پێناو گەیشتن بە مافی نەتەوایەتی و نەمانی دەسەڵاتی ڕەشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، تا ئەو ڕۆژەی تیشکی هەتاوی ئازادی دەرکەوێت و وزە و هێزێکی نوێ بە هزر و ئەندێشەی داهێنەرە پێشکەوتنخوازانە و نەتەوەییەکانی مامۆستایان ببەخشرێت.

مامۆستایانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز

وەک چۆن لە سەدە تاریکەکانی مرۆڤایەتیدا، تاریک ئەندێشان برەویان بە جەهل و نەزانی دەدا و پێشیان بە داهێنانی هزر و ئەندێشە و پێشکەوتن و پەروەردەی ئازاد و دێموکراتیک دەگرت، بە هەمان شێوە لە کوردستان و ئێرانی ئەمڕۆدا ئاخوندە کۆنەپەرەستەکان بە زەبروزەنگ و سەرکوتی ئازادیخوازانی سەنگەری پەروەردە و زانست بە تایبەت لە قوتابخانەکان و زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵ بۆ بنبڕکردنی داهێنانی هزر و ئەندێشەی پێشکەوتنخوازانە و نەتەوایەتی و ئازادیخوازانە و دێموکراتیک گرتووە. بەڵام هەر وەک چون مامۆستایان لە شۆڕشەکانی گەلانی جیهاندا دڕیان بە تاریکی داوە و لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕشەکاندا بوون، هەر بە هەمان شێوەیش چاوەڕوان دەکرێ ئێوە مامۆستایانی قوتابخانەکان و زانکۆکان لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی شار، لە پێناو گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانی کورد و گەشەی پەروەردە و بارهێنان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بن.

لە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێراندا هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا، ڕۆڵی مامۆستایانی زانکۆ و قوتابخانە چ لە ئاستی ڕێبەری و چ لە ئاستی کادر و پێشمەرگەدا تێدا بەرچاو بووە و هەمیشە مامۆستایان لە ڕیزی پێشەوەی داڕێژەری سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتدا بوون. بۆیە حیزبەکەمان هیوادارە ئەو توێژە شوێندانەرە بە خوێندنەوەیەکی درووست لە هەلومەرجی لێکگرێدانی خەباتی شار و شاخ، بتوانن لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەو ڕۆڵە بگێڕێ کە هەموو خەڵکی کوردستان چاوەڕوانییان لێیان هەیە و دەکرێ.

کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لەژێر دروشمی(ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)دا بەڕێوەچوو، لە هەموو ئەو مامۆستایانەی لە پێناو مافی نەتەوەی کورددا لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێراندا زیندانی کراون یان لە سەر کار دەرکراون ڕێز دەگرێ. هەروەها کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆکان دڵنیا دەکاتەوە کە هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات لە پێناو یەکیەتی و یەکڕیزی نەتەوەیی دایە، تا ئاسۆی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلی کورد زیاتر لە هەر کات ڕووناکتر بکاتەوە.

سڵاو لە مامۆستایانی پێشڕەو و خەباتگێڕی سەنگەری قوتابخانە و زانکۆکان

سڵاو لە ئازادی هزر و ئەندێشە، داهێنان و پەروەردەی سەردەمیانە

کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران