کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یادی ١٢٠ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا

17:27 - 2 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئەمڕۆ ١٢٠مین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییه و دەسپێکی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان وەکوو خەباتێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری دێتە نرخاندن کە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکە نەتەوەی کورد خاوەن ڕۆژنامەی سەربەخۆی خۆیەتی و کوردستان بە ناوی خۆیەوە خاوەنداریەتی لە ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەوانانی خۆی دەکات.

لە ڕۆژی ٢٢ی ئاوریلی ١٨٩٨ی زایینی، مێقداد مەدحەت بەدرخان لە شاری قاھیرەی میسر، یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان\'\' (KURDISTAN) چاپ و بڵاو کردەوە ، لەو رۆژەوە‌ کاروانی خەبات و تێکۆشان بە شێوەی قەڵەم بۆ بەدیھێنانی ئاوات و ئامانجەکانی بەدرخان بۆ ئازادی و ڕزگاریی کورد و کوردستان بەڕێوەیە.

بەپێی سەرچاوەکان ڕۆژنامەی کوردستان ٣ھەزار ژمارەی لێ چاپ دەکرا که ٢ هەزار ژمارەی بەخۆڕایی لە کوردستان دابەش دەکرا.

ئەوەی ڕوونە چاپی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاھیرە دوور لە خاک و خەڵکی ستەم لێکراوی کورد بە ھۆی زوڵم و گوشاری ناحەزانی گەلی کورد بووە، چەندین جاریش جێگوڕکێی پێکراوە؛ ئەو پیشەیە ئەگەر لە مێژوودا بە ناوی پیشەی گەڕان بە دوای سەرئێشەدا ناوی دەرکردووە، بۆ کورد گەڕان بووە‌ بە دوای مەرگدا.

ھەندێک لە شۆڕە سوارانی مەیدانی ڕۆژنامەگەری کوردی، بریتین لە: مێقداد مەدحەت بەدرخان خاوەنی (رۆژنامەی کوردستان)، عەبدولکەریم ئەفەندی خاوەنی گۆڤاری (ڕۆژی کورد)، مستەفا پاشا یامولکی خاوەنی (گۆڤاری بانگ کوردستان)، مێژوونوس حوسێن حوزنی موکریانی خاوەنی (گۆڤاری زاری کرمانجی)، مامۆستا عەلائەدین سەجادی (خاوەنی گۆڤاری نزار)، پیرەمێردی شاعیر (خاوەنی ڕۆژنانەی ژین)، مامۆستا گیوی موکریانی خاوەنی (گۆڤاری ھەتاو ١٩٥٤ ).

لەبارەی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە دوکتور شاکر خەسباب و دوکتور بێلچ شێرکۆ دوو نووسەری هاوچەرخی عەرەب و کورد باسیان لەوە کردووە کە ڕۆژنامەی کوردستان سەرەتای گۆڕانێكی فەرهەنگی لە ژیانی خەڵکی کوردستان دابووە.

کوردستان کە بڵاوکراوەی فەرمیی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە و ماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵە لە چەند قۆناغی جیاجیا و لە چەند شوێنی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەردەوام بڵاو کراوەتەوە، هەنووکە زمانحاڵی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و ئێستاش بە شێوەی ئەلکترۆنی بڵاو دەبێتەوە.

بەم بۆنەوە وەک کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەوانانی کوردستان دەکەین و دەستی ماندووی نووسەران و تێکۆشەرانی ئەم بیاڤە بە گەرمی دەگووشین و هیوای بەردەوامی لە ئەرکی پیرۆزیان بۆ بەئاوات دەخوازین.