کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە ئەگەری زۆر ترامپ لە بەرجام دەکشێتەوە

16:21 - 6 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری فەڕانسە باسی لەوە کردووە، کە لەسەر ئەو باوەڕەیە، ترامپ بەتەواوەتی لە بەرجام دەکشێتەوە.

سەرکۆماری فەڕانسە، ئەمانۆئێل ماکرۆن، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن ڕایگەیاندووە: لەسەر ئەو باوەڕەم کە دانڵد ترامپ بە هۆی پرسە نێوخۆیییەکانی ئامریکاوە خۆی بە دەست ڕێکەوتننامەی بەرجامەوە ڕزگار دەکات.

ماکرۆن لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە چوونەدەرەوەی یەکجارەکی ئامریکا لە بەرجام وتوویەتی: بەڵێ من وا بیر دەکەمەوە، هەرچەند ئەوە ڕیسکێکی گەورەیە، بەڵام ترامپ ئەو کارە دەکات و لە بەرجام دەچێتە دەرەوە.

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی: ئەگەرچی ئەو ڕێکەوتننامەیە وڵامدەری زۆرێک لە نیگەرانییەکان بە نیسبەت ڕێژیمی ئێرانەوە نییە، ئێمە مانەوە لە بەرجاممان پێ باشترە، بەو مەرجەی کە لەوەی دڵنیا بینەوە، کە ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ناوکی ڕاناگات، واز لە دەستێوەردانە ئاژاوەگێڕانەکانی لە وڵاتانی ناوچە دێنێت و بەتەواوەتی کۆتایی بە چالاکیی مووشەکە بالستیکییەکانی و تەیارکردنی تێرۆریستەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دێنێت، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە ماکرۆن وتوویەتی: هەم ئێمە و هەم هەموو وڵاتان دەبێ خۆمان بۆ هەر بڕیارێکی دانڵد ترامپ ئامادە بکەین.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان تا ٢٢ی بانەمەڕی ٩٧ وادەی بە پارلەمانی وڵاتەکەی و یەکیەتیی ئۆرووپا داوە، هەتا کەموکۆڕییەکانی بەرجام چارەسەر بکەن و کۆتایی بە نیگەرانییەکانی جیهان بە نیسبەت ئێرانەوە بێنن، لە غەیری ئەوەدا یەکلایەنە لە بەرجام دەکشێتەوە.