کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفرانسی رایەڵکەی ژنان بە هاوکاریی EMI لە نوروێژ بەڕێوەچوو

13:02 - 29 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی لە کۆنفرانسی ساڵی ٢٠١٢ی رایەڵکەی ژنان لە شاری نوروێژ کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی، کۆنفرانسێک لەلایەن رایەڵکەی ژنان و بە هاوکاریی EMI (دامەزراوەی رەگەزە فرەچەشنییەکان) لە شاری ئوسلۆ پایتەختی نوروێژ، بەڕێوەچوو.
ناوەڕۆکی گشتیی ئەم کۆنفرانسە بەشداری و تێکەڵاو بوونی ژنان بە دونیای کاری نوروێژ بوو و بە مەبەستی زیاتر هان دانی ژنان بۆ کار کردن و بەشداری لە چالاکییەکانی دەرەوەی بنەماڵە ساز درابوو.
لەم کۆنفرانسەدا شاندێکی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوون.
لە سەرەتای ئەم کۆنفرانسەدا نوێنەرانی لایەنە بەشدارەکان و لەوانه نوێنەری یەکیەتیی ژنان بە چەپکەگوڵ لەلایەن پێکهێنەرانی کۆڕەکەوە رێزیان لێ گیرا.
دواتر خاتوو رۆوێنا، بەرپرسی گشتیی EMI لە لێدوانێکدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لە پێکهێنانی ئەو کۆنفرانسە و باسێکی کورت لەبارەی EMI، تیشکی خستەسەر ئەنجام دانی کاری هاوبەش لەلایەن ژنانەوە و هەتا بەو جۆرە کاری باشتر بەڕێوە بچێت.
پاشان خاتوو ئینگا مارتە تۆرکیڵدسێن، وەزیری منداڵان و یەکسانیخوازی و پێکەوە بوونی نوروێژ سەربە لیستی حیزبی سوسیالیستی چەپ، لە وتەیەکدا هانی بەشدار بوانی بۆ تێکەڵ بوون لە نێو کۆمەڵگادا دا و پەڕژایە سەر ئەوە کە ئازادی بۆ ژن و پیاوان لە هەر کۆمەڵگایەک یەکسانە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆنفرانسەدا فیلمێکی کورت لەسەر کێشەی ژنان کە لەلایەن رایەڵکەی ژنانەوە ساز کرابوو، پیشان درا.
دواتر خاتوو ئایشەخان وەکوو نوێنەری رایەڵکەی ژنان باسێکی پێشکەش بە ئامادە بوان کرد و لەسەر تێکەڵ بوونی ژنان بە کۆمەڵگا و بەشداری لە کارەکاندا باسێکی هێنایە بەر باس و وتی: ئەگەر ئێمەی ژن تێکەڵاوی کۆمەڵگا بین لە پەروەردەی منداڵەکانمان سەرکەوتووتر دەبین.
هەروەها نوێنەرانی چەندین رێکخراوی دیکەی ژنان لەو کۆنفرانسەدا باس و بابەتی خۆیانیان پێشکەش کرد.