کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری میسر دژایەتیی لەگەڵ سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ غەزە دەربڕی

13:35 - 30 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: محەممەد مورسی دژایەتیی خۆی لەهەمبەر داواکاریی عەلی ئەکبەر ساڵحی لەمەڕ سەردانی کەرتی غەزە، دەربڕیوە.


وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران لە سووریە رایگەیاند، دیهەوێ‌ سەردانی کەرتی غەزە بکات و لەو پێوەندییەشدا راوێژی لەگەڵ سەرکۆماری میسر کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رایگەیاندبوو، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین کە سەرکۆماری میسر رەزامەندی خۆی لەگەڵ ئەو سەردانە نیشان بدات.
ماڵپەڕی ئەلمسریوون بڵاوی کردەوە، محەممەد مورسی دژایەتیی خۆی لەگەڵ سەردانی لێپرسراوانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ غەزە دەربڕیوە.
تەنگەی رەفەح تەنیا رێگایەکە کە وڵاتی میسر بە کەرتی غەزە دەبەستێتەوە و رێگاکانی دیکەش لەژێر دەسەڵاتی ئیسراییل دان.
ماوەی حەوت رۆژە شەڕی نێوان ئەرتشی ئیسراییل و گرووپی حەماس بەردەوامە و هەتا ئێستا زیاتر لە ٩٠ کەس لە هێزەکانی حەماس کوژران.
هەر لەو پێوەندییەدا عەلی لاریجانی بەرپرسی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی رێژیمی ئێران رایگەیاندبوو، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بەهانای حەماسەوە بچن و بەرگری لە فەلەستین بکەن.
لاریجانی وتیشی: بە مەبەستی بەرگری لە هێرشی مووشەکیی ئیسراییل دەبێ چەک رەوانەی فەلەستین بکرێ.