کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودیتنی دوو شاندی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

14:01 - 9 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: هەلومەرجی هەستیاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەو ناوچەیە و ... هتد، بابەت‌گەلێک بوون کەلە نێوان هەیئەتی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە ی زەحمەتکێشان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممه رێکەوتی ٨ی سەرماوەز، هەیئەتێک لە دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکرات بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتی، سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی رێبەریی کومەڵەی زەحمەتکیشانەوە بە سەرپەرستیی بەڕێز عومەر ئیلخانی‌زادە پێشوازیی لێ‌ کرا.
لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا لەلایەن بەڕێز عومەر ئیلخانی‌زادە باسێکی کورتی لەسەر بەستنی کۆنگرەکەیان و بڕیارات و پەسندکراوەکانیان بۆ هەیئەتی حیزب وروژاند.
لەو دیدارەدا هەر دوو لایەن باسێکیان لەسەر رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و سووریە، ئێران و کوردستان بەتایبەتی، پێشکەش کرد و هەریەک لەو دوو لایەنە لێکدانەوە و تێڕوانینی خۆیان لەو پێوەندییەدا باس کرد.
هەردوو لایەن لەسەر ئەو بڕوایەدا بوون، سەرەڕای گرفتەکان، ئاڵوگۆڕەکان بەردەوام دەبێت و بەرەو پێش چوونی ئەو ئاڵوگۆڕانە لە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە و بەتایبەت کورد دایە.
تەوەرێکی دیکەی باسەکە تەرخان کرابوو بۆ باس لەسەر پێوەندییەکانی نێوخۆیی حیزبە کوردییەکان و چۆنیەتیی گوتار و پێوەندی نێوان ئەو حیزبانە لەگەڵ ئوپۆزیسیۆنی سەراسەری لە کۆر و کۆبونەوە جوراوجۆرەکاندا.
لەو پێوەندییەدا هەردوو لایەن دانیشتن لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی دیکەی ئێرانی و بەشداری لە کۆر و کۆبوونەوەکاندا بە پاراستنی ئوسول و پرنسیپە بنەڕەتییەکان بۆ بەرژەوندیی کوردیان بە ئەرینی زانی.
لەو دیدارەدا هەردوولایەن لەسەر هەلومەرجی هەستیاری ئێستای ناوچەکە بەگشتی و ئێران و هێزە کوردستانییەکان بەتایبەتی لەپێوەندی لەگەڵ پرسە گرینگەکان هاوڕا، هاوهەڵوێست و یەک دەنگ بوون.
پاش لێکدانەوەی دوولایەن لەمەڕ رووداوەکانی ناوچەکە، ئێران و ئەو مەسەلانەی دیکە کەلە کۆبونەوەکەدا کەوتنە بەر باس، هاوڕا بوون و لەسەر هەوڵدان بۆ زیاتر نزیک کردنەوەی لایەنەکان و رێکخستنی گوتاری کوردی بۆ پرسی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران هاوهەڵوێست بوون.