کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراست و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی (کاوە بەهرامی)

15:06 - 9 سەرماوەز 2712

کاوە بەهرامی

رۆژهەڵاتی نێوەراست لە بواری هەڵکەوتی ژئۆپۆلیتیکی و ژئۆپۆلۆ ستراتیژیکییەوە یەکێک لە ناوچە گرینگەکانی جیهانە کە لە مێژووی خۆیدا و بە تایبەت لە سەدەی بیستەم بەملاوە کێشە و ململانێ و ئاڵۆزی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.

لە وڵاتانی پێشکەوتوو کۆمەڵێک تایبەتمەندیی مرۆڤایەتی لە بواری ماددی دا هەیە کە خاڵێکی بەهێزن لە بەرەوپێشچوون و گەشەسندنی ئەو وڵاتانە داو لەو بوارەدا کاریگەری ئەرێنییان هەیە.

پێش هەموو شتێک بوونی سەرچاوەیەکی فراوانی سروشتی لەم وڵاتانە دا سرنجی ولاتانی بیانی بۆ لای خۆی راکێشاوە ، گۆڕانکارییەکان لەم ناوچەیەدا لە ژێر باندۆری ئەم سامانە سروشتییانەوە دێنە کایەوە، هەر بۆیەش دەبینین زلهێزەکان پشتگیری ئەولایەنانە دەکەن کە بەرژەوەندییە مادی و مەعنوەییەکانی ئەوان لە ناوچەکە دا دەستەبەر دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە پێکهاتەی رۆژهەڵاتی نێوەراست لە بواری تایفی، دینی، ئایینی و نەتەوەییەوە یەکێکی دیکە لەو گرفتانەیە کە بەردەوام بۆتە هەوێنی ناکۆکی لە نیوان دانیشتوانی نیشتەجێی وڵاتانی ئەم ناوچەیە و لایەنە دەرەکیی و بیانییەکانیش بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان، لە هەلومەرجە جۆراوجۆرەکاندا وەکوو ئاتۆ لەم کەلێنە بەرچاوە کەڵکیان وەرگرتووە ولایەن و نەتەوە جیاجیاکانی ئەم ناوچەیەیان دژ بەیەک لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان دا هانداوە.

گۆڕانکارییەکانی دوو ساڵی رابردوو لە رۆژهەڵاتی نێوەراست بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە راستای گەشەکردنی دێموکراسیدا جێگای سرنج بووە، هەرچەند ئامریکا و ئورووپاییەکان بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان قوربانییان داوە ،بەڵام کاریگەری ئەرێنی لە سەر دانیشتوانی ناوچەکەش هەبووە.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا دێمۆکراسی بە تەواوەتی سەقامگیر نەبووە بەلام ئاراستەی ئەم رەوتە بەرەوە دێموکراسییە، لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە سرنج بدەینە دانیشتوانی وەزاڵە هاتووی وڵاتی سووریە کە دژی دیکتاتوریەت و سەرەڕۆیی بەشار ئەسەد دەستیان داوەتە خەباتێکی گشتگیر و ئازادیخوازانە کە هەتا ئێستا نزیک بە ٤٠٠٠٠ قوربانییان داوە.

لە هیچ لایەک شاراوە نیە کە رێژیمی ئێران و دارودەستەکەی لە پشتگیری و هاوکاریکردن بۆ مانەوەی دیکتاتۆری ئەسەد لە سووریە دەستێکی باڵایان هەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین سووریە و ئێران هێلانەی راهێنانی تیرۆریزم و هەوێنی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیین.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەی تیرۆریزم و دیکتاتۆری لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەراست دایە، ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کە بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی خۆی لە وڵاتانی دوور و نزیک دەست و پەیوەندی تیرۆریستی پەروەردە کردووە و دایناوە، ئەمە لە حالێک دایە وڵاتانی زلهێز و خاوەن بڕیار هەتا ئێستا هەڵوێستێکی جیدی و یەکلاییکەرەوەیان لە مەڕ کردەوە دژە مرۆڤەییەکانی ئەم دوو وڵاتە دا نەگرتوەتە پێش.

بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرەوپێشبردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی سووریە رۆڵی سەرەکیی هەیە و بەشێک لە ئیستراتیژیی کۆماری ئیسلامی جێگیرکردنی سیستمی حوکمڕانی وڵاتانی ناوچەکە دایە بەتایبەت ئەوانەی کە لە بواری ئیدئۆلوژییەوە له‌ خۆی نزیکن.

لە چەند ساڵی رابردوودا سووریە بنکەی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ پشتگیری کردن لە حەماس و حیزبوڵڵا و بەشێکی دیکە لە لایەنە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە بووە. شەڕی چەند رۆژی رابردووی نێوان حەماس و ئیسرائیل یەکێک لە تاکتیکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کەم کردنەوەی زەخت و گوشار لە سەر سووریە بووە ، سەرەڕای ئەوەش ماوەیەکی زۆرە کێشەی لە عێراقی فیدراڵ لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها لە رێگەی هێندێک لایەنەوە لە تورکیە پێک هێناوە و دەیهەوێت بە هەر شێوەیەک بێت تەمەنی رێژیمی بەشار ئەسەد درێژ بکاتەوە.

ئەم تاکتیک و تەرفەندانە لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تازە نین، روونە کە بە گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی سووریە هەلومەرجی گۆڕانکاری لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیک دەبێتەوە.

گەمارۆی ئابووری ولاتانی رۆژئاوا و ئامریکا قەیرانێکی قووڵی لە ناوخۆی ئێراندا دروست کردووە ، بە شێوەیەک کە نرخی دراوی ئێران لە بازاڕەکانی دراوی جیهانی دا گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی و ژیانی خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەڵکی هەژار و کەم داهات کەوتۆتە مەترسییەوە.

لەم نێوانەدا رێژیمی ئێران بۆ نیشاندانی سەقامگیری خۆی لە بەرچاو بیر و رای گشتی دا کەڵک لە پیلانی جۆراوجۆر وەردەگرن و دەیانهەوێ وا بنوێنن کە گەمارۆکان کاریگەری نیگەتیڤی لە سەر ئابووری ئێران دانەناوە.

هەوڵ و تەقەلای کۆماری ئیسلامی بۆ خۆ دەربازکردن لەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئارادان و ئەو رێژیمە بەرەو گۆڕانی بنەڕەتی و لە ناوچوون دەبات و رێژیمی خستۆتە دۆخی ئامادەباشی تەواو و هەموو هەوڵێک تەنانەت خواردنی جامی زەهریش بۆ مانەوەی خۆی دەدات.

ئەوەی لێرەدا جێگای سرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە گەلانی ئێران دەبێ بەو ئاکامە گەیشتبن کە نابێ چاوەروانی ئەوە بن گۆڕانکاری لە ئێران دا بە دەستی رۆژئاوا و ئامریکا رووبدات ، ئەم وڵاتانە سەلماندوویانە کە بەرژەوەندی خۆیان لە سەرەوەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دیکە داناوە و تەنیا بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.

لە رۆژانی رابردوو دا ئیسرائیل بە تۆڵەی کوژرانی هاووڵاتییەکی خۆی هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کردە سەر شاری غەزە ، کە چەندین کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە. ئەم رووداوە هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر له‌ بواری مرۆڤایه‌تی سه‌یری بکه‌ین جێگای نیگەرانییه‌ به‌ڵام رووداوی کوژران و ماڵوێرانبوونی نزیک بە ٤٠٠٠٠ هەزار کەسی بێ تاوانی خەڵکی سووریە لە راگەیندنە رۆژئاواییەکان دا بە رادەی کوژرانی جوولەکەیەک دەنگدانەوەی نەبووە. کەوابوو گەلانی ئێران بۆ گۆڕانکاری پێویستە هەنگاوی جیدی و بە کردەوە هەڵبێنن و چاوڕوانی وڵاتانی دیکە و یان ئوپۆزیسیون لە نێو کۆنفرانسەکانی پراگ و ستکهۆڵم و... نەبن ، چونکم هیچی لێ شین نابێت.

گەلانی ئێران بۆ هێنانە سەر کاری حکومەتێکی دێموکراتیک و فیدراڵ پێویستە لە ئاستی سەرجەم نەتەوەکان لەگەڵ ئەو حیزب و لایەنانە هاوئاهەنگ و هاوکار بن کە بە شێوەی پراکتیکی لە گۆڕەپانی خەبات دان و ئامادەی هەرچەشنە قوربانیدانێکن. لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەیان کەس لە سێدارە دراون و بە سەدان کەس لە بەندیخانەکان بە هۆڤانه‌ ترین شێوە بێ رێزی بە کەرامەتیان کراوە.

کۆماری ئیسلامی بە کۆنفرانس و دانیشتن و چەپڵە لیدان نارووخێ بەڵکوو پێویستە لە هەر ئاستێک دا و لە هەموو شێوازەکانی خەبات بە تایبەت خەباتی چەکداری دژی ئەو رێژیمە بۆ پاڵپشتی خەباتی مەدەنی کەڵک وەربگیردرێت.

لە هەموو جیهان دا شاهیدی ئەوەین کە هاتنە نێو مەیدانی راستەوخۆی خەڵک دەتوانێ گۆڕانکارییەکان یەکلایی بکاتەوە، هەر بۆیە گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی پێویستی بە ئوپۆزیسیۆنێکی چالاکە کە لە گۆڕەپانی پراکتیک دا بتوانێ جێگای متمانەی خەڵک بێت. بوونی ئێمە لەو گۆڕەپانەدا دەتوانێ سرنجی لایەنەکانی دیکەش بۆ لای ئێمە رابکێشێت. ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بین کۆماری ئیسلامی بە کۆنفرانس و کۆبوونەوە برووخێت بە هیچ جێگایەک ناگەین.

شێوەی خەبات بە پێی هەڵسوکەوتی رێژیمەکان گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە ، ئەگەر بە وردی گۆڕانکارییەکانی دەورووبەر لە بەرانبەر لێکدانەوەکانی خۆمان بهێنینە بەرچاو بۆمان دەردەکەوێ کە رێژیمە دیکتاتۆرەکان رێگا نادەن کە خەڵک دژی ئەوان هیچ چەشنە هەڵوێستێکی مەدەنی سەردەمیانە بگرن ، تەنانەت رەحم بە ویبلاگ نووسیک ناکات .
خەباتی مەدەنی بریتییە لە خۆپێشاندانی قەڵەمی ئازاد لە رێگای تێکۆشانی راگەیاندن، لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی دا هەموو ئەوانە بەربەستی بۆ دروست کراوە وتەنانەت بە سەدان وەکیل و چالاکی مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەند کراون ، هەر بۆیە رێگا چارەی خەباتی مەدەنی بە تەواوی بەربەستی بۆ دروستکراوە و خەڵکی ئێرانیش وەک سووریە و باقی وڵاتانی ناوچە پێویستییان بە هەڵوێستی شۆڕشگێرانەیە تا بتوانن لە ئێرانێکی ئازاد و دێموکرات و فیدراڵ دا بە خۆشی بژین.