کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەخزەر ئیبراهیمی خوازیاری گرتنە بەری رێکاری نیزامیی بۆ قەیرانی سووریە بوو

16:09 - 11 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریە لە کۆڕی گشتیی ئەو رێکخراوەیەدا، خوازیاری گرتنەبەری رێکاری نیزامیی بۆ کێشەکانی سووریە بوو.
ئیبراهیمی وتی: شەپۆلی شەڕ و پێکدادانەکان لە سووریە زۆر بەربڵاو بووە و تەنیا رێکاری نیزامی دەتوانێ‌ کۆتایی بەو قەیرانە بهێنێنت.
هەر لەو پێوەندییەدا چەندین دیپلۆماتی فەرانسە لەو باوەڕە دان، بارودۆخی سووریە لەبەرەبەریی گۆڕانێکی زۆر بەرچاو دایە و رێژیمی ئەو وڵاتە بەرەو نەمان دەروات.
رۆژنامەی الحیات لەزاری ئەو دیپلۆماتانەوە ئاشکرای کردووە، رێژیمی سووریە لە بواری ماڵییەوە تووشی قەیران بووە و بەم زوانە ئەو داهاتەی کە هەیەتی، کۆتایی پێ دێت.

هەر لەو پێوەندییەدا رێژیمی ئێران کە بە گەورەترین پشتیوانی بەشار ئەسەد دێتە ئەژمار، لە حاڵی حازردا بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە چارەنووسی رێژیمی ئەو وڵاتە.
دیپلۆماتێکی رۆژئاوایی بە ماڵپەڕی ئەلعەرەبیەی رایگەیاندووە: لێپرسروانی پایەبەرزی رێژیمی ئیسلامی تاران لە پێوەندیی بەردەوام بوونی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد نائومێد بوون.
رێکەوتی ١٠‌ی سەرماوەز شەڕێکی بەربڵاو لە نێوان ئەرتشی ئازادی سووریە و هێزەکانی رێژیمی ئەو وڵاتە لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق هاتبووە ئاراوە.