کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا داهاتە نەوتییەکانی رێژیمی ئێران بلۆکە دەکات

13:16 - 18 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: دەیڤید کۆهن جێگری وەزارەتی دارایی ئەمریکا و بەرپرسی بەشی خەبات لەدژی تیرۆریزم گوتوویەتی، بەم زوانە داهاتە نەوتییەکانی رێژیمی ئێران لە وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئەو رێژیمە بلۆکە دەکرێت.
ئەم بڕیارەی ئەمریکا،بە مەبەستی گوشاری زێدەتر بۆسەر رێژیمی ئێران سەبارەت بە بەرنامە گوماناوییە ناوکییەکەی زیاتر لە مانگی رێبەندانی ئەمساڵدا خۆی دەردەخات.
لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی ئەمریکا بە توندی گەمارۆ ئابوورییەکانی لەدژی ئێران زیاد کرد و شەپۆلی نوێی سزاکان کە بەدژی لێپرسراوانی ئەو رێژیمە، ئاکامی خراپی بۆ سەر ئێران بە دواوە دەبێت.
دەیڤید کۆهن بە هەواڵدەریی فەرانسەی راگەیاندووە: قەدەغە کرانی کڕینی نەوت و پرۆسەی گەمارۆی نەوتی ئێران لەلایەکەوە و شەپۆلی نوێی گەمارۆکان، داهاتە نەوتییەکانی رێژیمی ئێران لەسەدا ٥٠ بە بڕی ٥ میلیارد دۆلار لە مانگێکدا دادەبەزێت.
جێگری وەزارەتی دارایی ئەمریکا وتیشی: دەوڵەتی ئەمریکا گوشارەکان هەتا پێویست بێت درێژە پێ دەدات و شێوازە نوێیەکان بەمەبەستی وشیار کردنەوەی رێژیمی ئێران لە هەڵسوکەوتەکانی تاقی دەکاتەوە.