کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی یەمەن: پێویستە رێژیمی ئێران دەست لە پشتیوانیی گرووپی چەکداری \"حوسی\" هەڵبگرێت

12:59 - 20 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: لێپرسراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی یەمەن رایگەیاند، رێژیمی ئێران مەشق و راهێنانی نیزامی بە چەکدارانی حوسی له یەمەن دەکات.
علی الاحمدی وێڕای تاوانبار کردنی رێژیمی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتی یەمەن وتیشی: پێویستە ئەو رێژیمە دەست لە پاڵپشتیی گرووپە چەکدارەکان هەڵبگرێت.
پێشتریش لێپرسراوانی یەمەن ئێرانیان بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی تاوانبار کردبوو.
سەرکۆماری یەمەن لە لێدوانێکدا داوای لە رێژیمی ئێران کردبوو کۆتایی بە دەستێوەردانەکان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا بێنێ‌.
ماوەیەک لەمەوبەر هەواڵدەریی دەوڵەتیی یەمەن رایگەیاندبوو، هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو وڵاتە تیمێکی سێخوڕی کە یەکێک لە فەرماندە پێشووەکانی سپای پاسداران رێبەری بووە، دەسبەسەر کردووە.
هەرلەو پێوەندییەدا جرالد فایرستاین باڵوێزی حکوومەتی ئەمریکا لە یەمەن رایگەیاندبوو، ئێران بە هەموو نرخێک دێهەوێ‌ دزە بکاتە ناو شیعەکانی یەمەنەوە و ئەوەش دەتوانێ‌ کارەساتی گەورەی بۆ داهاتوو لێ‌ بکەوێتەوە.