کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان لە دۆخێکی ئەمنیەتی دایه/ هێزەکانی رێژیم لە هەورامان بەبێ مۆڵەت ماڵی هاووڵاتییان دەپشکنن

13:51 - 21 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: جموجۆڵی هێزە نیزامییەکانی رێژیم لە کرماشان دەستی پێکردووە و هاوکاتیش هێزەکانی رێژیم بە بیانووی کۆکردنەوەی ماهوارە، ماڵی هاووڵاتییانی ناوچەی هەورامان بەبێ حوکمی یاسایی دەپشکنن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩١ی، هەتاوی هێزەکانی ئاگاهیی شاری سەوڵاوا و هێزە ئینتزامییەکای پاسگای دزڵی، رژاونەتە نێو گوندی دەرەکێ لە ناوچەی هەورامان و ماڵی چەندین هاووڵاتیی ئەو گوندەیان بە مەبەستی جۆراوجۆر پشکنیوە.
ئەم هێزانە هەموو رۆژیک ئەو کارە ئەنجام دەدەن و وێڕای بێ‌حورمەتی بە هاووڵاتییانی ئەو گوندە دەست بەسەر دیشی ماهوارەی هاووڵاتییان و لە هەندێ حاڵەتیشدا ماتۆرسیکلیتەکانیاندا دەگرن.
هاووڵاتییانی ئەو گوندە لەو باوەڕە دان کە ئەو هێزانە بە ئامانج‌گەلێکی دیکە ماڵی هاووڵاتییان دەپشکنن و لەم چەند رۆژەی رابردووشدا هاووڵاتییەکیان بەناوی سەباح محەممەد‌پوور بۆ ماوەی چوار کاتژمێر دەسبەسەر و پاشان ئازادیان کردبوو.
بەوتەی هاووڵاتییەکی گوندی دەرەکێ، هێزەکان رۆژانە داوای هاوکاری لە خەڵکی ئەو گوندە و بەتایبەت دووکانداران و بازاریان دەکەن، هەتا لە ئەگەری بینینی هەر شتێکی گوماناوی راپۆرتی خۆیان بەو هێزانە بدەن، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن خەڵکەوە رەت کراوەتەوە.
هەروەها پاسگای ئینتزامیی دزڵی بە بڵاو کردنەوەی ژمارەی تەلەفوونی پاسگا، داوای لە خەڵک کردووە لە بینینی شتە گوماناییەکان ئاگاداریان بکەنەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە لە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی لە شاری نۆدشە لە پارێزگای کرماشان، هێزە ئینتزامییەکان وێڕای بێ‌حورمەتی بە هاووڵاتییان دەستیان داوەتە کۆ کردنەوەی دیشی ماهوارە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ماڵی چەندین هاووڵاتیان پشکنیوە.
بەگشتی هێزە ئینزامییەکانی پارێزگای کرماشان لە حاڵەتی ئامادە باشی دان و زۆربەی سەرباز و مەئموران کە داوای مورەخەسییان کردووە، دژایەتیی لەگەڵ کراوە.