کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتیانی ئەفغانی، رێژیمی ئێرانیان ناچار بە داخستنی کونسولگەریەکی لە شاری هرات کرد

19:25 - 21 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن بنەماڵەی ژمارەیەک کوژراوی شاری هرات، رێژیمی ئیسلامیی ئێران کونسولگەرییەکەی لەو شارەدا داخست.
رێکەوتی ١٩‌ی سەرماوەز، ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی شەهرەکی ئیسلام قەلعە بە دار و بەرد هێرشیان کردە سەر بینای کونسولگەریی رێژیمی ئێران لە شاری هرات.
ناڕازییان وێڕای دەربڕینی رق و بێزارییان لە کوژرانی منداڵەکانیان بەدەست رێژیمی ئێران خوازیاری رادەست کردنەوەی تەرمەکانیان بە بنەماڵەکانیان بوون.
ماوەی ٤ مانگ لەمەوبەر ١٣ لاوی ئەفغانی بە مەبەستی کار چوونە ئێران و بنەماڵەکانیان لەو باوەڕە دان ئەو ١٣ هاووڵاتییە ئەفغانییە لەسەر سنوور لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمەوە کوژراون.
یەکێک لەو ناڕازییانە رایگەیاندووە، ماوەی چوار مانگە ئێمە سەردانی چەندین شوێن بۆ وێنە کابولیشمان کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکمان پێ‌ نادەنەوە.
ماوەیەک لەمەوبەر لێپرسراوانی هرات بەڵێنیان بە ناڕازییان دابوو کە ئەو مەسەلەیە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان باس دەکەن.