کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساتەکانی پێشمەرگایەتی (سمکۆ بێکەس)

19:36 - 25 سەرماوەز 2712

سمکۆ بێکەس
ئەو ساتانە لە یاد ناچن کە هێزێکی پێشمەرگەی بەبیر و باوەڕ بووین و هەر کەسەو تفەنگێکی کڵاشینکۆف و فیشەکدان و جلێکی خاکی و جووتە پێڵاوێکی ئادیداس و کیسە خەویک و کۆڵەپشتییەکی بچکۆلانە، کە لە ناویدا تەنیا چەند نان و پێخۆر و لێنووس و پێنووس و هێندێک وردە شتی پێویستی پێشمەرگایەتی و بڕێک فیشەکی زیادی، هەموومان یەک رەنگ و یەک دڵ و یەک دەنگ و یەک بیروباوەڕ بووین و هەرگیز بیرمان نەدەکردەوە کێ کوڕی کێیە و کێ خەڵکی کوێیە، تەنیا دەمان زانی هەموومان کوڕی یەک ئاو و خاک و یەک بیر و باوەڕ و هەموومان تەنیا بیرمان لە ئازادی و رزگاری نەتەوەکەمان دەکردەوە.
ئەو کاتانە هەرگیز لە یاد ناچن کەمن و تفەنگەکەم وەکوو دوو خۆشەویستی گیانی گیانی دەستمان لە ملی یەکتردا بوو، ئەو رۆژە سەختانەی خەبات کەلە شەڕی مان و نەمان لە دژی داگیرکەرانی کوردستاندا بووین، ئێمەی پێشمەرگە گیان لەسەر دەست بە دەنگی بەرز بەرەو دوژمن هێرشمان دەبرد و بە قروژمەی چەکی دەستمان بە سەر دوژمندا دەمان قیژاند و دەنگی پێشمەرگە و رێژنەبارانی گوللە تێکەڵ بە بیر و باوەڕی گەرم و قووڵی شۆڕش دەبوو داستانی سەرکەوتنمان تۆمار دەکرد لە هەموو خاکی کوردستاندا و لە هیچ هێزێکی زۆر و بۆری دوژمن نەدەترساین دوژمن بە هێلی کۆپتەر و تەیارە شەڕکەرەکانی و بە رەششاش گوللە و مووشەک بارانیان دەکردین شاخ و دەشتیان دەکرد بە گڕ و دووکەڵ، بەڵام هەرگیز ئێمەی پێشمەرگه ‌وەرەمان دانەرۆخا و بگرە زۆر زیاتر سوور بووین لە شۆڕش بەرەو ئازادی و سەرکەوتن هەرگیز بێ هیوا و بێ ورە نەبووین هەموو کات و رۆژ بە دوایی رۆژ ئیمانمان پتەوتر و رێبازمان پیرۆزتر بوو لە ناو دڵماندا و ئازایانە تەنیا بە چەکی شانمان و بە بیر و باوەڕی بەرزمان بەرگریمان دەکرد لە خاکی نیشتمان و دوای هەر سەرکەوتنێک سروودی ئەی رەقیبمان دەوتەوە.
ئەو کاتانەش هەرگیز لە یاد ناچن کەلە هەورازەرێی خەبات بۆ شاخە سەرکەشەکانی کوردستان دەچووین و چەکەکانمان لەسەر نەڕەیی شانمان دادەنا و رادیویەکمان بەدەستەوە بوو و گوێمان لە دەنگی شێرانەی کاک ئەحمەدی شێربەگی دەگرت کە دەی گوت ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە و هەواڵی چالاکی قارەمانەکانی دێمۆکراتی بڵاو دەکردەوە، یان ئەو کاتانەی کە بە تامەزرۆیی گوێمان لە خۆشکە خەجیج دەگرت کەبە دەنگە خۆش و بەسۆزەکەی لە رادیۆکەوە وەڵامی نامەی ئێمە و گوێگرەکانی دەدایەوە کە پڕ بوون لە هەست و سۆزی کوردایەتی وخۆشەویستیی نیشتمان.
ئەوکاتانەش هەرگیز لە یاد ناچن کە دەچووینە لای شوانێک، یان جووتیارێکی ماندوو ئەو مرۆڤانەی کە هەموو کات، پشت و پەنا و خانەخوێی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون، یان ئەو کاتانەی کەلە ناو باخی گوندێک، یان لە ناو شیوو و دۆڵێک، یان ئەشکەوتێکدا بۆ حەسانەوە دەماینەوە و تفەنگەکانمان دەکرد بە سەرین و لە ناو کیسە خەوەکانماندا بە هەزاران خەیاڵ خەونووچکە دەیبردینەوە و چاو لە مانگ و ئەستێرەکان هەتا چاوەکانمان دەبوونە میوانی خەوێکی سووک کە هەر هەموو کات ئامادەیی هەستانەوە و بەرگریی بووین.
ئەوکاتانەم لە یاد ناچن کە ئێواران ریز بە ریز و دوان دوان بە دوایی یەکدا چەکەکانمان بە دەستەوە دەگرت و بەرەو ناو دێ دەچوین و لە نێو خەڵکی بە ئیمان و شۆڕشگێڕی لادێکان پیرە پێاوێکی بە ساڵاچوو، یان گەنجێکی دڵ پر لە هیوای ئازادی و یان دایکێکی رۆڵە شەهیدی هەموو کات چاوەڕێ ئامێزی پڕ لە خۆشەویستییان بۆ دەکردینەوە دەستی گەرمیان دەخستە ناو دەستمان کە دەچووینە سەربانی ماڵەکان، یان لە بەر درگای مزگەوتی دێ خەڵک لێمان کۆ دەبوونەوە ئای کە خۆش بوو ئەو کاتانەی منداڵ و گەنجەکانی دێ بە تامەزرۆیی دەیانوت بەخیر بێن پێشمەرگە قارەمانەکان و بە تاسەوە و سەیریان دەکردین کە چاوەکانیان پر بوو لە هیوا و ئومێد بە رزگاری، کاتێک کە کۆبونەوەیەک لە ناو مزگەوت بۆ خەڵکی گوند دەگیرا هەر له چووکەوە هەتا گەورە بە تاسەوە گوێیان بۆ قسەکانی رۆڵەکانی خۆیان رادەگرت و ئامادەیی هەر چەشنە هاوکارییەک ‌بوون.
ئایی کە بە تام و بەلەزەت بوو نانی رەق و دۆیی ترشی ئەو دایکەی کە بە چاوی پر لە فرمێسکەوە هاتبووە بەر درگا و دەیوت رۆڵەکانم فەرموون بیخۆن با برسیتان نەبێ، خوا پشت و پەناتان بێ و خوا سەرکەوتووتان بکات بەسەر دوژمندا.
هەرگیز لە بیر ناچێ ئەو کاتانەی کە پۆلێک هەڵۆی سەربەرزی خەبات بووین و بۆ چالاکی ناو شار لەسەر لووتکەی یەکەم شاخی نزیک شاردا بەرەو شار دادەنیشتین هەتا وردە وردە تاریکی رووناکی راو دەنا و چراخانی گڵۆپەکانی شار وردە وردە دەر دەکەوتن ئێمەش پۆل پۆل بەرەو شار شۆڕ دەبووینەوە لەناو کۆڵانەکانی شاردا بڵاو دەبووینەوە و تاوپاش جێ بە جێ کردنی ئەرکەکانمان دەرکەوتنی کازیوەی بەیان وردە وردە لە ناو تاریک و لێڵیدا دیسان بەرەو شاخەکان دەکەو‌تینە رێگا و ماڵاوایمان له خەڵکی شار دەکرد.
لە بیر ناچن رۆژانەی کە تەنیا چەکەکانمان دەزگیرانمان بوون، ماڵمان شاخ و دڵمان پاک و تەنیا خەون و هیوامان ئازادی کوردستان بوو.
بۆیە دەڵێم دەزگیرانم ئەی تفەنگی هەموو کات جێ متمانەی پاراستن لەماڵ و ژیانم هەتا ماوە رۆح و گیانم لە ئاست تۆدا وەفادارم هەرگیز ناڵێم بێ پەیمانم هیچ کات ناڵێم پەشیمانم لەوەی کردم بۆ رزگاریی نیشتمانم لەهەر کوێ بم من پێشمەرگەم بە دڵ بە رۆح بە گیانم خەبات دەکەم بۆ‌ ئازادی کوردستانم دوێنێ بەچەک. ئەمرۆ پێنوس، بەبی وچان هەوڵ دەدەم بە دەست بـێنم بۆ گەلم مافی چارەنووس.