کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، لە کۆنفرانسی ئەحمەد شەهید

12:53 - 28 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: کۆنفرانسێک لە لەندەن بۆ ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، وەک تاکە رێکخراوی کوردستانی لەو کۆنفرانسەدا بەشدار بوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٤، ٢٥ و ٢٦ی سەرماوەز، لە زانینگەی ئیسیکسی لەندەن، کۆنفرانسێکی سێ رۆژە بۆ ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، کە بە فەرمی بانگهێشت کرابوو، لەو کۆنفرانسەدا بەشداریی کرد.
زیاتر لە ٢٠ رێکخراو و لەوانە، ئەمنستی ئەنترناسیۆناڵ، هەواڵنێرانی بێ‌سنوور، رێکخراوی بەهاییەکان و چەندین پرۆفسۆر لە زانینگەکانی ئاکسفۆرد و نیۆیۆرک و هەروەها چەندین کارناسی کاروباری ئێرانیش لەو کۆنفرانسەدا بەشدار بوون.
باس کردن لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و ئامادە کردنی راپۆرتی داهاتووی ئەحمەد شەهید لەسەر ئەو پرسە لە ئێراندا و پێشکەش کردنی بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی مارسی ٢٠١٣ی زایینیدا ئامانجی پێک هێنانی ئەم کۆبوونەوە بوو.
ستەمی نەتەوەیی، جیاوازیی نەتەوەیی، پرسی ژنان، پرسی مینی دژەنەفەر لە کوردستان، پرسی کۆڵبەرانی کورد، گرتن، ئەشکەنجە و زیندانی کردنی چالاکانی کورد لە کوردستانی ئێران، بابەت ‌گەلێک بوون کە لەلایەن بەڕێز تەیموور ئەلیاسی بەرپرسی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ و نوێنەری بەشداری ئەو کۆمەڵەیە، تیشکیان خرایەسەر و لە تێکڕای کۆبوونەوە و وۆرک شۆپەکاندا باسیان لەسەر کرا.
لە پەراوێزی ئەم کۆنفرانسەدا نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، لەگەڵ ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رۆز ریشتێر پاریس هاوکاری ئەحمەد شەهید، چاوپێکەوتنی ئەنجام دا و داوای لە ناوبراوان کرد پرسی ستەمی نەتەوەیی، ستەمی رەگەزی، خوێندن بە زمانی دایکی و بەکار هێنانی مینی دژەنەفەر لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە راپۆرتەکەی خۆیاندا بگونجێنێت.
لەم کۆنفرانسەدا نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، لەگەڵ کومیسیۆنی لێکۆڵینەوەی زانینگەی یاییلی نیۆیۆرک، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیی پێک هێنا.
لەم کۆبوونەوەیەدا بەڕێز تەیموور ئەلیاسی داوای کرد پەروەندەی تایبەت بۆ جینایەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دروست بکرێ و بۆ دادگای نێودەوڵەتیی لاهە بنێردرێت.
ئەلیاسی لەم کۆبوونەوەشدا داوای وەگەڕ خستنەوەی پەروەندەی تیرۆری دوکتور قاسملوو و ٣٢١ تێکۆشەری کورد لە دەرەوەی وڵاتی، کرد.
تەیموور ئەلیاسی نوێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، داوا لە تێکڕای تێکۆشەران و چالاکانی سیاسی و هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەکات، لە کۆکردنەوەی ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران یارمەتیدەر بن، هەتا بتوانرێ ئەو ئامارانە رادەستی ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.