کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تراژیدیای شیناوێ‌ رووداوێکی لەبیر نەکراو/ ژمارەیەک لە قوتابییانی رووداوی شیناوێ‌ رەوانەی شاری ئیسفەهان کران

13:29 - 11 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا، کاتێک باس لە قوتابی دەکرێ‌، لە زەینی مرۆڤەکاندا بارودۆخی قوتابییانی کوردستان و بێبەرییان لە خزمەتگوزرای و هەروەها دۆخی قوتابیانی رووداوی قوتابخانەی شیناوێ‌ لە شاری پیرانشار بیچم دەگرێ.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٩‌ی بەفرانبار ٦ قوتابیی کچی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ‌ بەهۆی خراپیی باری تەندروستیان رەوانەی شاری ئیسفەهان کراون و هەروەها سێ‌ کەسی دیکەشیان لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز دان.
لە ئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوەدا دوو قوتابیی کچ بە ناوەکانی ساریا رەسووڵ‌زداە و سەیران یەگانە، گیانیان لەدەست داوە و بەپێی دوایین زانیارییەکانی قوتابییەکی دیکە کە رەوانی شاری ئیسفەهان کراوە دۆخی تەندروستیی لەو پەڕی خراپی دایە.
جێگای سرنج راکێشانی لێرە دایە کە دوای تێپەڕینی نزیک بە یەک مانگ لەو رووداوە، هەتا ئێستا هیچ ناوەندێکی فەرمیی رێژیمی ئێران ئامادەی وڵام دانەوە بە قوربانییان و بنەماڵەکانیان نیە و لە هێندێ‌ رێگاوە دەیانهەوێ‌ ناکارامەیی، کەمتەرخەمی و سیستمی سەقەتی پەروەردەییان، بە دانی پارە بە بنەماڵەی قوربانییان پەرەدە پۆش بکەن و بێ‌ خەبەر لەوەی کە بێبەری کردنی کوردستان لەهەر چەشنە ئیمکاناتێکی رەفاهی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، بۆ خەڵکی روون بۆتەوە.
سەرکۆماری رێژیمی ئێران بۆ بینینی دەست و پێوەندییەکانی و بە مەبەستی بەرژەوەندییە تەسکەکان، توانیی سەردانی جەوانفکێر راوێژکاری راگەیاندنی دەوڵەت لە نەخۆشخانە بکات، بەڵام ئامادە نەبوو سەردانی ئەو ٣٧ نەونەمامە بکا، یان پەیامێکی هاوخەمیان بۆ بنێرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا خامنەیی کە خۆی بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی دەزانێ‌ و بەپێی لێدوانەکانی، لە یەک رەهەندەوە چاو لە هەموو موسڵمانان دەکات و لە هەموو قسەکانیدا باس لە برایەتیی شیعە و سوننی دەکات، بەڵام دەرکەوت کە قسەکانی تەنیا بۆ بەلارێدا بردنی بیروڕای گشتی و دان نەنان بە بوونی کوردە، خۆ ئەو منداڵانە بێ‌ تاوانن و هیچ کامیان سیاسی نەبوون و هەمووشیان موسڵمان و باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام هەبوو، بەڵام بۆ چی خامنەیی ئامادە نەبوو هاودەردی لەگەڵ ئەو منداڵانە بکات؟
لەلایەکی دیکەوە نوێنەرانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاواش لە مەجلیس کە یەکێک لە ئەرکەکانیان داکۆکی کردن لە مافی هاووڵاتییانە، هەتا ئێستا هیچ پەرچەکردار، یان لێدوانێکی تایبەتیان کە ببێتە مەرهەمێک بۆ برینی ئەو منداڵانە نەدرکاندووە.
نوێنەرانی مەجلیس لە بڕی ئەوەی دەنگ بە ناردنی پارە و سامانی وڵات بۆ حیزبوڵڵا و باقی گرووپە تیرۆریستەکان بدەن، باشتر نییە کە پرسی بێ‌ ئیمکاناتی کوردستان و بێبەری بوونی قوتابییان و وەرگرتنی پارە لە قوتابییانی کوردستان، بورووژێنن؟