کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١ میلیۆن سووری لە سووریە لە برسییەتیدا دەژین

13:18 - 20 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رێگاکانی گەیاندنی یارمەتییەکان بە یەک میلیۆن خەڵکی برسی لە سووریە بە نامومکین لەقەڵەم دەدات.
بەرنامەی خۆراکی جیهانیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، لە مانگی ژانوویەدا تەنیا دەتوانێ خۆراکی یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار سووری دابین بکات و توانای گەیاندنی هاریکارییەکان بە یەک میلیۆن برسیی دیکە نییە.
لەلایەکی دیکەشەوە یاریدەدەرانی برنامەی خۆراکی جیهانی بەهۆکاری ئەمنیەتی شارەکانی حومس، تەرتووس و حەلەبیان بەجێ هێشتووە.
وڵاتانی یاریدەدەری سووریە وەکوو ئاڵمان و ئەمریکا، هەتا ئێستا ١١٧ میلیۆن دۆلاریان داوەتە ناوەندی خۆراکی جیهانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما و کەمیی خۆراک و پێخەف و خێوەت، ئاوارەکانی سووریە لە وڵاتی ئوردۆن هێرشیان کردووەتە سەر یاریدەدەران و چەندین کەسیان بریندار کردووە.
٢٨٠ هەزار ئاوارەی سووری لە وڵاتی ئوردۆن بوونی هەیە و بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە بارودۆخی ئەو پەنابەرانە لە دۆخێکی خراب دایە و باران دۆخی ئەو ئاوارانە چەند قات خراپتر کردووە.