کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان لە وڵاتی نوروێژ بەڕێوە چوو

12:53 - 28 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکرات لە وڵاتی نوروێژ بەشداریی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکاندا کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندی حیزبی دێمۆکرات بە سەرپەرستی مریەم عەلی‌پوور لەو کۆبوونەوەدا کەلە ئوسلۆ پایتەختی وڵاتی نوروێژ بە بەشداریی ١٢ حیزب و لایەنی سیاسی بەڕێوە چوو، بەشداریی کرد.
سەرەتا ریزبەندی چالاکییەکانی ساڵانەی کۆمیتەی هاوکاری و بابەتە هەنووکەیی و پێوەندیدارەکان بە دۆزی کورد خرایە بەر باس و هەڵوێستەی لەسەر کرا.
بەشداران وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەیان بۆ مەرگی سەکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سویلەمەز سێ چالاکی سیاسیی کوردستانی تورکیە کەلە پاریس تێرۆر کران، خوازیاری ئەوە بوون کە حکوومەتی فەڕانسە تاوانباران بدۆزێتەوە و بیانداتە دەستی دادگا.
هەر لەو پێوەندییەدا بەشدارانی کۆبوونەوەکە لەگەڵ دووپات کردنەوەی هاوسۆزی بۆ کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان، هیوایان دەربڕی کە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سووریە وەک نوێنەری راستەقینەی ئەو بەشەی کوردستان بە فەرمی بناسرێ هەتا لە رێگای ئەو ئەنجومەنەوە یارمەتییەکانی خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان بگاتە دەستی ئاوارە و لێقەوماوانی کوردی ئەو پارچەیه.
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا دوای تاوتوێ کردنی پێڕەوی نێوخۆی لیژنەکانی پێوەندی و دارایی، بە مەرجی ئامادەکردنی راپۆرتی لیژنەکان، کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی هاوکاری لە کەمتر لە یەک مانگی دیکە پێک بێ و دوای پێشکەش کردنی راپۆرتی بەرپرسی کۆمیتەی هاوکاری و جێگرەکەی، بەرنامە و خشتەی کاری داهاتوو دیاری بکرێ.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەحمەد عەزیزی وەک نوێنەری نوێی پێوەندییە کوردستانییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات لە لایەن سەرپەرستی شاندی کۆمیتەی حیزبەوە بە کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان ناسێنرا.