کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ چالاكی عەرەبی ئەهوازی مەحكووم بە ئیعدام بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزران

12:51 - 30 بەفرانبار 2712

كوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران پێنج چالاكی فەرهەنگی عەرەبیان لە زیندانیی كاروونی ئەهوازەوە بۆ شوێنێكی نادیار راگواستووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، هاشم شەعبانی شاعیر و وب‌نووس، هادی راشدی مامۆستای شیمی، محەممەد عەلی عەمووری‌نژاد وب‌نووس و چالاكی خوێندكاری، سەید یابر ئەلبووشكە و سەید موختار ئەلبووشكە ئەو ٥ هاووڵاتییەن كە لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێرانەوە بە ئیعدام مەحكووم كراون.
راگواستنی ئەو ٥ كەسە بۆ شوێنێكی نادیار نیگەرانی بەرچاوی لای بنەماڵەكانیان درووست كردووە و ترسیی ئەوەیان هەیە ئەو راگواستنە بەمەبەستی جێبەجێ‌ كردنی حوكمەكانیان بێت.
بنەماڵەی ئەو پێنج چالاكە فەرهەنگیە عەرەبە رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٩‌ی بەفرانبار بەمەبەستی مەلاقات چوونەتە بەردەرگای زیندانی كاروون و لە ئەنجامدا لەلایەن بەرپرسانی ئەو گرتووخانەیەوە پێیان راگەیاندوون كە ئەو دەسبەسەركراونە لێرە نەماون.
ئەو ٥ هاووڵاتییە عەرەبە ماوەی یەك ساڵ لەمەوبەر لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی تارانەوە دەسبەسەر كران و دوو كەس لە دەسبەسەركراوەكان لەژێر زەخت و گوشاردا ناچار بە ئاخاوتن لەسەر تەلەفزیۆن كران.
وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگا قەزاییەكانی رێژیمی ئێرانی ئەو ٥ هاووڵاتییەیان بە تۆمەتی دژایەتی خودا و پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی بە ئیعدام مەحكووم كردووە.
رێكخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز رایگەیاندبوو، ئەو ٥ چالاكه فەرهەنگییە لەژێر ئەشكەنجە و بە ناچاری دانیان بە تۆمەتی وەپاڵدراو ناوە.