" />

  • ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی فێڤریەی ٢٠١٨ی زایینی - ٠٣ی رەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی  

پەیامی بەڕێز مستەفا هیجری بەبۆنەی ٢ی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

زایینی: ٢٣-٠١-٢٠١٣ - هەتاوی: ١٣٩١/١١/٠٤ - ٠٩:٤٣ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
پەیامی بەڕێز مستەفا هیجری بەبۆنەی ٢ی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان
کوردستان میدیا: ئەم پەیامە لە رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەلایەن بەڕێز "مستەفا هیجری"یەوە پێشکەش کراوە.


دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:


ئامادە بوانی بەڕێز!
خوشک ‌و برایانی خۆشەویست!


وەک هەموو لایەک ئاگادارن ٦٧ ساڵ لەوە پێش لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە رۆژی ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتێک کە هەڵومەرجی ناوچەیی و نێونەتەوەیی خولقاندبووی لە شاری مەهاباد کۆماری کوردستانی بە سەرۆکایەتیی پێشەوای هەمیشە زیندوو، قازی محەممەد راگەیاند، ئەوە لە کاتێکدا بوو کەلە ٢٥ی گەلاوێژی هەمان ساڵ یانی چەند مانگ پێش راگەیاندنی کۆمار حیزبی دێمۆکرات بە سەرۆکایەتیی پێشەوا پێکهاتبوو. بێ‌گومان پێکهاتنی حیزبی دێمۆکرات بۆ خۆی دەوری تایبەتی لە دامەزراندنی کۆماردا هەبوو.


کۆمار کەمتر لە ساڵێکی خایاند، بەڵام لەو ماوە کورتەدا سیاسەت و بەرنامە پێشکەوتنخوازەکانی کۆمار بوون بە جێی هیوای کورد لە هەموو بەشەکاندا و لە راستیدا هەموو لایەک ئامادەی بەشداری و خزمەت کردن لە کۆماردا بوون، بەشداریی بارزانییەکان بە سەرۆکایەتیی نەمر مەلا مستەفا کە فەرماندەی هێزەکانی کۆمار بوو، هەروەها سەردانی ژمارەیەک لە کوردەکانی کوردستانی تورکیە بۆ کۆمار ئەو راستییە دەسەلمێنن، هەر بۆیەش دەبینین دوای رووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و باقی رێبەرانی کۆمار، لە تەواوی ماوەی ٦٧ ساڵی رابردوودا لە هەر جێگا و کاتێکدا دەرفەتێک خولقا بێ‌ گەلی کورد بۆنە و رێوڕەسمی بۆ پیرۆز کردنی ئەو یادە پێکهێناوە و سەرکوت و زەبر و زەنگی دیکتاتۆرەکان ئەو یاد و نوستالژیایەی بەهێز کردووە. شوێندانەریی کۆمار نەک هەر لەسەر تاکی کورد، بەڵکوو لەسەر بیگانەکانیش کە شارەزای مێژووی کۆمار و رووداوەکانی ئەو سەردەمەن بەرچاو بووە و مەزاری پێشەواش بووەتە زیارەتگای ئەویندارانی کۆمار و پێشەوا لە دوور و نێزیکەوە، لەو پێوەندییەدا ئیشارە بە دوو فاکت دەکەم:


ــ رۆزولت سەبارەت بە شوێندانەر بوونی کۆمار دەنوسێ: "پەیدابوون و گۆڕانی کۆماری بچووکی مەهاباد و مێژووی کورت و تۆفانییەکەی و لە نێوچوونی لە ناکاوی، یەکێک لە رووناک‌ترین رووداوەکانی مێژووی تازەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە".


ــ ویلیام دوگلاس دەڵێ‌ پیاو "حەق بڵێ‌ گۆڕی قازی محەممەد زیارتگەیە کە هەموو حەوتوویەک سەدان کورد رووی تێدەکەن"، ئەو دەگێرێتەوە: لاوێکی کورد بە خۆی و ژنەکەیەوە بە رێگایەکدا دەروێشتن کە دار و درەخت سێبەریان لێ‌ کردبوو، پیاوەکە سواری گوێدرێژێک بوو، ژنەکەش بە سەر و رووخۆشی لە تەنیشتییەوە دەروێشت، سڵاومان لە یەکتر کرد و لێم پرسی:


خەڵکی کوێی؟ وڵامی دامەوە خەڵکی جێگایەکی دوورم لە شیمال نێزیک خۆی


لێرە چ دەکەن؟


وڵامی دامەوە: "ئێمە کوردین، دەچینە زیارەت بۆ سەر گلکۆی قازی محەممەد". دوگلاس لە درێژەدا دەنووسێ‌: لە دەنگیدا، رق و ئامادەیی بۆ بەربەرەکانی دەر دەکەوت. هەروەها لە چاوەکان و خەنجەرەکەی بەرپشتێنیدا دیار بوو، کە هەرکەس رێگای ئەو سەفەرەی پێبگرێ‌ بەگژیدا دەچێتەوە.


بەڕێزان!


رووداوە مێژوویی و چارەنووس‌سازەکان لە بیرەوەریی تاکەکانی هەر نەتەوەیەکدا دەبنە سەرچاوە و وزەی شوناس‌بەخش بۆ ژیانی سەربەخۆیی ئەو نەتەوە و لە لایەکی دیکەوە دروست بوونی هەستی شانازی و سەربەرزی لە نێوان تاکەکان بەهۆی پەیوەست بوونیانەوە بەو نەتەوە تایبەتەوە.


٢ی رێبەندان و دامەزراندنی کۆماری کوردستانیش بووەتە ئەو سەرچاوە ناسنامەبەخشە بۆ مرۆڤی کورد (نەک لە رۆژهەڵات بەڵکوو لە پارچەکانی‌تری کوردستانیش)، ٢ی رێبەندان تەنیا رووداوێکی ئاسایی نەبوو، ئەوەی ئەم رۆژ و ئەو رووداوە، لە بۆنە نەتەوەیی‌یەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و گرینگی و بایەخی تایبەتی پێ دەبەخشێت، خۆی لە کۆمەڵێک کاریگەری و شوێندانەری لە دامەزراندنی ئەم کۆمارە و لە هزر و بیرەوەریی هاوبەشی تاکەکانی نەتەوەی کورددا دەبینێتەوە، کە هەتا ئەمڕۆش بوون و حوزووری خۆیان بە شێواز و فۆرمی جۆرواجۆر لە مانای کردەوە سیاسییەکانی تاک و حیزب و لایەنە کوردییەکاندا دەردەخا. تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی، یان تیۆریک و دوور لە هەست و سۆزی کوردانەش ئاوڕێک لە ٢ی رێبەندان بدەینەوە، دیسانەوە ئەم گرینگییەمان بۆ دەردەکەوێت.


بۆ نموونە کاتێک کە ئاوڕێک لە ماناکانی نەتەوە بوونی، "نەتەوەی فەڕانسی" دەدەینەوە، کۆمار یان "جمهوری و جمهوریەت" دەبێتە کۆڵەکەی یەکگرتوویی و بیرەوەرییە مۆدیڕن و هاوبەشەکانیان، هەر وایە رۆڵی پاشایەتی لە بریتانیا و شانازییەکانی بۆ "نەتەوەی بریتانی".


کۆماری کوردستان بۆ یەکەم جار لە پاش ساڵانێکی دوور و درێژ، لە هەست بە ژێردەستەیی و مرۆڤی پلە دووهەم بوون لە لای تاکی کوردەوە دەبێتە هەوێنێک بۆ دووبارە زیندوو بوونەوەی یەکێک لە بنەماکانی بونیات نانی کەسایەتیی تاک و نەتەوەی کورد بە دروست بوونی قەوارەیەکی بەڕێوە بردن و حوکمرانی مۆدیڕن کەلە چوارچێوەی سیاسەت بە مانا مۆدیڕنەکەیدا لە کۆماری کوردستان بەرجەستە دەبێت.


لە لایەکی دیکەوە کورد بەتایبەت لەم بەشەی کوردستاندا، بۆ یەکەم جار لە سەردەمی مۆدیڕن و یان هاوچەرخدا، جەوهەری هەوڵ و داواکارییەکانی "سیاسین"، نەک ئابووری، کولتووری یان لە هەموویان گرینگتر "ئایینی" بۆیە نابێتە بەشێک لە ململانێی ئایینی و مەزهەبی، بەڵکوو "نەتەوە و دەسەڵاتی نەتەوە" لە رێگەی ئامرازە مۆدیڕنەکانەوە کە "حکوومەت و دەسەڵاتداریەتییە" لە کۆماردا فۆرم دەگرێت. خاڵێکی‌تر ئەوەیە کە بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان ئەو کۆمەڵگە خەیاڵییەی کە زۆر لە پێش کۆمارەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا فیداکاری بۆ کراوە لە ئەرزی واقیعدا لە رێگەی کۆمەڵێک دام و دەزگا و دامەزراوەوە، فۆرمێکی عەینی (واقعی) وەردەگرێت و لێرەوە هەر دوو رەهەندی (subjective زهنی) و(objective عینی) پێکەوە گرێ دەدرێن و لە کۆماری کوردستاندا نموود پەیدا دەکەن. تاکی کورد دەبێتە خاوەن شوناسێکی فەرمی نەتەوەیی و "کۆمار" دەبێتە سەرچاوەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم شوناسە.


یەکێک لە بەرهەمە گرنیگەکانی کۆماری کوردستان ئەوەیە کە بۆەتە هۆی ئەوەی تاکوو ئێستاش، "مرۆڤی کورد" دەرک بەو راستییە بکات کە تەنیا لە رێگەی بەدەستەوە گرتنی "چارەنووسی خۆی" و پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی و حوکمڕانییەکی مۆدیڕنەوە، دەتوانێت مافە تاک و کۆیە نەتەوەیی‌یەکانی بپارێزێت و مومارسەی ئەو مانایانە بکات، بۆیەش کۆمار بۆەتە سەرچاوەیەکی "مانایی" بۆ شوناس پێدان "بە" کرداری سیاسیی کورد بۆ دروست بوونی دەسەڵاتداریەتی و حوکمڕانی خۆی و دوورکەوتنەوە لە پاشکۆیەتی و بە هاونیشتمانیی پلە ٢ بە ئەژمار هاتن. بەم چەشنە ئیرادەی تاکی کورد لە رێگەی دامەزراوەی نەتەوەیی (کۆمار) دەبێتە بنەمای "ئازادی" و ئەم ئازادییەش دەبێتە سەرچاوەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی مرۆڤی کورد، لێرەدا ئازادی و ناسیۆنالیزم پێکەوە گرێ دەدرێت و دەبێتە بەشێک لە هوییەت یان شوناسی مرۆڤی کورد.


خاڵێکی‌تری گرینگ ئەوەیە کە نوخبەکانی کورد هەست بەوە دەکەن کە دەبێت لە هەموو بوار ‌و ئاستەکانەوە، بەرە‌و "مۆدێڕن بوون" هەنگاو بنێن. بۆیە دەبینین کە کۆمار لە رێگەی بەرهەمەکانی مۆدێڕنیتە و عەقلانییەت کە "حیزب" لە لایەک و بەڕێوەبردن و "بیرۆکراسی" و لە لایەکی‌ترەوە هەوڵی دەست پێکردن بە پرۆسەی "مۆدێڕنیزاسیۆن" (بە لەبەرچاوگرتنی کۆمەڵگای کوردەواری ئەو سەردەمە و بەپێی توانا و ئیمکانیاتی) دەدات، لە بوارەکانی سیاسییەوە هەوڵی: دروست کردنی ئیدارە و بیرۆکراسی و ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوە بردن ‌و کاری حیزبی، رێکخراوەی و ... دەدات، ئەوەی کە لەو کۆمارەدا سەرکۆمار کەسایەتی یەکەمی حیزبی دێمۆکراتە لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێ‌. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە کۆمار دەبێتە هۆکاری رەخساندنی دەرفەتێک (کە هەرچەند سەرەتاییش بێ‌) بۆ دووبارە بونیات نانەوەی کۆمەڵگای نوێی کوردستان بە گۆڕینی پێکهاتەی عەشایری و خێلەکییەکەی و داڕشتنەوەی لەسەر بنەمای "هاووڵاتی بوون" کە یەکێک لە حەیاتی‌ترین و گرینگ‌ترین بەرهەمەکانی کۆمارە کە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە. لێرەوەیە کە چەمکی "هاووڵاتی بوون" لە جیهانی مۆدێڕندا بۆ تاکی کورد بە هۆی پەیوەست بوون بە "نەتەوە" لە دایک دەبێت، بەبێ گوێ دان بە رەگەز، چین، تایفە، شوێن، ئاستی دارایی، پلە و پایەی کۆمەڵایەتی، ئەمەش رەگەزێکی شوێندانەرە لە "پرۆژەی ناسیۆنالیزم" ‌و بەرجەستە بوونی لە "دەوڵەت ــ نەتەوە"دا، کە بە فۆرمێکی‌تر لە "کۆماری کوردستان"دا بەرە و بەرجەستە بوون دەچێ ‌و کاریگەریی قووڵی لەسەر سایکۆلۆژیی تاکی کورد بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە جێی دێڵیت، بە جۆرێک کە ئێمە ئاسەوارەکانی دەتوانین ئەمڕۆش لەسەر تاکی کوردی ئەو بەشە ببینین.


لە رووی کولتوورییەوە کۆمار بە پەروەردەی نوێ‌ و سەردەمیانە دەرفەتی مۆدێڕنیزاسیۆنی فەرهەنگی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە رەخساند، ئێمە ئەوە لە چاپی کتێبی کوردی، راکێشانی منداڵان بۆ خوێندن، هەوڵدان بۆ ریشەکێش کردنی نەخوێندەواری و بەشداری کردنی چالاکانەی ژنان لە کۆمەڵگەدا بە روونی دەبینن.


بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی یەکێک لە بەرهەمە گرینگەکانی دیکە کۆمارە، کە دەبێتە واتادار بوونی ئەم پرۆژە نەتەوەیییە و کۆڵەکەی سەرەکی گوتاری ناسیۆنالیزمی کورد لەو پارچەیەدا کە، بەپێی هەموو تیۆری و روانگە زانستییەکان، لەمەو بەدوا لەژێر شوێندانەری ئەو واتایەوە رەفتاری تاکەکان یان بابەتەکان "مانا" پەیدا دەکەن و "شۆناسێک"ی کوردی وەردەگرن، کە ئەوە لە جەوهەری خۆیدا هەنگاوێکی جیدییە بۆ بونیات نانی نەتەوە (بە مانا مۆدێڕنەکەی).


خاڵێکی دیکەی کۆماری کوردستان، درووست بوونی ئەو شوناسە مۆدێڕنە کوردی، یان (کوردستانییەیە) کە بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی رەخساو سنووری (ئەوی‌تر)ی دیاری کرد و خۆی پێ پێناسە کرد، واتە (خود) ‌و (ئەوی‌تر) ‌و پێناسەیەک کە لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان بە تایبەت لەگەڵ نەتەوەی (تورکی ئازەربایجانی) پێکهات.


بەگشتی هێماکانی گوتاری یەکگرتووی نەتەوە لە کۆماردا لە زمانی فەرمی، ئاڵا و سروودی نەتەوەیی، هێزی پێشمەرگە و دێموکراسیخوازیدا خۆی دەبینێتەوە، هەروەها کۆمار هەوڵ دەدات کە کۆمەڵگەی کوردی لە (جماعت community) بگوازێتەوە بۆ (جامعە/ کۆمەڵ society) لە رێگەی بیرۆکراسی و رێکخراوی سیاسیی مۆدێڕن کە بە حیزب بوونە، لێرەوە دەوری حیزبی سیاسی بەرجەستە دەبێت و بەپێی تیۆرییەکانی گوتار (دیسکۆرس) سازییەوە، مەفسەل بەندی "گۆتاری نەتەوەیی" کامڵ دەبێت ‌و کۆماری کوردستان دەتوانێت، مانایەکی روون و گشتگیر لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای "کورد بوون و شوناسی کوردی" بە دەستەوە بدا، واتە دەسەڵاتی کوردی و کۆمار، هێژمۆنی پەیدا دەکات و "سەقامگیرییەکی مانایی" بۆ هەموو بوار‌ و دیاردە و رەفتارەکان لە چوارچێوەی "گوتاری نەتەوەیی" دروست دەبێت و گوتاری ئێرانی بە مانای فارس، لەق دەکات و بەم شێوەیە پێکهاتەشکێنی گوتاری فەرمی ئێرانی دەکات.


نوخبە سیاسی و نەتەوەیی‌یەکان لەو سەردەم و هەڵومەرجەدا، بە خوێندنەوەی واقیعی نێودەوڵەتی و دابەش بوونی هێز لە پێکهاتەی سیستمی نێودەوڵەتیدا، سوودیان وەرگرت و ئەم کۆمارەیان دامەزراند، لە ئێستاشدا بە جۆر و فۆرمێکی‌تر پێکهاتەی سیستمی نێودەوڵەتی، یان لانیکەم رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕاوە و هێشتا شکڵ و فۆرمی سابتی وەرنەگرتووە و ئەمەش دەرفەتە بۆ ئێمەی کورد و ئەحزاب و رووناکبیران و ... لەم شەپۆلەی کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووتەوە و لە لایەکی‌تر، لە گۆڕانکارییەکانی سەردەمی "بەجیهانی بوون" و ئامرازە مۆدێڕنەکانی تەکنۆلۆژی و راگەیاندن و پێوەندی و بەگشتی "هێزی نەرم" کەڵک وەربگرین. ئەوەش یەکێکی دیکە لە ئەزموون یان دەرسەکانی کۆمار بۆ ئێمەی کورد و حیزبەکان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بوو:


بەڵام دەرسێکی"رووخانی کۆمار" ئەوەیەکە بەبێ‌ دروست بوونی رێژیمێکی دێمۆکراتیک لە ئێران کە رێز لە پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بنەماکان دێمۆکراسی بگرێت، ئەو بەشەی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا ناتونێت بە مافەکانی خۆی بگات، بۆیە دروشمی (بنیات نانی ئێرانێکی دێمۆکراتێکی فیدراڵ) ئەو خوێندنەوەیە کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هەڵی گرتووە و لە پێناویدا خەبات دەکا، خەباتێک لە دوو بەرەدا:


ــ لە لایەک چەسپاندن و مسۆگەر کردنی دیاری کردنی مافی چارەنووس بۆ گەلی کورد و باقی نەتەوەکانی ئێران بە یارمەتی هەموو نەتەوەکان.


ــ لە لایەکی دیکەوە هەوڵدان بۆ بەشداری لە بونیات نانەوەی ئێرانێکی دێمۆکراتیک و فیدراڵ.


خۆشەویستان!

ئێمە رۆڵەکانی حیزبی دێمۆکرات شانازی دەکەین کە دوای ٦٧ ساڵ لە رووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوای سەربەرزی کورد و باقی کەسایەتییەکانی ئەو کۆمارە، بە پێشکەش کردنی هەزاران رۆڵەی نیشتمانپەروەر و قارەمان کەلە رێزی ئەواندا رێبەرانی هەڵکەوتووی وەک دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی دەبینرێن لە سەردەمی رێژیمی پاشایەتی و هەروەها رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروا ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ وەدەست هێنانەوەی دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستانین و هەوراز و نشێوە سەختەکانی ئەو رێگایە بۆ ساتێکیش گۆمانی لە دڵماندا پێک نەهێناوە.


سڵاوی گەرم و نیشتمانپەروەریمان پێشکەش بە هەموو ئەو شەهید و کەمەندام و دوورە وڵاتانە بێ‌ کە درێژەدەری ئەو رێگایە بوون و بە کۆڵنەدانیان خەون و خەیاڵی رێژیمە سەرکوتکەرەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە.


سڵاو لە هەموو زیندانیانی سیاسی کورد بە تایبەت ئەو رۆڵە قارەمان و چاونەترسانەی رێبازی کۆمار کە ئێستا بە تاوانی کورد بوون و وەفاداری بە رێبازی پێشەوا و حیزبەکەی، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە زیندانە بەدناوەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەند کراون.


سڵاو ‌و سپاسی دووبارە بۆ ئێوەی خۆشەویست کە بە ئامادە بوونتان، ئەو رێوڕەسمە بەشکۆیەتان رازاندەوە و بە دوژمنی نەتەوەکەمانتان نیشان دا کە ئەگەر لە مەهاباد پێتەختی خوێناوی و سەربەرزی کۆماردا، خەڵکی مهاباد و باقی شارەکانی کوردستان لە بەر زەبر و زەنگی رێژیمی کۆماری ئیسلامی رێگەیان پێ نادریت لە مەیدانی چوارچرا بە ئاشکرا یادی کۆمارە ساواکەیان بکەنەوە لە هەولێر پێتەختی بەشێکی دیکەی کوردستان و لە هۆڵی پێشەوا و بە بەشداریی کوردەکانی هەموو پارچەکان ئەو یادە بەرز رادەگیرێ و سنوورەکان ‌و زۆرداری دیکتاتورەکان ناتوانی هیچ شتێک لە‌و راستییە بگۆڕی کە کورد یەک نەتەوە و کوردستان یەک خاکە.


بەرز‌و پیرۆز بێ‌ یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان

هەر شەکاوە بێ‌ ئاڵای کۆمار لە سەرتاسەری خاکی کوردستان
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٩ لەم ژمارەیەدا:

ــ خەباتی ڕۆژهەڵات بەردەوامە
ــ پرسی رێفراندۆم
ــ لە سەروەری نەتەوەییەوە هەتا کلۆنی بوون
ــ ژن پڕۆسەی ژێر دەستی سیاسەتە؟
  • پرسی رێفراندۆم پرسی رێفراندۆم
    تەنیا رێفراندۆمی دێموکراتیک و واقیعی دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی و نووسینی یاسایەکی بنەڕەتی لەسەر ئەساسی پرەنسیپەکانی دێموکراسی و ژیانی ئازاد و یەکسانی هەموو نەتەوەکانی نێو ئێران دەکرێ، کە لەو گشتپرسییەدا ئەو یاسایە بخرێتە دەنگدانەوە و ببێ بە پەیمانی پێکەوە ژیان، نەک ئامرازی پیرۆزکردنی وەهمەکان و شمشێری کوشتاری خەڵک.
  • زستان لە کولتووری کوردەواریدا زستان لە کولتووری کوردەواریدا
    ئەو ڕۆژهەڵاتناس و نووسەرە گەڕیدانەی کە لەبارەی مێژوو، جوگرافیا و فەرهەنگی کورد و کوردستان نووسیویانە، هەموویان لە سەفەرنامەکانی خۆیاندا جەختیان لەسەر زستانی سەخت و تەڕ و تووشیی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کردووە. هەرچەند ئێستا لەژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانیدا و بە گەرمدا هاتنی کۆی گۆی زەوی، کەشی کوردستانیش، گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
  • عەبدوڵا حیجاب: هه‌نگاو و سیاسه‌ته‌كانی ڕووحانی هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌كانی باقی كاربه‌ده‌سته‌ هه‌ره‌ توندڕه‌وه‌كانی ڕێژیم نه‌بووه‌ عەبدوڵا حیجاب: هه‌نگاو و سیاسه‌ته‌كانی ڕووحانی هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌كانی باقی كاربه‌ده‌سته‌ هه‌ره‌ توندڕه‌وه‌كانی ڕێژیم نه‌بووه‌
    پشتیوانی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی ئەو وڵاتە و هەروەها مەسەلەی "بەرجام" دوو تەوەری سەرەکیی یەکەم وتاری ساڵانەی سەرکۆماری ئامریکا بوون, کە بەرچاوترین جیاوازی لە سیاسەتی دەرەکیی ئەو وڵاتە بە نیسبەت ئیدارەی پێشووتری ئامریکا بەهەژمار دێن؛ بۆ شرۆڤەی زیاتری ئەو وتار و سیاسەتە کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی ئێراندا، سەرنجتان بۆ ئەم وتووێژەی کوردستان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا حیجاب، چالاکی سیاسی ڕادەکێشین.
  • خۆپیشاندانەکان چیمان لێدەخوازن؟ خۆپیشاندانەکان چیمان لێدەخوازن؟
    ئەوەتا دیسان دروشمگەلی وەک مردن بۆ دیکتاتۆر، نەمان بۆ خامنەیی، رێفۆرمخوازان ـ بناژۆخوازان ئیتر بەسە لەگەڵتان سازان( اصلاح طلب، اصولگرا، دیگر تمام است ماجرا) سەری هەڵداوەتەوە. رەنگە سەرکوت و گرتن و لێدان و کوشتن رەوتەکە هەندێ جار کز بکا، بەڵام وەستانی بۆ نییە. ئەگەر شەپکە هێندە بۆ رێژیمی ئاخوندی توندە، ئێمەی کورد دەبێ چی بکەین؟
  • تارماییەکان لەنێو سۆشیال‌میدیادا تارماییەکان لەنێو سۆشیال‌میدیادا
    سۆشیال میدیا چ وەک دیاردە و چ وەک دەرفەت زۆر بەستێنی بۆ کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی‌نێوەراست خوڵقاندووە.
  • گوڵوەنی، هێمای خۆڕاگری نەتەوەیەکه گوڵوەنی، هێمای خۆڕاگری نەتەوەیەکه
    فەرهەنگ هەموو بەها، رەوت و نموونە ڕەفتارییەکانی نێو کۆمەڵگەیەک لەخۆ دەگرێت و وڵات و نەتەوەکان لە یەک جیا دەکات، ئەگەرنا هەموو کۆمەڵگەکانی ئەم جیهانە دەبوو وەکوو یەک بن.
  • ئەدەب لە سیاسەتی بەرپرسانی ڕێژیمدا ئەدەب لە سیاسەتی بەرپرسانی ڕێژیمدا
    "ئەدەب"، وشەیەکە کە بیسەر یان خوێنەر بە بیستنی چ بە شێوەی "شهودی" و چ بە جۆری "منطقی" کۆمەڵێک نۆرمی پڕ بەهای دەکەوێتە مێشک کە هەر مرۆڤێک بە بوونی ئەو بەهایە، کەسایەتییەکی قورس و جێگەی متمانە پەیدا دەکات و لە لای خەڵکی دیکە وەک مرۆڤێکی باش سەیری دەکرێت و حورمەتی لێدەگیرێت؛ ئەدەب بەنرخترین سەرمایە و میراتی ژیانی مرۆڤایەتییە کە مرۆڤ لەگەڵ ژیانی خۆیدا بە کۆڵی دەکێشێت.
  • ژن و سیاسەت ژن و سیاسەت
    دەرکەی سیاسەت لە ڕێگەی بنەماڵە، قوتابخانە، ڕۆژنامەکان، تەلەفزیۆن و هەروەها ململانێیە سیاسییەکانەوە بە ڕووی تاکدا دەکرێتەوە و تاک لە سەر ڕۆڵی دەوڵەت و دەزگا و دامەزراوەکانی سەر بە دەسەڵات هەرچی زۆرتر ئاگایی پەیدا دەکات. هێنانەکایەی سیستمێکی دێمۆکراتیک لەو وڵاتانەدا کە حکوومەتێکی نادێمۆکرات و سەرکوتکەریان ئەزموون کردووە، ئەنجامەکەی تەنیا بە شکست خواردن و سەرکوت کردن گەیشتووە؛ لەم جۆرە وڵاتانەدا بنەماڵەکان بەردەوام ئەوە بە گوێی منداڵەکانیاندا دەچرپێنن کە کاریان بە سیاسەتەوە نەبێت و بەشداریی تێدا نەکەن، نموونەی بەرچاوی ئەم وڵاتانە و ئەم کۆمەڵگەیانە، کۆمەڵگەی کوردەوارییە.
  • تویتێک کە ترامپ هیچکات ناتوانێ بینێرێت تویتێک کە ترامپ هیچکات ناتوانێ بینێرێت
    لە ٨ی ژانویەدا، "تهران تایمز" راپۆرتی دا، کە بەپێی راپۆرتی بەرپرسی بەشی بەڕێوەبەریی ویشکەساڵی و قەیرانەکان لە دامەزراوەی کەشوهەواناسی ئێراندا، "نزیک بە ٩٦ لە سەدی سەرانسەری ناوچەکانی ئێران بەدەست ئاستی جیاوازی ویشکەساڵی درێژەکێشراوەوە دەناڵێنن".
  • خەباتی ڕۆژهەڵات بەردەوامە خەباتی ڕۆژهەڵات بەردەوامە
    خومەینی لە فتواکەیدا بڕیاری بە هەموو هێزە چەکدارەکانی دا، کە تا کۆتایی هاتنی کێشەی کورد لە کوردستان نەکشێنەوە؛ دوابەدوای ئەم بڕیارە ئایینییە بۆ ڕشتنی خوێنی کورد، کارەساتبارترین قۆناغی شۆڕش لە کوردستان دەستی پێکرد و خەڵک لە شار و گوندی کوردستان کەوتنە بەرپەلاماری هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم. بە هاتنە ئارای ئەم دۆخەش، گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناچار بوو بۆ پاراستنی کەرامەت و شەرافەتی نەتەوەکەی و پارێزگاری کردن لە نیشتمانی ئەهورایی کوردان، دەس بۆ چەک ببات و فازی خەباتی چەکداری دەستی پێکرد.
  • ڕاسان و پێشمەرگە ڕاسان و پێشمەرگە
    لە وەڵامی ئەو داوا و چاوەڕوانیەدایە کە پێگەی دروستی پێشمەرگە لە راساندا دەدۆزرێتەوە: ئامادەبوونی پێشمەرگە لە نێو دڵی خەڵک بۆ ورەدان بە خەبات و پاراستنی خەڵک لە ئاگری ڕێژیم؛ ئەمە ئەرکی نوێی پێشمەرگەی سەردەمی راسانە.
  • فەرەیدوون ئەرشەدی: شێعر و هونەری کوردی له ڕۆژهەڵات، بە هەر ڕێباز و شێوە و دەربڕینێکەوە کە بێتە بەرهەم، هونەر و شێعر و ئەدبیاتی مقاومەت و بەرگرییە! فەرەیدوون ئەرشەدی: شێعر و هونەری کوردی له ڕۆژهەڵات، بە هەر ڕێباز و شێوە و دەربڕینێکەوە کە بێتە بەرهەم، هونەر و شێعر و ئەدبیاتی مقاومەت و بەرگرییە!
    هەر تەوژم و تەکانێکی ئەدەبیی، هونەری و هزریی،کاردانەوەیەکی عەقڵانی، ئەخلاقی و جوانیناسانەیە بەرانبەر بە تەکان و تەوژمی کۆمەڵگە، یان لانیکەم ئەو تەوژمە نادیار و شاراوە کە لە ژێر پێستی هەست و نەستی کۆمەڵگە، یا بەشێکی زۆر حەساس و کارای دا، دەژیت و درز دەخاتە پێستی قەتماغەبەستووی ژیانی رۆژانە.
  • مستەفا هیجری: خۆپیشاندانەکانی ئێران، ئاکامی بێزاری و ناڕەزایەتیی خەڵک لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتداریی ئەو ڕێژیمەیە مستەفا هیجری: خۆپیشاندانەکانی ئێران، ئاکامی بێزاری و ناڕەزایەتیی خەڵک لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتداریی ئەو ڕێژیمەیە
    دەقی وتووێژی رۆژنامەڤان (ئەکرەم ئاڵتوون) لەگەڵ مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بۆ ئاژانسی "سپوتنیک کوردستان"
  • شەڕی هەمەلایەنەی رێژیم بە دژی ئێمە، پێویستی بە بەرپەرچدانەوەیەکی هەمەلایەنە هەیە شەڕی هەمەلایەنەی رێژیم بە دژی ئێمە، پێویستی بە بەرپەرچدانەوەیەکی هەمەلایەنە هەیە
    لەو ساڵانەی دواییدا رێژیم هەم لەکوردستان و هەم لە دەرەوەی وڵات لە رێگەی چالاکییە سیخورییەکانییەوە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری بووە لە سەر ئوپۆزسیۆن بە گشتی و لە سەر حیزبی دێموکرات بە تایبەتی؛ یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجەکانی رێژیم لەو چالاکییانە دەسنیشانکردنی کەسایەتییە چالاکەکانە بۆ ئەوەیکە بە پیلان هەوڵی تێکدانی باڵانسی ئەوان بدات لە بواری سایکۆلۆژییەوە تاکوو نەتوانن هاوسەنگی فیکریی خۆیان ڕابگرن و فوکووسی خۆیان بخەنە سەر بەربەرەکانی لەگەڵ رێژیم.