کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە رۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوەچوو

12:48 - 11 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە شاری کەمبریجی ئەیالەتی ئونتاریۆ لە رۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەم رێوڕەسمەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەرانی رێکخراو و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی و ئێرانی، بەشدار بوون.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب لەلایەن کۆڕی سروودی کرماشانـەوە و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژهەڵاتی کانادا، بەبۆنەی ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لەلایەن سەعید گوڵشەن ئەندامی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.
دواتر پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی ئەم پارت و لایەنانە لەلایەن نوێنەرەکانیانەوە خوێندرایەوە:
ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

ــ پارتی دێمۆکراتی کوردستان

ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ــ بەرەی گەلی عەرەبی ئەحواز

ــ فیداییانی خەڵکی ئێران، زۆرینە
لە نێوئاخنی ئەم رێوڕەسمەدا چەندین پارچە هۆنراوە و شێعر لەلایەن کەژاڵ و سەلاح محەممەدییەوە خوێندرایەوە و شێعرێکیش لەژێر ناوی بۆ کۆماری کوردستان لەلایەن بەڕێز سەعید محەممەدـەوە پێشکەش کرا.
رێوڕەسمەکە بە گۆرانیی گۆرانی‌بێژان و هەروەها شایی و هەڵپەڕکیی بەشداران کۆتایی پێهات.