کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی زیندانییەکی سیاسیی کورد ناڕوونە

13:32 - 11 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: پەروەندەی شێرکۆ موعارفی زیندانی سیاسیی کورد کە بە ئیعدام مەحکووم کراوە، هەروا لە کومیسیۆنی لێبوردنی شاری سنە، بە بێ وەڵام ماوەتەوە.
ماڵپەڕی هرانا بڵاوی کردەوە، شێرکۆ موعارفی زیندانیی سیاسیی زیندانی شاری سەقز کە لەلایەن دادگای ئینقلابەوە سزای ئیعدامی بەسەردا سەپاوە چاوەڕێی وەڵامی کۆمیسیۆنی لێبوردنە.
شێرکۆ موعارفی زیندانی سیاسیی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، لە رێکەوتی ٩ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی دەسبەسەر و لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی دژایەتیی خودا و پێغەمبەر سزای ئیعدامی بەسەردا سەپا.
پەروەندەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە نێردرا و ئەم لقەش ئەو سزایەی تەئید کردەوە و لە رەزبەری ساڵی ١٣٨٨یش دادگای بەرزی ئێران، ئەو سزایەی تەئید و لەو کاتەوە هەتا ئێستا شێرکۆ لەژێر حوکمی ئیعدام دایە.
ئەم پەروەندەیە رادەستی کومیسیۆنی لیبوردنی پارێزگای سنەش کراوە، بەڵام هەتا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە.
شێرکۆ لە خاکەلێوەی ئەمساڵێشدا لەمەڕ بارودۆخی ناڕوونی خۆی لە زیندان بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی، دەستی دایە مانگرتن.