کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ لە ٥‌مین سیمپۆزیۆمی سویس لەسەر پەنابەران

14:58 - 13 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: تەیموور ئەلیاسی وەکوو نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ لە ٥‌مین سیمپۆزیۆمی سویس بەشدار بوو.
بەپێی راپـۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ٥مین سیمپۆزیـۆمی ســویس (th Swiss Symposium on Asylum 5) لەسەر پرسی پەنابەران‌ لەلایەن ئیدارەی پەنابەرانی سویس (ODM)، کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR)، رێکخراوی پەنابەرانی سویس (OSAR) و بە بەشداری فەرمی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران لە رێکەوتی ٣٠ و ٣١ی ژانوویەی ٢٠١٣ لە بـێرن پێتەختی سویس بەڕێوە چوو.
ئامانجی سەرەکیی سیمپۆزیۆمەکە کە ٢ رۆژی خایاند تاوتوێ کردنی پرسی پەنابەران بوو‌ و دەیان پسپۆر و کارناس، پارلمانتار و رێکخراوی بواری قانوونی و پشتیوانی لە پەنابەران بەشدار بوون.
میوانی سەرەکیی سیمپۆزیۆمەکە‌ خاتوو سیمۆنیتا سومارۆگا وەزیری دادی سویس لە وتارێکی گرنگدا تیشکی خستە سەر هێندێ خاڵی سەرەکیی سیاسەتی نوێی وەزارەتەکەی لەوانە گرنگی ئینتیگراسیۆنی پەنابەران، خێرا کردنی پرۆسەی پەنابەری، بەشداریی رێکخراوە مەدەنییەکان لە داڕشتنی قانوونی نوێ، پشتیوانی لە پەنابەرانی سووریە‌ و بەرپەرچ دانەوەی راسیزم لە وڵاتی سویس.
لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، تەیموور ئەلیاسی نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ خاتوو سوزین پارک سەرۆکی شاخەی سویسی (UNHCR)، ماریۆ گاتیکر بەرپرسی ئیدارەی پەنابەرانی سویس و چەندین کەسایەتیی بەشدار لە کونفرانس دیداری پێکهێنا.
ئەلیاسی لە دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی رێکخراو و ئیدارە‌ پەنابەرییەکان و دەوڵەتییەکان، داوای لە بەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی پرسی پەنابەرانی کوردی کرد. هەروها ئیشارەی بەوە کرد کەلە پرۆژەکانیان بۆ پەنابەرانی سووریە لە وڵاتانی هاوسنوور، UNHCR و ODM نابێت پەنابەرانی کوردستانی سووریە لە هەرێمی کوردستان لە بیر بکەن.
یەکێک لە ئامانجەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، پشتیوانی کردنی پرسی پەنابەرانی کوردە لە وڵاتی سویس و ناوەندە نێونەتەوەییەکاندا. کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان‌ لە پرۆژەیەکی کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR) کە لەو کۆنفرانسەدا پێشکەش کرا لە‌ژێر ناوی ئالتێرناتیڤێکی دیکە لە جیاتی ژیانی پەنابەران لە کەمپەکانی پەنابەری هاوکاری کردبوو.