کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگهێشت کردنی چالاکانی کرێکاری بۆ ئیدارەی ئیتیلاعاتی شاری سەقز

15:00 - 7 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: بە نزیک بوونەوەی رۆژی جیهانیی کرێکار، گوشار بۆسەر چالاکانی کرێکاری زیادی کردووە و چالاکانی کرێکاری بانگهێشتی ئیتیلاعات کراون.


بەگوێرەی راپۆرتی کۆمیتەی هاوئاهەنگیی بۆ یارمەتی دان بە دروست کردنی دامەزراوە کرێکارییەکان، رۆژی سێ‌شەممە، رێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی عومەر شاکری، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتیلاعاتی شاری سەقز کراوه.
عومەر شاکری بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لە ئیداری ئیتیلاعاتدا راگیراوە و پێیان راگەیاندووە، بەڕێوەبردنی هەر چەشنە رێوڕەسمێک بە بۆنەی (١ی مانگی مەی) قەدەغەیە و لە ئەگەری بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی رۆژی کرێکار، بە توندی بەرەوڕووی دژکردەوە دەبنەوە.
هەروەها لەو پێوەندییەدا چالاکێکی دیکەی کرێکاری بە ناوی حوسێن مورادی، ئاگادار کراوه‌ته‌وه که رۆژی سێ‌شەممەی داهاتوو بەرانبەر بە ١ی مانگی مەی، کاتژمێر ٩ی سەرلە بەیانی له ئیدارەی ئیتیلاعاتی شاری سەقز ئاماده‌ بێت.
بەپێی راپۆرتی کۆمیتەی رێپۆرتێرانی مافی مرۆڤ، چالاکێکی دیکەی کرێکاری بەناوی مەحموود ساڵحی، لەلایەن ئیدارەی ئیتیلاعاتی شاری سەقزەوە ٢ جار بە تەلەفوونی بانگهێشت کراوە. هەروەها ناوبراو راشیگەیاندووە کە تووشی هیچ تاوانێک نەبووە و بە پێویستی نازانێت سەردانی ئیدارەی ئیتیلاعات بکات.
مەحموود ساڵحی هەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری سەقزەوە دەسبەسەر کراوە.