کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یەک ساڵی رابردوودا لەسەدا ٤٠ی ماسیگران بێکار بوون

22:54 - 10 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: بە سرنجدان بە قەدەغە کردنی راوە ماسی، ماسیگران ناچار بە هاوردە کردنی ماسی دەبن و لەسەدا ٤٠ی ماسیگرانی ئێران بێ‌کار بوون.
بەپێی راپۆرتی ئیلنا، بەرپرسی یەکیەتیی ماسیگران، گوتوویەتی: لە سەدا ٤٠ی ماسیگرانی ئێران پاش ئامانجدار کردنی یارانەکان لە یەک ساڵی رابردوودا بێکار بوون.
محەممەد کارگەر هەواڵی قەرزدار بوونی ماسیگرانی بە دەوڵەت بڵاو کردۆتەوە و گوتوویەتی: ژمارەیەکی زۆر لە ماسیگران بە هۆی نەبوونی توانایی لە دانی قەرزەکانیان، وەرشکست بوون.
ئەو چالاکە کرێکارییە، زیاد بوونی رێژەی تێچووی سەفەرە دەریاییەکان لە ئاکامی گران بوونی نرخی سووتەمەنی پاش بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی ئامانجدار کردنی یارانەکان و کەم کردنەوەی پاشکەوتە دەریاییەکان، بە گرینگترین هۆکاری زێدە بوونی بێکاری ماسیگران لە قەڵەم دەدات و لەو پێوەندییەدا گوتی: لە ئەگەری پێڕەو نەکردنی سیاسی پاڵپشتیی ماسیگران، رەوتی بێکاریی ماسیگران روو لە زیاد بوون دەکات.
بەرپرسی یەکیەتیی ماسیگرانی بووشەهر وێرای ئاماژە بەوە کە پارێزگای بووشەهر ٧٠٠ کیلۆمیتر پانایی قەراخ‌ئاوەکان لە خۆ دەگرێ، گوتی: خەڵک مافی خۆیەتی لە دەریا بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان کەڵک وەربگرن، بەڵام ئەو نیگەرانییە لە ئارا دایە کە پاش قەدەغە کردنی ماسی گرتن، ناچار بە هاوردە کردنی ماسی بین.
بە پێی وتەی ناوبراو، ماسیگران لەو بڕوایەدان کە ئەگەر ماسی هاوردە بکەن و بە فرۆشی بگەیەنن قازانجی بۆ ئەوان زیاترە.
محەممەد کارگەر هەروەها خوازیاری دابەزینی تەمەنی خانەنشین کردنی ماسیگرانە و گوتوویەتی: ماسیگران بەو هۆیەوە کە کارێکی پڕئەستەم و دژواریان هەیە، پاش ١٥ ساڵ توانای کارکردنیان لەو پیشەیەدا نامێنیت و هەنووکەش تەمەنی خانەنشین کردنیان نادادپەروەرانەیە.