کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشار له‌سه‌ر کرێکارانی کوردستان به‌رده‌وامه

18:43 - 11 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: سەرەڕای دەرکران و نەدانی مووچەی کرێکاران لە کوردستان، ئیزنی هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیشیان پێ نادەن.


هەڕەشەی هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر چالاکانی کرێکاری، بە تایبەت لە سەروبەندی رۆژی جیهانیی کرێکار چڕتر بۆتەوە و دەسبەسەر کردن و بانگهێشتیان زیاتر لە جاران توندوتۆڵ‌تر بۆتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ هاریکاریی پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان، لە درێژەی هەڕەشە له چالاکانی کرێکاری لە شاری سنە، ٦ هاووڵاتی بە ناوەکانی مەجید حەمیدی، کوورۆش بەخشەندە، غالب حوسێنی، خالید حوسێنی، فەردین میرەکی و کەریم لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە هەڕەشەیان لێکراوە کەلە ئەگەری بەشداری لە رێوڕەسمەکانی ١ی مەی واتە رۆژی کرێکار بەشداری بکەن، دەسبەسەر دەکرێن.

810.jpg

هەر لەو پێوەندییەدا ئیدارەی ئیتیلاعاتی شاری سنە، لە رێکەوتی ٩ی بانەمەڕ لە رێگای تەلەفوون، یان حوزووری، هەڕەشەیان لە ژمارەیەک چالاکی کرێکاری کردووە و پێیان راگەیاندوون، لە ئەگەری بەڕێوەبردنی هەر جۆرە رێوڕەسمێک بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکار، دەسبەسەر دەکرێن.
پەرەسەندنی دەرکرانی کرێکاران لەسەر کارەکانیان
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دروست بوونی قەیران لە یەکەکانی بەرهەمهێنان لە شاری کرماشان، دەرکرانی ١١٠٠ کرێکاری لێکەوتۆتەوە.
بەپێی ئەم سەرچاوە لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە بە توندتر بوونەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لە دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەرکران کرێکاران و داخرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی لێ کەوتۆتەوە کە شیرکەتەکانی وەک، شیرکەتی ماهیدەشی کرماشان، شیرکەتی پوویا غەرب و شیرکەتی جیهان فوولادی غەرب و شیرکەتی چینیی کورد ئاماژ پێ بکەین، کە لەم شیرکەتانەدا زیاتر لە ١١٠٠ کرێکار لەسەر کارەکانیان دەرکراون و هێندێکیشیان لە دانی حەق‌دەستی کرێکاران، خۆیان بواردووە.
هەروەها بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕی کرماشان پۆست، ٧٠ کارێکاری شارەوانیی شاری قەسری شیرین لەسەر کارەکانیان دەرکراون.
لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران باس لە زێدە بوونی ئاستی هەناردە کردن لە شاری قەسری شیرین و بازار و گومرگ دەکەن، بەڵام پشکی کرێکاران لەو هەموو بەڵینییانە تەنیا بێکارییە.
لەم چەند مانگەی رابردوودا بە هۆی داسەپاندنی گەمارۆی ئابووری لەلایەن رۆژئاواوە و هەروەها بەڕێوەبردنی نادروستی گەڵاڵەی ئامانجدار کردنی یارانەکان، زۆربەی کرێکاران لە کوردستان بەرەوڕووی دەرکران لەسەر کارەکانیان بوونەتەوە.

808.jpg

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە یەک ساڵی رابردوودا ١٠٠ هەزار کرێکار لە یەک هەزار یەکەی بەرهەمهێنان لەسەر کارەکانیان دەرکراون.
ئامارەکان باس لەوە دەکەن کەلە سەرەتای ساڵی ٩١ـەوە هەتا ئێستا لە شارەکانی کرماشان، قوروە، بۆکان، سنە، قەسری شیرین و مەهاباد، نزیکەی ١٤٠٠ کرێکار، بێکار بوون.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران لەهەمبەر ئەو بارودۆخە


بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەرییە چالاکەکانی مافی مرۆڤ، کۆبوونەوی ناڕەزایەتیی کرێکاران لە کوردستان لەمەڕ نالەبار بوون بارودۆخی کارەکانیان و پێڕاگەیشتن بە داخوازیاییەکانیان دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و کەلە ئاکامدا دەرکرانی چەندین کرێکاری ناڕازیی لێکەوتۆتەوە.

809.jpg

وەکوو نموونە دەتوانین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ١٥٠ کرێکاری کارخانەی فوولادی زاگرۆس لە شاری قوروە و هەروەها کۆبوونەوەی رۆژانەی کرێکاران لە هەمبەر دەرکی اداری تأمین اجتماعی لە شاری کرماشان، ناو بەرین.