کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

18:50 - 11 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەیاننامەیەک بە بۆنەی دیاری کردنی رۆژی ١٢ی بانەمەڕ وەکوو رۆژی مامۆستا، بڵاو کردەوە.


مامۆستایانی دڵسۆز و هێژا!

دیاری کردنی رۆژی 12ی بانەمەڕ له سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوه وەک رۆژی مامۆستا که رۆژی کوژرانی مورتەزا موتەهەرییه له خۆیدا دەرخەری راستییەکی حاشا هەڵنەگرە که ناوەڕۆک و ئیدئۆلۆژی تایبەتیی دەسەڵاتی حاکمان نیشان ئەدات. لێرەدا نامانەوێت بپڕژێینه سەر ئەم بابەتە. بەڵام ئەوەی گرینگه ئەمەیه که لەم رۆژەدا بەرپرسانی حکوومەتی بە وتەی خۆیان دەیانەوێ بە شێوەیەکی رواڵەتی رێز له کار و چالاکی مامۆستایان بگرن.
ئەم رێزلێنانە بێجگە له چەند وشە و رستەی فەلسەفی ‌و ئیدئۆلۆژی حاکم، شتێکی دیکە نەبووە و هیچ گۆڕانکارییەکی له ژیانی مامۆستایاندا پێکنەهێناوە.
روون و ئاشکرایه که یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمەش دەگەڕێتەوه بۆ نەبوونی سەندیکایەکی‌ سەربەخۆی مامۆستایان که پشتیوانی له خواست و چالاکییەکانیان له بوارگەلی جۆراوجۆر وەک وانه وتنەوه، داڕشتنی پەرتووک‌ و ئازادی بیروڕا دەربڕین ‌و پێداویستی ژیانیان بکات. لەم سیستمه برۆکراتیکەدا مامۆستا و قوتابی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ بردنەپێش و سەقامگیر کردنی ئیدئۆلۆژی حاکم سەیر دەکرێن ‌و دەبێ له چوارچێوەیەکی دیاریکراودا هەنگاو بنێن. هەر بەم هۆیانەوە دەبینین که چەمکی مامۆستا واتای راستەقینەی خۆی لە ده‌ست داوه ‌و سیستمی پەروەرده ‌و بارهێنانیش له ریسالەتی مێژوویی خۆی گەلێک دوور کەوتۆتەوه.
مامۆستایانی بلیمەت و ماندوویی نەناس!

به هۆی خەراپ بوونی ژێرخان و بنچینەی ئەم پەروەردەیه، هەرچەشنه گۆڕانکاریەکیش که لەلایەن کاربەدەستانی سەرەوە دەکرێت نە تەنیا دەرئەنجام ‌و ئاکامێکی پۆزەتیڤی لێ ناکەوێتەوه بەڵکوو دۆخه هەنووکەییەکه نالەبارتر دەکات. لە راستیدا به هۆی بنەما فکرییه چەقبەستووەکانی بەرپرسان، ئەوانیش لەم گێژاوەدا تەنیا خول دەخۆن و یاری به عەقڵ و ئەندیشەی پێشکەوتنخوازی زانستی ‌و سەردەم دەکەن. شۆڕشی فەرهەنگی ‌و داخستنی زانکۆکان، گونجاندنی ئیدئۆلۆژی سەده ناوەڕاستیی حاکمیەت، دانی نومرەی به لێشاو، دامەزراندنی موجتەمەعەکانی ئاموزشی، گۆڕینی قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی، جیا کردنەوەی کوڕان و کچان،... هتد گشتیان ئاماژه بۆ دەستەوەستانی بەرپرسانی حاکم لەم پێناوەدا دەکات.
مامۆستایانی خۆشه‌ویست!

باس له مامۆستا و کار و تێکۆشانی بێ باس کردن له قوتابی بێ مانایه. هەر لەم روانگەیەوه بۆمان دەردەکەوێ قوتابیان یەکەم قوربانی ئەم سیستمه فێرکاری و بارهێنانەن که‌له ئاکامدا دوای به فیڕۆ چوونی کات و هێزێکی زۆری ئینسانی، کەسانێکی شیاو و بە توانایان بۆ کۆمەڵگا لێ دروست نابێت. هەمووی ئەم راستیانه دەمان هێنێته سەر ئەو باوەڕە که وەک توێژی خەمخۆری دواڕۆژی خاک و نیشتمان بەرپرسایەتی راستەقینەی خۆمان له بیر نەکەین و لەم بەستێنەدا ماندووی نەناسانەتر لەجاران به ئەرک و ریسالەتی مێژوویی خۆمان هەلسین و به دڵێکی پڕ له شۆڕش و هیوا بۆ داهاتوویەکی گەش و نزیک که منداڵی کوردیش له قوتابخانه دوور له هەرچەشنه ئیدئۆلۆژییەک، وانەی خۆشەویستی مرۆڤەکان، ئازادی و بەرابەری، زانست و هونەر بخوێنێت. له کۆتاییدا دەبێ‌ بڵێین که باشترین و بە نرخترین دیاری و پێزانینی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر زەحمەت و ماندوو بوونی بێ وچانی مامۆستایان و دڵسۆزانی قوتابخانەکان هاوکاری و هاوئاهەنگی چاڵاکتریانه هەتاکوو به پشتیوانی ئەوان پێڕاگەیشتنی باشتر یان رەوشی پەروەردە و بارهێنانی جگەرگۆشەکانیان بەرەو باشتر بوون بچێت و خەسارەکانی ئەم سیستمه ناکارامەیه هەتا رادەیەک قەرەبوو بکەینەوه
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
11بانەمەری 1391