کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی منداڵان بپارێزن ( عەلی بازیار)

23:25 - 14 بانەمەڕ 2713

عەلی بازیار

ئەوان ھەر لە مێژە قۆڵبەس کراون و لە نێو بەندیخانەی کات و شۆێنی دیاریکراودا دەژین! کات و شوێن و رادە وەک تەوقێ لە ملی گاڵتە و گەمە و پێکەنین و ھەستی ژیانەوەی منداڵیانا بوو.

ھەر لە نێو حەوشەی ماڵی خۆیان بە ھاواری دەسەبەشو بە پەلە ئەھاتنە دەرەوە و لە ھەر چرکەیەکدا جارێ تماشای دەرکەی ماڵی خۆیانیان ئەکرد و لە ترسی دایک و باوکیاندا قەد نەمدی وەک ھەموان پێکەنن و حەز بکەن!
لە کایەی قەلەقەلەدا ئەگەر گول بوایەن پێش چاو بەستن دەجار تکایان ئەکرد کەس نەچێتە خواری کۆڵان و یا ئەو کۆڵانەی پشتەوە و ئێمە ئەمانزانی کە ئەو شوێنانە بە حوکمی دایک و باوکیان وەک ئەرزی حەرام وایە بۆ ئەوان و مافی ئەوەیان نیە لە ماڵی خۆیان دور ببنەوە!

یەک چرکە لە کاتی دیاریکراو لای بدایە بە توڕەیی ئەھاتن و لە گەرمای گەمە و ھەڵخستنەوە، ئەیاننەوی لە گوێچکەیان و بە فەلاقە بەرەو ماڵ ئەیانیانبرد!
ئێمەیش دوای ماوەیە ماق بون بە یەکجاری ئەکەوتەوە بیرمان کە تازە ئازادی دەستی پێکردوە و تا دو سێ کۆڵانی دەور و بەر بەربڵاوتر بوە و قەد لە مەترسیەکان نەدەترساین.
ئەوان دو سێ منداڵی داماوی ماڵی دەوڵەمەند و دەسەڵات داری 30 ساڵ لەمەوبەری کۆڵانی ئێمە بون و ھەر ئەو کاتە منی منداڵی ھەژار و ھاوریانم بەزەییمان ئەھاتۆ پیایانا و فرمێسکمان بۆ ئەڕیشتن.

ئیستە دە پانزە ساڵە بە داخێکی گرانەوە وەک مامۆستایە لە مەکتەب و وەک مرۆڤێکی کورد لە کوردستان بە رونی ئەبینم کە کۆمەڵگای کوردەواری لە باتی سڕینەوەی مەترسیەکان و باز کردنی کۆت و زەنجیری کات و شوێن لە قۆڵ و دەستی ھەستی منداڵانەی ئەوان, بە پێچەوانە منداڵانی ھەژاری بە دەردی ئەوان گرفتار کردوە و ھەر رۆژێکو شادیەکیان لێ ئەدزێ! لە باتی ئازاد کردنی ئەوان منداڵانی تر زیندان ئەکات!
ـ لە کاتێکدا ھەست و بیر و مێشک و گوێ و چاوی منداڵان سێ ئەوەندەی گەورەکان تیژتر و تینوتر و بەھێزتر و بەربڵاوترە، دایک و باوکی ئەمڕۆ وەک سەفیری مەرگ و نەمان ناھێڵن منداڵی داماویان ڕاستەوخۆ لە گەڵ سوروشت و ڕاستیەکانا بەرامبەر بێ و ھەر کاتێکو بە بیانوویە دەس تێ وەردان ئەکەن!
ھەر بە خۆیشیان واز ناھێرن و لە بەر کەم لەشی و سڕ و ساردی خۆیان و بە پێچەوانە جم و جوڵ و دەنگ و ھەرای ژیانەوەی منداڵانیان تەلەفزیۆن و سەتەلایت و گەمەی کومپیوتەریان کردوە بە پەتویە بۆ خنکاندنی ھەستی منداڵانە و گەشە کردن و ژیانەوەیان و پێش ئەوەی زمانی دایکی خۆیان فێر بن و دەس بە قسە کردن بکەن ئەوەندە وەک داربەلەک لە پای تەلەفزیۆنا دایان ئەکوتن کە ئیتر معتاد ئەبن و دواییش کە گەورە بون و کومپیتەرەکەیان لێ بو بە باوک، دیارە ھەر منداڵی داماو تاوانبارە!!

ئەو شتانەی کە منداڵ لە تەلەفزیون وەری ئەگڕێت بیرەوەری و بەسەرھات و تجربیاتی کەسانێکی ترە و گەرچی ھەر تەواو بێ نرخ نیە بەڵام استوکە و سێ چوار دەستی ناسیوە و نەخەۆش و لاواز و زۆر جاریش مدارۆبو ئەگاتە دەستی ئەم و دوپات و ھەزارپات بونەوەی ئەم کارە زانست و زانیاری بە گشتی لە بەرچاو ئەو منداڵە داماوە بێ نرخ ئەکات و قەد ناحەقیشی نیە. زانیاریە کە بە وشە و دەنگ و فرمول و پێچ و پڵوچ خۆێ ئەنوێنێ ھەر سەر دێرێتە ئێش و ھەستی جوانی و ژیان ئەکوژێ. دوژمنی ئەڤین و سوروشتە.

ھیچ شتێ لە سوروشتا ھەڵە نیە و ھەمو شتێ تابیعی یاسا و اسلوب و ھارمۆنیە تایبەت بە خۆیە و ئەگەر لە فێرکاری و بارھێنانا ئەم ڕاستیە بەرچاو نەگیریە وەک ئەوە وایە بۆ نواندنی جوانی گۆرانیەکی خۆش، لە باتی خۆێندن یا پەخش کردنی، دانە دانە نوتەکانی جیا کەیتەوە و یەک ساڵ باسی کەیت!

دیارە بوشایی جیگای کۆمپیوتەر لە ژوری منداڵانا زۆر مەترسیدارترە و ئەمڕۆ وەک قەلەم و دەفتەر ھەبونی پێویست بوە بەڵام بە بێ گومان ئەگەر قەرار بێ منداڵی ژێر دە ساڵ (بە تایبەتی) بلکێنێ بە خۆیەوە و گرنگترین دەورانی رشد و فێربون و پتەو بونی بناغەکانی ھەست و ھەناو و جەستەی توشی گرفت کا، نەبونی زۆر باشترە.

ـ تەنانەت پیرەژن و پیاوانی کوردیش کە شەو و رۆژ ئاواتی ژیانی پێشتریان ئەخۆن و سەر سوڕ ئەدەن بۆ کەم بایەخی ژیان لە ئیستادا کاتێ ئەگەیەن بە منداڵان وەک ھەموان سەریان لێ ئەشێوێ و بە ھەزارپات کردنەوەی وتەیەکی ناماقوڵ و پڕ لە پارادوکس سەر لە کۆمەڵگایش ئەشێوێنن:
- منداڵی ئیستە خۆی حەسابە! ئەو کات کەی ئەم شتانە بو!؟ ئیستە شوکر ھەمو شت ھەیە و ژیانیان خۆشە!

دایک و باوک و تەنانەت مامۆستایانی نەزانکاریش ھەر وا بیر ئەکەنەوە و بەو ئاسانیە وەک چەوسێنەرێکی ڕاستەقینە بە ھەزار بیانوی جۆرا و جۆر مافی منداڵانی داماویش وەک ژنانی کوردەواری ئەخۆن یا بەفیڕۆی ئەدەن!
ڕاستە کە دونیای ئەمڕۆ لە باری زانستی و پزیشکیەوە تا ڕادەیەکی زۆر پێشکەوتوە و ئیتر نەخۆشین و نەزانین و مەزھەب و ئایین وەک پێشتر خەڵک بە کوشتن نادا بەڵام ئەوە بەس ڕواڵەتی دونیای ئەمرۆیە و ئەگەر بەوردی بۆ ناخی بڕوانی بەداخەوە ئەو پێشکەوتنە بە بێ لە بەرچاو گرتنی مەترسیەکانی ژینگە زۆر منداڵانە و دەسەپاچە دێتە بەرچاوت.
مرۆڤی ئەمرۆ لە باوشی گەرمی دایکی سوروشتی خۆی ڕفێنراوە، ھێز و ھیوای ژیان و بەرخۆدانی زۆر کەم بوە و ئیستە فرەتر لە بونەوەرێ ئەچی لە دونیای مردوانۆ بە چەکی کیمیاوی و ناوەکی و دووکەڵ و درۆ و دەلەسە ھاتوە بۆ لە نێو بردنی زەوی.. دیارە لە دونیایە بەوچەشنە خاپورکەر و مردودا ژن دەستدرێژی پێ ئەکرێ و ئەسوتێ و منداڵێ داماویش ھەر ھیشتا سەری لە ھێلکە دەرنەھاوردوە:
دانیشە!
ترێقو بە!
دەنگت بەرز مەکەوە!
گەورەتر دانیشتوە!
لە کاتێکدا تاوانبارانی ڕاستەقینەی دونیای مردوی ئەمرۆ قەد دەنگیان لە منداڵەکانیان بەرز ناکەنەوە و تەنانەت دەم بۆڵە و شەڕ و ئاژاوڵەکانیان ئەبەنە ژوری خۆیان و ھەمو کۆمەڵگایان ھا لە خزمەت ئامانج و قیبلەی منداڵانا، ئیمە وەک داگیرکەران و چەوسێنەران و ڕەگەزپەرەستان ھەر کام بە تێڵایەکەوە، دانیشتوین خەریکن دانە دانە ھەمو ئەو زێڕ و گەوھەر و موریانەی کە شوناسی نەتەوەییمان سێ ھەزار ساڵە بە داماوی و ھەژاری کۆی کردوە و لە ناخی منداڵانی کوردا وەک پێشکەش دایناوە، ھەڵئەکۆڵین و بە تاوانی فاشیسم و ترور و ئایین و نەفامی وردی ئەکەین!
نازانم چ کولتور و نەتەوەیە لە دونیا ھەیە کە وەک پێغەمبەران معسوم بێت و ھیچ شتێکی نەبێ کە مایەی شەرم بێ!؟

ـ ھەزار جار لەوپەڕی سەرسڕمانا دیومە و بیستومە دایکان و باوکانی کورد بۆ بەخێو کردن و بە دونیا ھاوردنی منداڵەکانیان منەتباریان ئەکەن و ئەوەیشێان کردوە بە تێڵایە تر بۆ گیانی و ھەر کە لار جوڵاوە ئەیکوتن بە سەریا!! نازانم ھەرخۆتان بیرتان کردوەسۆ سەبارەت بەو فەرمایشتە!؟ ئەمەھاتو و ئەو وتی نەیویست و گەرەکی بو لوتفەکەتان بداتەوە!
ئەزانن گەنجێکی تازەپێگەشتو چەندە قوڵم و مەغرورە و ئاوەھا منەت بارکردن و تحت تعقیب کردنی زۆر جار یاخی ئەکات، ئەڕوات و ئیتر گەڕانەوەی بۆ نیە!؟
ـ خوانەکا منداڵی بنەماڵەیە ھەژار یا لادێیە کاڕێکی گرنگ بکات و لە شتێکا سەرکەوێت و خەڵک و میدیاکان پێێ بزانن (بۆ نمونە رتبەی تک رقمی کنکور):
ئێتر ئەبێ بە تێڵایەکەی تر بۆ سەرکوت کردنی ھەمو منداڵانی دەور و بەری ئەو منداڵە بە شعاعی تەواو کوردەواری!! ھەمو ھەڵەکانی خۆیان وەک دایک و باوک لە ژێر سیبەری ئەم روداوا حەشار ئەدەن!
خوا بتکوژێ! دایک و باوکی ئەو منداڵێان ھەیە و منیش دڵم خۆشە منداڵم ھەس!
ھەر وجاخم کوێر بوایە باشتر بو!
ھەر مرۆڤێ بۆ خۆی دونیایەکە. ھیچ مرۆڤێ بە تەواوی لە مرۆڤێ تر ناچێت و ھەلسەنگاندنیان پێکەوە کارێکی منداڵانە و زاڵمانەیە.(تەنانەت دو برا یا خوشکی دوقلویش)

ـ لە بیرمە لە مەکتەب کارنامەی پر لە بیستیان پێ ئەدام و بانگمیان ئەکرد بۆ سەر سەف و خەڵاتیان پێ ئەدام و بایان ئەکردە قولم و ئەمیانناردەوە بۆ ماڵەوە و منیش بە فیزێکۆ نیشان باوکمم ئەدا و ئەمگوت بروا ھەموی بیستە: ئەوەندە بەلایەوە بێ بایەخ بو کە ئەگەر چاوم لە کارنامەکەم ببریایە لە باتی کاغەز سیگار تەماکۆکەی تێ ئەپێچا!

چۆن ئەکرێ زانست و زانیاری بە ژمارە و نمرە نرخی بۆ دابنێریەت و پاشانیش ئەو نمرانە بن بە مەدرەک و مەدرەکیش بە سنت و دولار!؟
زانیاری لەت لەت بکرێت نرخی نامێنێ و ئەبێ پێکەوە لە مرۆڤا معرفت و بینش بخولقێنێ، شتێکی کولیە و تەنھا مرۆڤی ڕۆژھەڵاتی زەوی بەو ڕاستیە ئەزانێت و ڕۆژئاوایە کە خۆێ بە خودا ئەزانێ تا ئیستە نەگەیشتوە بەو ئاکامەی کە تەواو داھێنان و پێشکەوتنی ھۆکەی ئەوەیە کە مرۆڤی ئەوێ یەک لایەنە(تک بعدی) و دیارە بەس لەو لایەنەوە سەر ئەکەوێ بەڵام ئیتر ھیچ نابینێ و ئەوەندە بەرژەوەندی خواز و خۆپەرەستە ئەگەر تەواو مندالانی دونیا بسوتێ بۆی گرنگ نیە!
ئیستایش بە بیستەکانی من زانیاری لەت لەت کراوە بەلام کارێکی منداڵانەیە.
بیر لە خوشەویستی کەنەوە. بە رای ئێوە نافروشیەت!؟
ھەر ئیستە فیسبوک خەریکە بە لایک لەت لەتی ئەکا و لە داھاتودا چ مەعلوم بایی پەنج دوڵار خۆشەویستی (نەسکس) ماچێکت نەکەن!

سیستەمی پەروەردە و فێرکاری ئەمرۆی رۆژھەڵاتی ناوین بە گشتی و ئێران بە تایبەتی ئەوەندە منداڵانە و ناماقوڵ و لاوازە کە بە ڕاستی سودی لە گەڵ زیانی ئەوەندە جیاوازێکی بەرچاوی نەماوە! لە سەدا حەفتای بوە بە تاقی کردنەوە و تاقی کردنە و دیسان تاقی کردنەوە! کنکور لە ئێرانا وەک دێوێکی زەبەلاحی لێ ھاتوە: تەواو وەزارەتی ئاموزش و پرورش وەک کلکی!
وای لێ ھاتوە ئەگەر بێتو مامۆستایە داماو بڕوای بەو چەشنە فێرکاریە نەبێ، ھەر قوتابیەکانی خۆی دەری ئەکەن! ئێژن تۆ لە باتی تاقی کردنەوە ھەر شتمان فێر ئەکەی!!
ئەمڕۆکە ئیتر لە دونیا مەکتەبێ کە ئانلاین نەبێت و قوتابیان نەتوانن بە پێی رێنمونی مامۆستاکانیان خۆیان لە زەریای زانستا بە گشتی لێکوڵینەوە بکەن بگەڕن و فێربن و لە بیریان بمێنێ، ئیتر مەکتەب نیە و تەنانەت مەکتەبەکانی زۆرینەی وڵاتانی ئەفریقی ئانلاینن و لە حاڵێکدا لە ھەمو وڵاتانی دونیا بە ھێزترین ئنترنت لە ئیختیاری مامۆستایانیە زۆر بە داخەوە لە ئێرانا نە مەکتەبەکانی ئینتەرنتیان ھەیە و نە مامۆستاکانی!
بە دڵنیایی ئەگەر بزانم ماموستایانی دو سێ ساڵێ داھاتویش ھەر وەک مەلای حوجرەکانی کۆنی کوردەواری متکلم وەحدەن و ھەر بۆ خۆیان وەک رادیۆ خەریکی قسە کردنن، منداڵەکەم لەو مەکتەبە دێرمە دەرەوە. قوتابی قەدیم خۆی زیندو بو و ئەو شێوە ئەوەندە زیانی نەبو بۆی بەڵام ئەمرۆکە ئەتوانێ ھەتا ھەتایە زانست و فێرکاری لە بەرچاو منداڵ بخا!
ئەگەر مامۆستای زمانە ئەبێ پروژوکتور و اسلاید و وێنە و فلیمی لە گەڵ بێ
علوم ئەبێ لە ئازمایشگاە دەرس بوترێ
زیست شناسی لە نێو سوروشتا
حرفە لە کارگا (لە گەڵ مەکتەب و کتێبەکانی باشور ئەوەندە ئاشنا نیم)

بە داخەوە منداڵی ئێستا زۆر بێ ھێز و بێ ھەست و سڕ و داماو و داکەوتوە! لە گۆشەی ماڵ زیندانە، لە مەکتەب ستەم ئەبینێ، لە رۆژھەڵاتی ناوین بەشی ئەخورێ، لە دونیا ژینگەی ئەمرێ، و ھەتا بێ ئەو شتانە تنتر ئەبن! تکایە دایک و باوکانی بەڕێز تەنانەت بە دڕێنی ئەم نوسراوە و ھەڵگرتنیشی بوبێ (با لە بیرتان نەچێ)

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە