کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێك لەپێوەندی هەرێمی كوردستان لەشاری هەولێر

18:13 - 30 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: شاندێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەسەرپەرستی بەڕێز محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی، بەشداریی لەسیمینارێك لەژێر ناوی هەرێمی كوردستان لەهاوكێشەكانی سیاسەتی جیهانیدا لەشاری هەولێر، كرد.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی یەك شەممە رێكەوتی ٢٩ی بانەمەڕ لەلایەن پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دێمۆكراتی كوردستان سیمینارێك لەژێرناوی هەرێمی كوردستان لەهاوكێشەكانی سیاسەتی جیهانیدا بە بەشداری كەسایەتییە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، نوێنەرانی حیزب ‌و لایەنە سیاسییەكان، مامۆستایانی زانكۆ، پسپۆڕانی بواری سیاسی ‌و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێك هات.

لەو سیمینارەدا شاندێكی حیزبی دێمۆكرات لەسەر بانگهێشتی لیژنەی بەڕێوەبەری سیمینارەكە بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە بوو.

یەكەم تەوەری سیمینارەكە لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان لەسیاسەتی جیهانیدا لەلایەن بەڕێز دكتور شێرزاد نەجاڕ پێشكەش كرا و لایەنی ئابووری ، سیاسی ‌و فاكتەرەكانی شوێندانەر لەسەر پرسی نەتەوەیی كوردی لێكدایەوە.

لەدرێژەی سیمینارەكەدا بەڕێزان دكتور فرسەت سۆفی ‌و دكتور خاتوو ڤاڵا لەسەر فیدراڵیزم، مودێلە فیدراڵییەكان، تایبەتمەندی نەتەوە بوون ‌و پڕۆسەی دەوڵەت پێكهێنان، قەسەیان كرد.

تەوەری دووهەمی سیمینارەكە تەرخان كرابوو بۆ گۆڕانكارییەكانی سوریە ‌و وڵاتانی عەرەبی و رۆڵی هەرێمی كوردستان، كە لەلایەن دكتور سەباح سوبحییەوە پێشكەش كرا.

لەدرێژەدا خاتوو هیام عقیل لایەنە گرینگەكانی پرسی كورد لەسوریە ‌و خاڵە بەهێز ‌و لاوازەكانی لەم بەشەی كوردستان ‌و رۆڵی هەرێمی كوردستانی لەم خەباتەدا، شی كردەوە.

تەوەرێكی دیكەی ئەم سیمینارە كە لەسەر پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان ‌و توركیە بوو لەلایەن دكتور بەیار ‌و دكتور جووتیار بەڕێوە چوو ‌و لەم بەشە لەباسەكەیاندا رەوتی پێوەندییە سیاسیی و ئابوورییەكانیان لەساڵی 1991وە هەتا ئێستا هێنایە بەر باس.
لەبەشێكی دیكەی سیمینارەكەدا باس لە رەهەندە ئابوورییەكان ‌و ئاسایشی وزەوە كرا و كۆڕگێڕی ئەو دووباسە دكتور ئەحمەد روسكی ‌و دكتور كاروان ئیسماعیل بوون.

لەسیمینارەكەدا بەڕێز هێمن هەورامی بەرپەرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دێمۆكراتی كوردستان ئامانج لەپێوەندیی گرتنی سیمینارەكە ‌و ئاستی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان روون كردنەوەیەكی پێشكەش بە بەشداران كرد.

لەم سیمینارەدا لەسەر پرسە گرینگەكان بەڕێز محەممەد نەزیف قادری روانینی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی پێشكەش كرد ‌و هەروەها هەیئەتی حیزبی دێمۆكرات لەگەڵ بەشێكی بەرچا و لەبەشدارانی سیمینارەكەدا را گۆڕینەوەیان لەسەر ئامانجەكانی ئەم سیمینارە كرد.