کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆ بڵێی مێژوو دووپات بێتەوە(عەلی پاڵانی)

16:54 - 16 جۆزەردان 2713

 عەلی پاڵانی

میر بەدرخان لە ساڵی ١٨١٢ لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا فەرمانڕەوایی جەزیرەی دەست کەوت و، نیازی وا بوو کە دەستی تورک لە ناو وڵاتەکەی کۆتا بکا و، بیری لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان دەکردەوە. هەر لەو کاتەدا هەوڵی دا هەموو کوردستان لە ژێر چنگی تورک دربێنێ. بۆ ئەم کارە دوو هەوڵی گرنگی دا: یەکەم ئەوە بوو هەموو میر و دەسەڵاتدارانی کورد لە دەوری یەک کۆکاتەوە، بۆ ئەوەی بە هەموویانەوە پارێزگاری لە ئەم دەوڵەتە بکەن. دووەم بۆ پاراستنی ئەم دەسەڵاتە بیری لە کارخانەیەکی چەکسازی کردەوە. بۆ ئەم کارەش شاری جزیرەی هەڵبژارد و دەستی بە دروست کردن و دامەزراندنی کرد. لەم کات و ساتەدا (فەلەکانی) مەسیحییەکانی شاری بۆتان لێ هەڵگەڕانەوە، میر بەدرخان دەستوبرد بە  لەشکرێکی دەهەزار کەسییەوە شارەکەی خستەوە ژێر دەسڵاتی خۆیەوە. لە ئەم کارەی میر بەدرخان دەوڵەتانی ئورووپایی تورکیەیان(ئەو دەم ئیمۆراتۆری عوسمانی بوو) ئاگادار کردەوە پارێزگاری لەو فەلانە بکات. سوڵتان عبدولحمید ئەمەی بە هەل زانی و پەلاماری ناوچەی ژێر دەسڵاتی بەدرخانی دا و، لە ئاکامدا لەشکری تورک بە شکاوی و شپرزەییەوە کشایەوە. لە شکستی تورکەکاندا میر بەدرخان توانی شارەکانی ورمێ و شنۆ و سابڵاغ و هەتا موسل بخاتە ژێردەسڵاتی خۆیەوە.

تورکەکان بۆ جاری دووەم بە لەشکرێکی زۆر و زەبەلاحەوە هێرشیان کردەوە سەر میر بەدرخان و، بەداخەوە دژمن وەک هەمیشە لە ڕێگای خەیانەتی کورد خۆیەوە ئەمجارە بەرە وقووڵایی کوردستان پێشڕەوی کرد. ئەم کەسەش بەڕێوەبەری لەشکر و  هەروەها خزمی باوەڕ پێکراوەی میر بەدرخان خۆی بوو، بە ناوی (یەزدان شێڕ) بەم شێوە ڕۆژ لە دوای رۆژ لەشکری میر بەدرخان شکستی دەهێنا و، سەرەنجام لە قەڵای ئاروخ میر خۆی قایم کرد. تورک گەمارۆیان دا. دوای ٨ مانگ شەڕکردن فیشەک و خواردنیان نەما و، سەرنجام خۆی و هەر دوو کوڕەکەی بە دیل گیران.
 لە ساڵی ١٨٤٨ حکومەتی تورک میدالی جەنگی کوردستانی بە سەرکەوتووەکانی شەڕ دا.
ساڵی ١٨٧٧ی زایینی تورک و رووس بە شەڕهاتن. حکوومەتی تورک بۆ ئەوەی لە گەلی کورد کەڵک وەربگرێ، کوڕانی بەدرخانی هەڵبژارد. لەبەر ئەوەی لە ناو کورد دا خۆشەویست بوون. حکوومەتی تورک بانگی کەنعان و حوسین پاشای کوڕانی میر بەدرخانی کرد و، بە ناوی ئەوەی شەڕی ئایین و کافر و موسڵمانە و، ئێوەش موسڵمانن لەم خاکە دیفاع بکەن و دژی رووس بجنگن. هەر دوو برا ئەمەیان بە هەل زانی و لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی کورددا پێوەندییان گرت و کە شوێنی باوکیان بگرنەوە و،  شۆڕشێکی تر هەڵگرسێننەوە. لە ساڵی ١٨٧٩ی زایینیدا خۆیان گەیاندە جزیرە و،   سەربەخۆیی میرنشینەکەیان ڕاگەیاند و زۆرینەی خاکی کوردستانیان خستەوە ژێر دەستی خۆیان. تورکەکان چەندین جار لەشکریان کردە سەریان و هەموو جارێ شکستیان دەخوارد.

وەک پەندێکی کوردی هەیە ئەڵی: دەستێک ناتوانی(بای دەی یا پێچی دەی) ماچی بکە. تورکەکان وەک هەمیشە کەوتنە تەکبیری ئەوەی بە شێوەیەکی تر ئەم شۆڕشە کۆتایی پێ بێنن، بەم جۆرە سوڵتان عەبدولحەمید داوای کردچی تر با خوێنی موسڵمانان نەڕێژین و قەوڵی دا مافی کورد بدات و، هەروەها دەستی بە ئازاد کردنی خزمانی بەدرخانییەکان کرد. بەڵام لەسەر مافی کورد تەنها قسە بوو، تورک زۆر بەنەرمی و بە سەرزارەکی مافی کوردی بە ڕەوا دەزانی و بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێ کردنی هەڵگرێ. تا گەیشتە ئەوەی کوڕەکانی میر بەدرخانیان هاوردە سەر وتووێژ و پاشان دەست بە سەریان کردن و خستنیانە بەندیخانەوە و دوای توانەوەی شۆڕشەکەیان ئازادیان کردن، بە مەرجێک لە ئیستامبول نەچنە درەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەردوغان دەیکا ئەڵێی هەمان کوپییە دووبارە دەبێتەوە. جارێک بە ناوی پرسی کوردەوە و، جارێک بە ناوی حەقی خۆ پاڵاوتن و دەنگدانی سەرۆک ئاپۆوە. بەگشتی با بێین بەراوردێک لە نێوان ئەم دوو مێژووەدا بکەین بزانین چەند لە یەک دەچن.
یەک: هەر دوو دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمید و ئەردوغان پایەیان لەسەر ئایینی ئیسلام بووەوە و هەیە. لە هەمانکاتدا ئایینیان کردووەتە کەرەستەی گەیشتن بە دەسەڵات و کەڵک لێ وەرگرتنی دژ ئێمەی کورد. لەبەر ئەوەی ئێمە تاکە نەتەوەیەک بووین کە لە هەموو کەس زیاتر بە ئایینی ئیسلامەوە پابەند بووین هەر بۆیە زۆر جار بەم چەکە لە خشتە براوین. بەڵگەش بۆ ئەمە حیزبەکەی ئەردوغان نزیک بە ٧٠ پارلەمانتاری کوردیان هەیە.

 دوو:  ئەردوغانیش هەروەک سوڵتان هەوڵی دا هەم لە ڕێگای نیزامی وهەم لە ڕێگای نێو دەوڵەتییەوە پێ کۆکۆ (پ.ک.ک) بە چۆکدا بێنێ بەڵام لە هیچکامیاندا سەر نەکەوت و سەرەنجام داوای وت و وێژی کرد هەر وەک سوڵتان چۆن کرد بووی.

 سێ:  قسە نەرم و سەرزارەکییەکانی ئەردوغان هەر لە قسەکانی سوڵتان دەچێ، بەبێ ئەوەی بەڕەسمی حکومەتەکەی ئەردوغان بڵێ بەم شێویە پرسی  کورد چارەسەر دەکەین.
چوار: هاتنە دەرەوەی پەیامی کەسێکی بەندکراو، گومانی تێدا نییە هەر دەبێ جێگای پەسەندی ئەو حکومەتە بێ کە کەسی بەندکراوی لە ژێر دەست دایە. ئەگەر واش نەبێ بەشێوەیەک دەستکاری دەکەن کە جێگای پەسەندی خۆیان بێ. وا دیارە زۆر بە دڵی ئەردوغان و ئەندامانی حیزبەکەی  نووسراوە و بە جوانی خوێندراوەتەوە و، پێش هاتنە دەرەوەی جێگای ڕەزامەندی دەوڵەتی تورک بووە.  وەک ئەوە وایە هەمان ڕستەی سوڵتانە، دوبارە نووسراوەتەوە کە ئەڵێ چیتر با خوێنی موسڵمانان نەڕێژین، بەڵام لەسەر چ ئەساسێک خوێن نەڕێژدرێت؟  
پێنج: بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی بە ناو ئاشتی، تەنیا کورد یەک لایەنە هەنگاوی بۆ هەڵگرتووە و بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکان پابەند بووە. ئێستا تۆپەکە لە ناو یاریگای تورک دایە، بەڵام بەداخەوە لایەنی بەرانبەر (تورک) بەنەرمی و بە سەرزارەکی لێرە و لەوێ باسی کێشەکە (پرسەکە) دەکات، نە بەڕسمی پرۆژەی جێبەجێ کردنی چارەسەری پرسی کورد ڕادەگەیەنن، نە هیچ هەنگاوێکی بە ڕوونی بۆ هەڵدەگرن. لە هەموو سەیرتر ئەوەیە، داگیرکەر و بێگانەی خاکی کورد ئەڵێ بە خاوەن ماڵ تۆ بڕۆ دەرەوە .

 بەڕاستی جێگای پرسیارە ئەگەر دەوڵەتی تورک ئەیەوەی چارە سەری پرسی کورد بکا، بۆ دەبێ لایەنی بەرانبەر و خاوەنی کێشەکە لە ماڵی خۆی دەربکا و بڵێ مافی ئەدەم. ئەرێ ئەمە چ جۆرە مافێکە جنابی ئەردوغان بە گەلی کوردی دەدا؟ هەتاکوو ئێستاش لەلایەن کورد خۆشییەوە ڕونە نییە داوای چ جۆرە مافێک دەکا. خودموختارییە، فدرالیزمە، کۆنفدراڵە یان سەر بەخۆییە. بە هەمان شێوە لەلایەن تورکەکانیشەوە بە ڕەسمی دیار نییە چۆن چارە سەری پرسی کورد دەکات.
بێ دەنگ کردنی ئاگری چەکەکان تەنها لەلایەن کوردەوە بێ دەنگ کراوە. چەکەکانی تورک تا ئێستا بە ڕەسمی بۆ دژی کورد بی دەنگ نەکراوە. نموونەشمان دوێنی ٣/٦/٢٠١٣ پەلاماری شەڕخوازانەی ئەرتشی تورک بوو بۆ سەر گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە کاتی جێهێشتنی سنوورەکان بە قەوڵی تورک.
ئەوەی من لێ دەترسم درێژ کردنەوەی ئەم پرۆسەیە بە ناوی ئاشتییەوە واتە بە کورتی و بە کوردی بە دەمەوە گرتنی کورد تا ئارام بوونەوەی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پاشان بە دۆزینەوەی بییانوویەک مەسئەلەکە بووەنەوە دۆخی جارانەوە، یان خۆ بە شتێکی زۆر بچووک بڵێن مافی کوردمان داوە بۆ ئەوەی کورد نەتوانێ لەم هەلوومەرجە کە ئێستا هاتووەتە پێشەوە بە ئامنجەکانی بگات.
ئەوەی هەتا ئێستا کورد قازانجی لێوە کردووە گۆڕینی بیر و ڕای جیهانییە بۆ لای خۆی کە گەلیکی ئاشتی خوازە و ئەیەوەی لە ڕێگای ئاشتییەوە پرسەکەی چارە سەر بکرێت. و لە هەمان کاتیشا فشارە نیو دەوڵەتییەکەی لە سەر تورکییە توند کردوە. دەست کەوتێکی دیکەی ئەم هەنگاوە ئاشتیانەی پ ک ک هەڵگرتنی لە ناو لیستی تروورستی ئۆرووپای یەکگرتوو دا کە بە ناڕەوا لە ڕێگای فشاری ئابوری و سیاسی تورکییەوە بە سەر ئەم پارتە داسەپا بوو. هەموو ئەمانە دڵخۆش کەریش نیین چونکە لەم چەشنە لە مێژوو دا زۆر هاتووەتە پێشەوە بەڵام بە قەرارێکیتر دووبارە دژی کورد بوەتەوە. نموونەمان پەیمانی سیفەرە لە ساڵی ١٩٢٠ دا هەر پاش سێ ساڵ لە لۆزان هەڵوەشایەوە.
بۆیە لە کۆتاییدا هیوام وایە ئەم پیلانەش وەک پیلانەکانی سوڵتانەکان نەبێ و، تورکەکان بۆ چارە سەری پرسی ڕەوای  گەلەکەمان هەنگاوی جیدیان هەڵگرت بێت. هەروەها هیواداریشم نوێنەرانی کورد بە وریایی و هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ  ئەم پرسەدا بکەن نەکا هەمان پیلانەکانی ڕابردوویان بێ. 

 س: شەرەفنامەی شەرەفخانی بدلیسی وەرگێڕدراوی مامۆستا هەژار
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە