کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نەكردن لە هەڵبژاردنەكان تۆران نیە!! (هێرش پاڵانی)

22:36 - 23 جۆزەردان 2713

هێرش پاڵانی

جار و بار لێرە و لەوێ دەبیستم كە كەسانێك بە دەنگێكی بە گلە و بیانووی سەیر و سەمەرەوە دەڵێن، خەڵكی كوردستان بۆیە هەقیانە لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگ بدەن چۆن حیزبە كوردییەكان كە داوای بایكوت دەكەن خۆیان یەكگرتوو نین! یان بۆیە بەشدار دەبن تا دەنگی كورد بە شێوەی مەدەنی بگەیەنە گوێی كار بەدەستانی (گوێ فرە گرانی) رێژیم، یان قەبیحتر لەهەموو ئەوانە دەڵێن ئەی تۆران لە هەڵبژاردن چ قازانجێكی بۆ خەڵكی كوردستان هەیە!!

منیش لەگەڵ شاملووی رەحمەتی دەڵێم : دونیایەكی سەیرە گوڵم! نازانم بۆ مەگەر لافاوی خێر و بەرەكەتی هەڵبژاردنەكانی پێشووی رێژیم ناوچەكانی دیكەی ئێرانی رازاندۆەتەوە و، حیزبە كەلە رەق و خێر نەویستە‌كوردییەكان، پێشییان بەم خێر و رەحمەتەی ئیسلامی نابی محەممەدی بۆ كوردستان گرتووە؟

ئەرێ بەراستی بە نەزەری ئێوە خەلكی كوردستان خۆیان پێ لایقی ئەو بێ رێزی و بێ‌مافییە كە هەر كە كات بانگی كەن ‌بۆ سەر سەندووقەكانی دەنگ بێ ئەوەی بزانن بۆ دەنگ دەدەن، بۆ كێ دەنگ دەدەن ، بێ ورتە لەسەفی دوور و درێژدا رادەوەستن و حەماسە بۆ شوانی ئوممەت دەخولقێنن؟ هەر بە راست خەڵكی لایقی ئەوەن كە بە سەغیر و ناباڵغ و بە بەشێك لە (ئوممەتی هەمیشە دەرسەحنە) بزانرێن؟ هەر بە راست ئێوە پێتان وایە، ئەم خەڵكە هەر لایقی ئەم چارەنووسەن و دەبێ شوكرانە بژێر بن و، گەر ناشوكر بن و نەچنە سەر سندووقەكان و لەبەیك نەڵێن، لایقی نفرەتی خودا و مێژوو وەلی ئەمرن؟؟
بە بارێكیتردا، ئەرێ ئێوە و ویژدانتان، لە ماوەی ئەوە ٣٠ و چەند ساڵەی حاكمییەتی ئیمام و توخم و تۆرمەكەیدا، ئەوە هەر مافی حیزبە كوردییەكانە بە تەنیا زەوت دەكرێ، كەرامەت و حورمەتی ئەوانە هەموو دەم و سات دەستدرێژی دەكرێتە سەر، یان ئی پیاو، ژن، لاو و پیر و... خەڵكی ئێران بە گشتی و كوردستان بە تایبەتپ؟ ئەوانە رۆلەی كێن هەموو رۆژە لە سایەی ئەم تۆرمە عەنتیكەدا، برسی، بێكار، موعتاد ، زیندان، ئەشكەنجە و بە سەدان و هەزاران بە هۆی داداشراو ئیعدام دەكرێن، ئیی خەڵكن یان حیزبەكان؟؟

دونیایەكی بە راستی سەیرە گوڵم!! دۆستان خەڵكی كوردستان ئەوەندەش ساویلكە نین و حافزەی مێژوویان ئێستاش بەباشی یارمەتیان دەدات و دەزانن نازانن ئاخوند هەر ئاخوندە، بێ عەبا، یان بە عەبە، پێبكەنێ یان رووتاڵ و خوێن تاڵ بێ، چاك بەزم یان خراپ رەزم؟ مەگەر هەر دوێنێ كۆمەڵێك كەس چرا سەوزیان بۆ خاتمی نیشان نەدا و رۆژی دواتر بۆ لایەكی دیكە سووڕانەوە، چیتان پێبڕا؟ تۆ سەری خۆتان ئەوەی دەستان كەوت لەگەڵ خەڵكی كوردستان بەشی مەكەن!! شانازییە با هەر پیرۆزی خۆتان بێت.

نازانم مرۆڤ دەبێ چەندە روو قایم بێ، ئەو هەموو مەرگ و ماڵوێرانی و خەبات و خوێن و رۆژ رەشیەی لە بیر بچێتەوە. هەر دوێنێ بە مەرگی سووری قاسملوو، شەرەفكەندی و كەمانگەرەكان رێژیم سوێندی خوارد هەتا سەر بە خوێنی كورد تینوو بمێنێتەوە و هەرچی لەدەستی دێ درێغی نەكات. ئەلحەق و وەڵئەنسافیش ئەو‌بە سوێندی خۆی هەر وەفادارە!! بەڵام خەڵكی كوردستانیش بەڵێنیان نوێ كردەوە كە (ئیدی ئیزن نەدەن دەستی دزیان بچێتە نێو گیرفانەوە) بۆیە هەر دوێنێ كەسك پۆشان وتیان دەنگەكانمان كوا، خەڵكی كوردستانیش یەكدەنگ وتیان لای ئیمام و وەلی فەقیتانە.
یان سەیرتر لەهەموو ئەوانە دەڵێن تۆران لەهەڵبژاردن سوودی نیە!! بۆ (نا) گوتنی یەكدەنگ و یەكگرتوانەی نەتەوەیەك سوودی نیە؟ یەكەم و گەورەترین سوودی ئەم بایكوتە یەكدەنگی نەتەوە‌یی نیشان دەدا، شتێك كە كورد پتر لەهەر شت پێویستی پێ هەیە.

رەشەكانی ئافریقا رێژیمی ئاپارتایدیان هەر بەم تاكتیكە هێنایە سەر‌چۆك و ریزەكانی خۆیانیان قایم و پتەو كرد و لە ئاكامدا وەك گەلێكی وریا بوونە خاوەنی دەسەڵات و ئازادی. رووسووری و سەربەرزی كورد تا رۆژی ئەورۆش هەر بۆ ئەوە هەڵوێستە ئازیانەی دەگەڕێتەوە كە لەماوەی ئەو ٣٠ ساڵەدا نای بڵیند و نەترسانەیان بە ستەم و كۆنەپەرەستی وتووە و نرخیان بۆ ئەو شانازیانش‌داوە و دڵنیام كە ئێستاش‌لە كەسی قبووڵ ناكەن كە بەرهەمی خوێن و خۆراگریان بۆ بزەیەك هەرزان فرۆشی بكا.

لە كۆتاییدا من دەڵێم بەشداریی نەكردن لەم گاڵتەجاری ڕێژیمدا تۆران نیە، ئەوە دەنگی بڵیندی خۆڕاگری و وشیاری نەتەوەیەكە كە بێ رێزی بە ماف و كەرامەت و داواكانی قبووڵ ناكات و بە دۆست و دوژمن نیشان دەدات كوردستان هەردەم سەنگەری ئازادی و مافخوازیە و لە بەر دەم هیچ فێڵ و تەڵەكەیەك دا بە چۆكدا نایە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە