کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا داوای لە ئێران کرد رێوشوێنی کاراو و خێرا لەمەڕ متمانەسازی بگرێتە بەر

23:49 - 18 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا خوازیاری راگرتن و گرتنەبەری رێوشوێنی خێرا و کارا لەمەڕ پێکهێنانی متمانە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوەن.


وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە رێژیمی ئێران کردووە کەلە رەوتی دانووسانەکان لەگەڵ شەش زلهێزی جیهان لە بەغداد، رێوشوێنی توندوتۆڵ لەمەڕ دروست کردنی متمانە لە ئاشتیخوازانە بوونی بەرنامە ناوکییەکەی بگریتە بەر.
ئەمە لەحاڵێک دایە کە وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا خوازیاری راگرتنی چالاکییە ناوکییەکانی رێژیمی ئێرانە.
رابێرت ڤوود، نوێنەری ئەمریکا لە کونفڕانسی نێودەوڵەتیی ناوکیی لە ڤییەن ئەو بابەتەی وروژاندووە و گوتوویەتی، ئەمریکا هەر وەکوو رابردوو نیگەرانی پێ‌بەند نەبوونی رێژیمی ئێران بە بەڵێنییە نێودەوڵەتییەکان لە بواری بەرنامەی ناوکی دایە.
ئەمە لە حاڵێک دایە ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیە، خوازیاری راگرتنی پیتاندنی ئورانیۆم لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بوون.
حەوتووی رابردوو لێپرسراوانی رێژیمی ئێران رایانگەیاندووە: ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لانی‌کەم بەشێک لە گەمارۆکان لە دژی ئێران هەڵنەوەشێننەوە، بە دووری دەزانن کەش و دۆخی متمانە بە بەرنامەی ناوکیی ئێران بێتە ئاراوە.
ئەو مەرجەی رێژیمی ئێران لە حاڵێکدا دێتە ئاراوە کە لە کاتی نەبوونی تەحریمەکانیشدا هیچ هەوڵێکی لەمەڕ لابردنی شک و گومانەکان نەداوە.