کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەبنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات رێز لەیادی ٢٥ی گەلاوێژ گیرا

17:43 - 25 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران رێوڕەسمێك لەبنكەی دەفتەری سیاسیی لەشاری كۆیە بەڕێوە چوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێوڕەسمەكە رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٥ی گەلاوێژ بە بەشداریی ئەندامانی رێبەری، پێشمەرگە، بنەماڵە و ئەندامانی حیزبی دێمۆكرات و هەروەها نوێنەری دەزگاكانی راگەیاندن، حیزبە سیاسییەكان و میوانانی هێژا بەڕێوە چوو.
سەرەتای رێوڕەسمەكە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەكێك بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد.
دواتر ٦٨ كەس لەپێشمەرگە و بنەماڵەكانی (ژن و پیاو) حیزبی دێمۆكرات بە نیشانەی رێز لێنان لە خەبات و تێكۆشان و هەروەها نیشاندانی وەفاداری بە رێبازی دێمۆكرات بە، بە دەستەوە گرتنی ئاڵای كوردستان بانگ كرانە سەر سن\'\'ـی هۆڵەكە.
پاشان محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات بە بۆنەی ئەو رۆژەوە چەند وتەیەكی پێشكەش كرد.
قادری سەرەتا ئاماژەیەكی بە مێژووی دامەزرانی حیزبی دێمۆكرات كرد و وتی: لە رۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی پاش ٣ ساڵ خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی، كۆمەڵەی ژ ـ كاف، رۆڵە تێكۆشەرەكانی كورد بە رێبەری پێشەوا قازی محەممەد، بە لێكدانەوەیەكی سیاسی، لەسەر رەوشی سیاسی ئێران و كورد بە تایبەت دوای ئەو بارودۆخە سیاسییە كە لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی دا، ئێران و كوردستانی گرتبۆوە بە خوێندنەوەیەكی مۆدێڕن بە پێكهێنانی حیزبی دێموكرات، بزوتنەوەی كوردی خستە سەر رێبازێكی نوێ‌و رێبەرێكی بە كۆمەڵ.
محەممەد نەزیف قادری وتیشی: شوێن دانەری پێشەوا قازی محەممەد، لە بزوتنەوەی نیشتمانی كوردستان و گەشە كردنی خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی حیزبی دێموكرات، كەشێكی لەباری بۆ گەیشتنی گەلی كورد بە ئامانجە لەمێژینەكانی رەخساند. ئەوە بوو كە پێشەوا قازی محەممەد ئەم دەرفەتە لەبارەی قۆزتەوە و بە پێی بەرنامەیەكی سیاسی لە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی كۆماری كوردستانی وەك یەكەم دەسكەوتی سیاسی و نەتەوەیی گەلی كورد و حیزبی دێموكرات، راگەیاند.
ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات ئاوڕێكی لە دۆخی هەر كام لە پارچەكانی كوردستان دایەوە و لە پێوەندیی كوردستانی رۆژهەڵاتدا وتی: لەكوردستانی ئێران، سەرەڕای هەوڵەكانی رێژیم بۆ بەچۆك داهێنانی گەلی كورد و حیزبە شۆڕشگێرەكانی، خەبات هەروا بەردەوامە و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە گرتنەبەری هەڵوێستی سیاسی شیاو و كەڵك وەرگرتن لە هەموو شێوەكانی خەبات و هەڵبژاردنی تاكتیكی گونجاو لەگەڵ بارودۆخی سیاسی وڵاتەكەمان و كوردستان هەنگاو هەڵ دەگرێ‌.
لەبڕگەیەكی دیكەی مەڕاسمەكەدا سروودێك لەژیر ناوی بژی دێمۆكرات لەلایەن كۆڕی موزیكی حیزبی دێمۆكراتەوە پێشكەش كرا و دواتر پەیامی هاوبەشی رێكخراوەكانی یەكیەتی ژنان، لاوان و خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن كەنێر مێهفەڕەوە خوێندرایەوە.
پاشان رێژگە بەهرامی پەخشانێكی خوێندەوە و دواتریش ژمارەیەك گورانی فلكلۆر لەلایەن كۆری موزیكەوە پێشكەش كرا.
رێوڕەسمەكە بە شایی و گۆڤەندەوە كۆتایی پێهات.
ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانە پەیامی پیرۆزباییان بۆ رێوڕەسمەكە ناردبوو:
ـ پارتی دێمۆكراتی كوردستان، لقی ٢٤‌ی سەفین لێژنەی ناوچەی كۆیە

ـ یەكیەتیی نیشتمانی كوردستان، مەكتەبی رێكخستن مەڵبەندی ١٤ی رێكخستنی كۆیە

ـ بزووتنەوەی گۆڕان مەكۆی كۆیە

ـ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لقی كۆیە

ـ پارتی سوسیالیستی كوردستان، باكوور

ـ ئەنجومەنی پەنابەرانی سیاسیی ئێرانی لە سلێمانی

ـ سەندیكای ئەندازیارانی كوردستان

ـ مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی كوردستان

ـ مەكتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

ـ ناوەندی رێكخراوە دێمۆكراتیكەكانی یەكیەتی نیشتمانی

ـ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی كۆیە

ـ مەكتەبی رێكخستنی حیزبی شیوعی لە كۆیە
هەر لەو پێوەندییەدا و بە بۆنەی ٦٨ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێمۆكرات ژمارەیەك لە لایەن و حیزبە سیاسییەكان چەپگە گوڵیان پێشكەش بە رێوڕەسمەكە كردبوو كە بریتین بوون لە:
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كۆیە ـ پارتی دێمۆكراتی كوردستان، لقی ٢٤‌ی سەفین لێژنەی ناوچەی كۆیە ـ یەكیەتیی نیشتمانی كوردستان، مەكتەبی رێكخستن مەڵبەندی ١٤‌ی رێكخستنی كۆیە ـ بزووتنەوەی گۆڕان مەكۆی كۆیە.