کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێکی قارەمانی نەتەوەی ئازەری پاش ٣٠ ساڵ برینداری کۆچی دوایی کرد

22:33 - 9 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: ژنێکی قارەمانی ئازەری زمان، بەناوی \'\'بوڵبوڵ عەزیزی\'\' لە ناوچەی ورمێ پاش ٣٠ ساڵ برینداری کەوتن لەسەر جێگا، کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی \'\'بوڵبوڵ عەزیزی\'\' خەڵکی گوندی \'\'نەناس\'\'ی ناوچەی \'\'دۆڵ\'\'ی ورمێ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی پاش عەمەلیاتێکی سەرکەوتوانەی هێزی شەهید \'\'سمکۆ\'\'ی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لە گوندی نەناس، دوژمن کوژراو و بریندارێکی زۆری لێ کەوتەوە. پاشان هێزەکانی رێژیم و دەست و پێوەندییەکانیان کە توانای بەربەرەکانێیان لەگەڵ هێزەی پێشمەرگەی کوردستان نەمابوو، هێرشیان کردە سەر بنەماڵە و کەس و کاری پێشمەرگەکان و خوشکە \'\'بوڵبوڵ عەزیزی\'\'یان کە دوو براو و برازایەک و هاوسەرەکەی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون، لە کاتی نان کردندا دایە بەر رەهێڵەی گوللە.
لەم هێرشەدا \'\'بوڵبوڵ عەزیزی\'\' ٣٠ گوللە لە لەشی کەوت و هەر بەو هۆیەوە هەتا ئێستا پاش ٣٠ ساڵ لەسەر جێگا کەوتبوو.
بوڵبوڵ عەزیزی ژنێکی قارەمانی نەتەوەی ئازەری و هاوژینی مستەفا عەبدیل‌زادە برای شەهید حوسێن عەبدیل زادە بوو.
لە کۆتایی‌یەکانی ژیانیدا کە بارودۆخی تەندروستیی بەرەو خراپتر بوون دەڕۆیشت، خەڵکی بە وەفا و بە ئەمەگی ناوچەی دۆڵ بە لێشاو سەردانیان دەکرد و لە بارودۆخی خوشکە \'\'بوڵبوڵ\'\'یان دەپرسی.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خوشکە بوڵبوڵ دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.
رۆحی شاد