کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی کوردستان لەژێر رەهێڵەی ئاگر/ رێژیم پێش بە کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەگرێت

18:04 - 2 جۆزەردان 2712

کوردستان میدیا: بەهاتنی وەرزی گەرما، هۆکاری مرۆیی ئەنقەست و غیرە ئەنقەست، دەبنە ئامرازێک بۆ سووتانی دارستانەکانی کوردستان.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕ کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ٣١ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، شاخەکانی دەوروبەری شاری نەوسوود بە ناوەکانی پەروینی، قەڵاگا و دەرەتفێ سووتاوە و لە ئاکامدا ئاگرێکی گەورە شاخەکانی ئەو ناوچەیەی گرتۆتەوە.
بەپێی وتەی دانیشتوانی ناوچەی نەوسوود، هەنگی مەرزیی هێزی ئینتزامیی رێژیم، جێگیر لە پاسگای سەر سنووری ناسراو بە وەنە و بەننەنی (تەک درەخت)، ئاگریان لەو شاخانە بەرداوە.
1050.jpg


بەپێی ئەم راپۆرتە، خەڵکی شاری نەوسوود و گوندەکانی دەوروبەری بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە روویان لە ناوچەکە کردووە و سەرەڕای ئەوەی کە هیچ ئیدارەیەکی رێژیم لەمەڕ کوژاندنەوەی ئاگرەکان یارمەتییان نەداون، بەڵکوو بەربەستییان بۆ دروست کردوون هەتا نەتوانن ئاگرەکە کونترۆڵ بکەن.
هەروەها لە رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩١ی هەتاوی، شاخەکانی دەوروبەری ناوچەی نەوسوود بۆ جاریکی دیکە ئاگریان گرتووە و هەتا کاتی گەیشتنی ئەم هەواڵە ئەو سووتانە درێژەی هەیە.
لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا لە شاری جوانڕۆ، لەلایەن دوو کەسەوە ئاگر لە شاخێکی لای ئەو شارە بەر دراوە و کەسێکی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە هەوڵێکی خۆڕسکدا بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە رەوانەی شاخەکە دەبێ کە پاش ماوەیەک چوار کەس لە نێو ماشینێکی جۆری جیپدا دادەبەزن و پاش لێدان و بێ‌حورمەتی پێکردن، پێش لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەگرن و لە کۆتاییشدا هەڕەشەی رفاندن و بێ سەروشوێن کردن لە ئەگەری دووپات کردنەوەی ئەو کارەی لێ دەکەن.

1049.jpg


هێندێک لە خەڵکی دانیشتووی سەر سنوورەکانی کوردستان لەو بڕوایە دان کە هێزە نیزامییەکانی رێژیم بە بیانووی ئەوەی کە هێزە چەکدارەکانی دژبەری رێژیم خۆیان لە نێو ئەو دارستانانەدا حەشار دەدەن، ئاگریان تێبەر دەدەن و ئیزنی کوژاندنەوەی ئاگرەکان لەلایەن خەڵکەوە نادەن.
لە چەند ساڵی رابردوو لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا کۆمەڵێک رێکخراوی مەدەنیی ژینگەپاریزی بۆ ئەم مەبەستە دامەزراون و چالاکییان نواندووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە ئەو رێکخراوانە بە شێوەی فرمی و بە مۆڵەتەوە چالاکییان کردووە، ئەندامانیان لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر دەکرێن و پاش پەروەندە سازیی قەزایی، راپێچی بەندیخانەکان دەکرێن کە وەکوو نموونە دەتوانین ئاماژە بە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بکەین.

راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران