کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درەوشانەوەی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا

22:57 - 28 خەزەڵوەر 2723

سمایل شەرەفی

"ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ڕۆڵەکانمانە لە شۆڕشی ژینادا. شەهیدبوونیان پیرۆز بێت، ڕێگایان بەردەوامە. ئێمە دایکانی شۆڕش بە هیچ جۆرێک لە خوێنی ڕۆڵەکانمان ناگوزەرێین. تا دوا هەناسەمان دادخواهی خوێنی بەناحەقڕژاوی ڕۆڵەکانمانین بە دەستی ڕێژیمی جمهووریی ئیسلامی ئێرانەوە. ڕێگای شەهیدەکانمان پڕ ڕێبوار بێت. ناسرەوین، نابەزین، سەردەکەوین".

ئەمە قسەی دایکی یەکێک لە شەهیدەکانی شۆڕشی ژینایە کە لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کوڕەکەی و کۆمەڵێک لە شەهیدەکانی دیکەدا و لە کۆڕێکی دایکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینادا کردنی. بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی لەگەڵ ئەوەی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڕێی ئازادی و سەربەستی لەبیر ناکەن، بە باوەڕەوە شانازی بە خۆیان و ئەو ڕێگایەوە دەکەن لە ئەوان گیانیان لەپێناویدا بەخت کردوە. ئەوان لەبیری ناکەن کە ڕێژیمێکی سەرکوتکەری دژبە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان، "بەناحەق" خوێنی ڕۆڵەکانی ئەوانیان ڕشت و هەروا بەئاسانیش نەتەنیا لە خوێنی ڕۆڵەکانیان چاوپۆشی ناکەن، بەڵکوو لێپرسینەوە و بەدواداچوون دەکەن و کۆماری ئیسلامی ئێران بە بکوژی ڕۆڵەکانیان دەزانن. بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی کوردستان کە دەرکیان بە ماهییەتی دژیگەلیبوونی ئەم ڕێژیمە و وڵامدەرنەبوونی بەرانبەر بە ویست و داخوازی و "دادخواهی" کردوە، نەسرەوتن و نەبەزینیان وەک تەنیا ڕێگای سەرکەوتن هەڵبژاردوە و بە دەنگێکی بەرز دەیڵێنەوە "ناسرەوین، نابەزین، تا سەردەکەوین".

مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ هەتاوی (ساڵی پار) بۆ کوردستان لوتکەی ڕاپەڕێنێکی مافخوازانەی جەماوەریی پڕ لە گیانفیدایی بوو، لەم مانگەدا گشت شەقامی شارەکانی کوردستان جمەی دەهات لە ئیرادەیەکی یەکگرتووانەی جەماوەری. خەڵکی کوردستان لە درێژەی ڕەوتی شۆڕشی ژینادا و لە مانگی خەزەڵوەردا شەقامەکانیان کردبوو بە سەنگەرێکی جەماوەری دژ بە سیاسەتی سەرکوت و دیکتاتۆری. شەقامەکانی کوردستان هیوا و هومێدێکی دیکەی بە شۆڕشەکە بەخشیبوو. شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران بە چاوی هومێدەوە لە کوردستانیان دەڕوانی و کوردستان بۆ تاران و شارەکانی دیکەی وڵات ببوو بە "چاو و چرا". هەر لە تاران و شارەکانی دیکەوە ئاواتیان بە ئیرادەی بەرز و یەکگرتووانەی کوردستان دەخواست و لەو باوەڕەدابوون کە "ئەگەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەوانیش وەک کوردستان بێت، ئێران دەبێتە گوڵستان". کوردستان ببووە وێردی سەر زاران و ئاواتی شاران.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە نەتەنیا قەت چاوی بینینی کورد و کوردستانی نەبووە و بە پێی سیاسەتی دژیگەلیانەی هەمیشە هەوڵی‌ ناشیرین نیشاندانی ئەم خاک و نەتەوە هوشیار و مافخوازەی داوە، بە ئاشکرا دەیدیت کە کورد و کوردستان بۆتە کلاسی شۆڕش و نموونەیەک بۆ دەربازبوونی هەمیشەیی لەژێر سێبەری ڕەشی ئەودا. بۆیە ڕێژیم لە نیوەی هەمان مانگی خەزەڵوەردا ماشێنی سەرکوت و کوشتاری خۆی خستەکار و بە وەڕێخستنی دەیان هەزار هێزی سەرکوتکەر لە شوێنەکانی دیکەوە ‌هێرشیان هێنایە سەر شۆڕشگێڕانی سەر شەقامەکانی کوردستان و لە ماوەی دوو حەوتوودا بە سەدان کەسیان لە لاوانی بەهەست و دڵ پڕلە هیوا و هومێدی ئەم نیشتمانە لە شارە جیاجیاکانی کوردستاندا شەهید و بریندار کرد.

لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ئەم شەهیدانەی شۆڕشی ژینادا، دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم ئیزنیان نەدا بنەماڵەکانیان و خەڵک بە ئامادەبوونیان لەسەر گڵکۆی شەهیدەکان، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەیان بۆ بگرن. بەڵام بنەماڵە ئازا و چاونەترسەکانیان بە کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر، بەپۆشینی جلوبەرگی تایبەت و سیمبولیک و بە کەلکوەرگرتن لە هێما نەتەوەیی و تایبەتییەکانی وەک ئاڵای کوردستان، جامانە و هەوری، یاد و بیرەوەریی شەهیدەکانیان بەرز ڕاگرت.

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ماوەی یەک‌ساڵی ڕابردوودا بە دەیان جار بە زمانی هەڕەشە و گوڕەشەوە هەوڵیان داوە، بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بێ‌دەنگ بکەن؛ پێیان گوتوون مافی ئەوەیان نیە لەسەر گڵگۆی شەهیدەکان کۆڕوکۆبوونەوە بکەن، پێیان وتوون ئەگەر فیلم و ویدیۆی ڕێوڕەسمەکانیان بۆ میدیاکان بنێرن و بڵاویان بکەنەوە لێپرسینەوەی توندیان لەگەڵ دەکەن، هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێ وەک بنەماڵەی شەهیدان لە دەوری یەک کۆببنەوە و وتار بدەن و سروود و گۆرانی بڵێن، تەنانەت هێندێکیان بانگ کردوون و تەماحی ماددی و ئیمتیازی جۆراوجۆری وەبەر ناون کە شەهیدبوونی شەهیدەکانیان بۆ جۆرێکی دیکە و پێچەوانەی ئەوەی بووە باس بکەن و بگێڕنەوە. بەڵام ئەوەی لە ماوەی یەک ساڵ و چەند مانگی ڕابردوودا لە کەس و کار و بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بینراوە و بیستراوە، درەوشانەوەیەکی پڕ لە شانازی و شکۆیە.

ڕەفتار و هەڵوێستی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا جێگە و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە. لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا و بەتایبەت لەو قۆناغەدا کە کپی و ڕاوەستانێک بە شۆڕشەکەوە دەبیندرا و بەرەی "ئۆپۆزیسیۆنی فرسەتەڵەبی ئێرانی" لە فازی بێهیو‌اکردنی خەڵکدا بوو، ئەوە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بوون کە بە پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە و ڕاوەستان بەرانبەر بە هەڵوێست و سیاسەتەکانی ڕێژیم، لە هەوڵی زیندووڕاگرتنی شۆڕش و دڕدان بە کەشی ناهومێدیدا بوون.

لەم پێوەندییەدا جێی خۆیەتی تایبەتی ئافەرین بنێرین بۆ ئەو دایک و خوشک و ژنانەی وەک کەس و کاری شەهیدان لە ڕیزی پێشەوەی ئەم هەڵوێستانەدا بوون و بە ڕەفتار و دەرکەوتنی ژیرانە و تەژی لە پەیامی تایبەتیان بۆ دۆست و دوژمن، لە شۆرشی "ژن، ژیان، ئازادی" دا وەک شایانی خۆیانە درەوشانەوە.